مامۆستایانی مانگرتوو دوای ۱۵ ڕۆژ، مانگرتنیان هەڵپەسارد

نوێنەری مامۆستا و فەرمانبەرانی مانگرتوو ڕایگەیاند: مانگرتووانی سلێمانی کە ۱۵ ڕۆژە مانگرتنیان ڕاگەیاندووە، مانگرتنەکەیان هەڵپەسارد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمڕۆ سێشەممە مامۆستا هادی حەمە ڕەشید نوێنەری مامۆستایانی مانگرتوو لە سلێمانی، وتارێکی پێشکەش کرد و وتی: "بڕیارمانداوە مانگرتن هەڵپەسێرین، بەڵام ئێمە هەر بە پێوەین، فشارەکانی ئێمە توانی دۆخەکە بگۆڕێتگ. دەقی وتارەکە بەمشێوەیە:

هاونیشتمانیانی کوردستان

خانمان و پیاوانی مانگرتوو

سڵاوی خۆڕاگری و پشوودرێژیتان لێبێت..

لێرەوە سەربەرزانە دەمانەوێ پێتان ڕابگەیەنین، کە هەڵوێستی مرۆڤانە و لەخۆبوردووییتان بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی، نەک تەنها خۆتان، بەڵکوو بۆ کۆی چین و توێژەکانی هاوشێوەتان، بۆ سەدان هەزار مرۆڤ لە کۆمەڵگەی کوردی، مامۆستا، فەرمانبەر و مووچەخۆر، بۆ هەموومان هەڵوێستێکی مێژوویی لەبیرنەکراو و، جێگەی شانازی و، شانازی پێوەکردنیشە.

ئێوەی مانگر و خۆراگر، بەم کار و چالاکییە مەدەنییەتان، سەرکەوتوو بوون، نەک تەنها لە گەیاندنی پەیامەکەتان بۆ ناو دڵی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان، کە بە لێشاو لە شار و شارۆچکە جیاوازەکانەوە لەبەر میحرابی جوامێریتان ئامادەییان پێشاندا، بەڵکوو بەو شێوازە مرۆڤدۆستییەشتان پەیامەکەتان بە دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێم و حکوومەت و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش گەیشت، وێڕای ئەوەی دەنگی دلێرتان بە گەورەترین دامەزراوەی جیهانی، نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ڕێگەی نوێنەریانەوە لە بەغدا گەیشتووە و لەپاڵ ئەوەشدا توانیتان بەم چالاکییە نەوعیەتان هەموو دەنگ و ڕەنگ و ئاراستەکانی کۆمەڵگە کۆ بکەنەوە کە ئەمەش دەستکەوتێکی گرنگە بۆ ئێوە.

دوای ٣٤ ساڵ لە ئەزموونی حوکمرانی هەرێم، نەریتی مانگرتنتان کرد بە یەکێک لە ئامرازە کاریگەرەکانی فشاری جەماوەریی بۆ سەر دەسەڵاتی سیاسی و مامۆستایان و فەرمانبەرانی هاورێتان پێرێ لە دێگەڵە جارێکی تر ڕووی ڕاستەقینەی ئەم دەسەڵاتە خۆسەپێنەی بێ ڕتووش و پەردە پیشانی دونیا دایەوە.

ئێمە و تەواوی دڵسۆزان و هەر دەنگێکی دژ بە ستەمکاری، باوەڕمان وایە، بەم هەڵوێست و جووڵە مەدەنیەتان، سەرکەوتنێکی گەورەتان بۆ خۆتان و ناوبانگی بزووتنەوەی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان بەدەستهێناوە، چوونکە هەر لە ماوەی مانگرتنی لەخۆبوردوانەی ئێوە و لە ژێر گوشاری ئێوەی سەربەرزدا :

١. هەرێم و بەغدا لە دانوستانێکی ماراسۆنیدا گەیشتنە ڕێککەوتن و هەردوولا ڕایانگەیاندووە، کە مووچەی ساڵی ٢٠٢٥ بە تەواوی مسۆگەر کراوە.

