بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی «ئێکس» بە زمانی ئینگلیزی پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ڕایگەیاند: «پێشوازی لە ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران دەکەم.»
نێچیرڤان بارزانی هیوای خواست ئەم هەنگاوە ببێتە مایەی ئاشتیی بەردەوام و وتی: «هیوادارم هەموو لایەنەکان بە نیازپاکییەوە کار بکەن بەرەو جێبەجێکردنی تەواوەتیی ڕێککەوتنەکە، بەو ئامانجەی سەقامگیری، ئاسایش و خۆشگوزەرانی لە ناوچەکەدا بەهێز بکات.» هەروەها پڕبەدڵ پێزانینی خۆی ئاراستەی سەرجەم ئەو لایەن و کەسایەتییانە کرد کە ڕۆڵی ئەرێنییان لە ئاسانکاری و پشتگیریکردنی ئەم دەستکەوتە مێژووییەدا گێڕاوە.
ئەم پەیامەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوای ئەوە دێت کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، ئەمریکا، ئێران و وڵاتانی نێوەندگیر بە فەرمی گەیشتنی واشنتن و تاران-یان بە ڕێککەوتنی کۆتایی جەنگ پشتڕاستکردەوە. بەپێی زانیارییەکان، دەقی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوانیان تەواو کراوە و بڕیارە ڕۆژی ١٩ی حوزەیران لە شاری جنێڤ بە شێوەیەکی فەرمی واژۆ بکرێت.
جێی وەبیرهێنانەوەیە کە ئەم جەنگە لە ٢٨ی شوباتی ڕابردووەوە بە هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستی پێکردبوو.
Your Comment