بۆچی عێراق پشتی بە ئەردەن و سووریا بەست و پشتی لە دەروازەکانی هەرێم کرد؟

حکوومەتی عێراق لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگەکانی خۆیەوە ڕایگەیاند کە بە چالاککردنی دەروازە وشکانییەکانی هاوسنوور لەگەڵ ئەردەن و سووریا، بازاڕەکانی خۆی لە کارەساتی گرانی و برسێتی پاراستووە؛ ئەم دامەزراوەیە هەروەها دەڵێت کە بەهۆی نزیکیی ڕێگاکان و بۆ ڕاکردن لە باجی زیادەی بازگەکان (مەفرەزەکان)ی نێوان هەرێم و بەغدا، پشتی بەم سنوورانە بەستووە و دەروازەی ئیبراهیم خلیلی پشتگوێ خستووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، «سامر قاسم تائی»، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی گومرگەکانی عێراق ڕایگەیاند: دەروازە سنوورییە جێگرەوەکان ڕۆڵێکی گەورەیان گێڕاوە لە بەردەوامبوونی جووڵەی بازرگانی و پاراستنی داهاتە گومرگییەکان، ئەمەش دوای داخرانی بەندەرەکان و پەککەوتنی گەشتە دەریاییەکان بەهۆی قەیرانی گەرووی هورمزەوە.

بەڕێوەبەری گشتیی گومرگەکانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد: داخرانی بەندەری «ئوم قەسر» بووە هۆی کەڵەکەبوونی کۆنتێنەرەکان و گۆڕینی ڕێڕەویان بەرەو وڵاتانی دراوسێ، بۆ ئەوەی لەوێوە لە ڕێگەی دەروازەی «تریبیل» یان دەروازەکانی سووریاوە داخڵی عێراق ببن. ئەم دۆخە وای کرد کە دەروازەی «الولید» بە خێرایی بکرێتەوە و دەروازەی «ڕەبیعە»ش بۆ پێشوازیکردن لەم قەبارە گەورەیەی جووڵەی بازرگانی، دووبارە چالاک بکرێتەوە.

سامر تائی بە ئاماژەدان بە ڕێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخەکان گوتی: «پشتبەستنی عێراق بە دەروازە وشکانییەکان، هاوسەنگیی بازرگانیی پاراست و گەرەنتیی گەیشتنی بەردەوامی کاڵا و پێداویستییە خۆراکییەکانی بۆ بازاڕە ناوخۆییەکان کرد. ئەمەش ڕێگریی لە دروستبوونی قەیران یان بەرزبوونەوەی نرخەکان کرد و لەم چوارچێوەیەشدا، سەرجەم بەربەستەکانی پێوەست بە دیاریکردنی دەروازەی هاتنەژوورەوە لادران؛ ئێستا بازرگانان و وەبەرهێنەران دەتوانن کاڵاکانیان لە هەر دەروازەیەکی وشکانی، دەریایی یان ئاسمانییەوە کە لەگەڵ بارودۆخیاندا بگونجێت، هاوردە بکەن.»

ئەو هەروەها جەختی کردەوە: «زۆربەی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و گەشەپێدانی پیشەسازی کە پشتیان بە ماددە خاوەکانی هاوردەکراوی بەندەری ئوم قەسر بەستبوو، باری گواستنەوەی خۆیان بۆ دەروازەی تریبیل و دەروازەکانی تر گۆڕی. ئیدارەی گومرگ لەم قەیرانەدا، سیستمی ترانزێتی نێوان تورکیا و ئەردەنی لە ڕێگەی خاکی عێراقەوە بە شێوەیەکی بەرچاو چالاک کردووە، کە ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر "ڕێگەی گەشەپێدان" (طریق التنمية) دەبێت و پێگەی عێراق وەک ئەڵقەیەکی بەستنەوە لە نێوان ڕۆژهەڵات و وڵاتانی ناوچەکەدا بەهێزتر دەکات.»

سەبارەت بەوەی بۆچی عێراق پشتی بە دەروازە وشکانییەکانی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت «ئیبراهیم خلیل» کە هاوسنوورە لەگەڵ تورکیا نەبەست، چاودێران دەڵێن: «کاتێک بەندەری ئوم قەسر لە باشووری عێراق داخرا، ئەو کەشتییە بارهەڵگرانەی کە لە کەنداوی عەرەبییەوە (کەنداوی فارس) بەرەو عێراق دەهاتن، ئاڕاستەی خۆیان بەرەو بەندەرەکانی وڵاتانی دراوسێ وەک ئەردەن (بەندەری عەقەبە) یان سووریا گۆڕی. لە ڕووی جوگرافییەوە، گواستنەوەی ئەم کاڵایانە لە ڕێگەی دەروازە وشکانییەکانی بەشی ڕۆژاواوە (وەک تریبیل، الولید و ڕەبیعە) زۆر نزیکتر و خێراتر بوو وەک لەوەی ببرێن بۆ سنووری تورکیا و لەوێوە لە ڕێگەی ئیبراهیم خەلیلەوە بنێردرێنە خوارەوە و پاشان لە ڕێگەی هەرێمەوە داخڵی عێراق بکرێن.»

ئەوان هەروەها دەڵێن: «گواستنەوەی کاڵا لە ڕێگەی دەروازەکانی هەرێمی کوردستانەوە زۆرجار ڕووبەڕووی سیستمێکی دوو لایەنە لە پێناسەی گومرگی و باج دەبێتەوە (باجی هەرێم و باجی حکوومەتی فیدراڵ لە بازگەکانی نێوان هەرێم و بەغدا)؛ بۆیە بازرگانان بۆ کەمکردنەوەی تێچووی گواستنەوە، ئەو دەروازە وشکانیانەیان هەڵبژارد کە لە ژێر کۆنترۆڵی ڕاستەوخۆی بەغدادان.»

هەروەک چۆن لە لێدوانەکانی بەڕێوەبەری گشتیی گومرگەکانی عێراقیشدا ئاماژەی پێکراوە: «دەروازەی ئیبراهیم خەلیل لەم قەیرانەدا، خۆی وەک خاڵی دەستپێکی "سیستمی ترانزێت" بەکار هێنرا؛ بە شێوەیەک کە کاڵاکان لە تورکیاوە دەهاتنە ناو عێراق و لە ڕێگەی دەروازە وشکانییەکانی ترەوە دەبران بۆ ئەردەن، نەک ئەوەی کاڵا هاوردەکراوەکانی بەندەرەکان بخرێنە سەر هێڵی ئیبراهیم خەلیل.»

News ID 227339

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha