بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ڕۆژی هەینی ٢١ ی شوبات لە ڕاگەیاندراوێكدا دەڵێت: "کاروانێکی سەربازیی نوێی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی گەیشتنە بنکەی قەسرەک لە لادێكانی حەسەکەی كوردستان".
ڕوانگەی سووری دەشڵێت: كاروانەكەی هاوپەیمانان لە هەرێمی كوردستانەوە چوونەتە خاكی سووریاوە و پێکهاتوون لە ٣٦ بارهەڵگر کە سندووقی داخراو، ساردکەرەوە، چەک و تەقەمەنی، سندووقی بەندکردن، تانکی سووتەمەنی و زرێپۆش کە لە دەروازەی ئەلوەلیدی سنووری، هاوکارییە سەربازییەکانی گەیاندووەتە بنکە سەربازییەکانی باکووری سووریا.
بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەكە، ئەوەش لە چوارچێوەی بەردەوامیی بەهێزکردنی بنکە و پێگە سەربازییەكانی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دێت، کە بوونی سەربازیی هێزەکانی ئەمریکا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا زیاتر دەکات.
ئەم کاروانە لە کاتێکدا ڕەوانەی سووریا دەکرێت، هەفتەی ڕابردوو لە ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەوانی ئەمریکیدا ئاماژە بەوە دەکرێت کە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا پلانێکی کشانەوەی بۆ سێ مانگ، یان شەش مانگ داناوە بۆ کشانەوە لە سووریا.
Your Comment