بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕۆژی دووشەممە، ۱۵ـی حوزەیرانی ۲۰۲۶، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پەیامێكی لەبارەی لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمریکا و ئێران بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پێشوازیی لێ دەکات.
سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند: "پێشوازی لە لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمریکا و ئێران دەکەم و بە پێشهاتێکی گرنگی دەبینم بۆ سەقامگیرکردنی ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکەماندا. لە دڵەوە هیوادارم ئەم هەواڵە کە ماوەیەکی درێژە هەموو جیهان پێویستی پێیەتی، ببێتە هۆی کەشێکی هەمیشەیی ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەکەماندا".
سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت: "بە گرنگییەوە جەخت لەوە دەکەمەوە کە پێویستە تاوەکو رۆژی واژۆکردن، خۆ بەدوور بگیردرێت لە هەر گوتار، هاندان و کردەوەیەک کە گرژییەکان زیاتر بکەن و بەرامبەر بە کردەوەی تێکدەرانە وریا بین".
ئەردۆغان لە پەیامەکەیدا، نووسی: "سوپاسی پاکستان دەکەم بۆ هەوڵە نێوەندگیرییە نایابەکانی، بەتایبەتی سەرکردایەتی ئەمریکا و ئێران بۆ گەیشتن بەم ئەنجامە. هەروەها دەمەوێت دەرببڕم کە پێزانینم هەیە بۆ پاڵپشتییەکانی قەتەر و سعوودیە بۆ هەوڵە دیپلۆماسییەکان".
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشدا: "تورکیا، وەک هەمیشە بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی هەموو هەوڵێک بۆ دامەزراندنی ئاشتی، سەقامگیری و ئارامی لە ناوچەکەماندا و بەشداریکردن لە چارەسەری هەمیشەیی لەسەر بنەمای دیپلۆماسی و یاسا نێودەوڵەتییەکان".
Your Comment