٢. هەمواری یاسای بوودجەی فیدڕاڵی، کە پەکی کەوتبوو، وەک بەشێکی گرنگ لە خواست و پەیامی ئێوە لە ئەنجومەنی نوێنەران تێپەڕێنرا بە بەڵگەی ئەوەی پەیامی ئێوەی مانگر لە نێو هۆڵی ئەنجومەنی نوێنەران خوێنرایەوەو وێنەکانتان بەرزکرایەوە. ئەم هەموارە زۆر گرنگە بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە و، کردنەوەی ئەو گرێ کوێرەیەی رێگربوو لە زامنکردنی شایستە داراییەکانی هەرێم و، وەستاندنی بە قاچاخ و تاڵان فرۆشتنی نەوتی هەرێم لەلایەن دەسەڵاتەوە. هەر بۆیەش ئەو هەموارە تەواو پڕ بایەخ و گرنگە.

٣. بڕیاری دروستکردنی لیژنەیەکی پەرلەمانی دراوە بۆ بەدواداچوونی داواکاریی ئێوە، بەتایبەت بنەجێ کردن (تەوتین )ی موچە و، چاودێریکردنی چۆنیەتیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا.

بەڕێزان ئێمە وێڕای ئەوەی داوا دەکەین دەسەڵاتدارانی ئەم زۆنە بۆ بەجێهێنانی یەکێک لە داواکانی ئێوە، ڕاستۆبێت لەگەڵ بانگەشی هەڵبژاردن و بە کرداری دەست بکرێت بە تەوتینکردنی موچەی مووچەخۆران کە ڕوحی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵییە.

لە هەمان کاتدا دەتوانین بڵێین، بە ناوی ویژدانی زیندووی هەموو خەڵکی کوردستانەوە، تکاتان لێدەکەین، کە چاوتان لەسەر منداڵ، هاوسەر، باوک و دایک و هەموو ئەو ویژدانە زیندوو و مرۆڤدۆستانە بێت، کە ماوەیەکە لە هەوڵدان بۆ ئەوەی سەرکەوتووانە کۆتایی بە چالاکی مانگرتنەکەتان بهێنن و لە ڕێگەی دیکە و لە کات و شوێنی تردا، ئێمە و ئێوە پێکەوە خەباتی مەدەنی درێژە پێئەدەین. نامانەوێت لەبەردەم دەسەڵاتێکی خەمسارددا، کە باکی بە مەرگ و ژیانی هاوڵاتییەکانی نییە، ببینە بینەری مەرگی تراژیدیانەی هیچ ئازیزێکمان و دایک و باوکی هیچ یەکێکیشتان جەرگ سووتاو بێت.

هاوکات بەڵێنیشتان پێدەدەین ئێمە وەک دەستەیەکی فراوان لە کەسایەتی و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی کوردی، کە ئێستا لە حزوری ئێوەدا وەستاوین لە دوای ئەم هەنگاوە پشتیوان و دەستباری هەر هەوڵێک دەبین بۆ بەجێهێنانی ئامانجە ڕەواکانی مامۆستایان و مووچەخۆران و کۆی کۆمەڵگە. دووپاتی دەکەینەوە هاوشانی ئێوە لە یەک بەرەوە دەبین بە گرووپێکی فشار بۆ سەر ناوەندەکانی دەسەڵات لە هەولێر و بەغدا و، بەدواداچوون بۆ ئەو بەڵێن و ڕێککەوتنانە دەکەین کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بوونەتە دەستکەوتی ئەم چالاکیە مەدەنیەی ئێوە و خۆمان وەک بەشێک لە ئێوە دەبینین، بۆیە داواتان لێدەکەین لە ئێستاوە ئەم خەباتە مەدەنییەتان کۆتایی پێنهێنن و خۆتان و کۆمەڵگە  بەرە و ئامانجی مەدەنی  و گەورەتر ئامادەبکەن.

وەک هەمیشە شاد و سەربەرز و سەرفراز بن..

دەستەیەک لە کەسایەتی و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردیی

News Code 224869

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha