بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دۆناڵد ترەمپ، لە کۆنگرەیێکی ڕۆژنامەوانیدا کە لە کەمپی مارئەلاگۆی ویلایەتی فلۆریدا بەڕێوەچوو، رایگەیاند: "تورکیا ماوەیەكی زۆرە بە ناو و شێوەی جیاوازەوە بەدوای سووریاوەیە، ئەو کەسانەی چوونە نێوەوە، لە تورکیاوە چوون، ڕەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا هاوڕێمە و ڕێزی لێدەگرم، پێم وایە کە ئەویش رێزم دەگرێت".
ترەمپ ئاماژەی بەوەش كرد: "ئەردۆغان ئەو کەسەیە کە وازی لە هەندێک کەسی دیاریکراو هێنا دوای ئەوەی داوام لێیکرد، وازیان لێبێنێت، ئێوەش دەزانن من باسی کێ دەکەم، کوردەکان، نازانم ئەوە تا کەی بەردەوام دەبێت، چوونکە کورد و تورک دوژمنی سرووشتیی یەکدین، ئەوان ڕقیان لە یەکترییە".
ترەمپ باسی لەوەش كرد، ئەردۆغان تاوەکوو ئێستا ئەوەی نەکردووە و هێرشی نەکردوەتە سەر کورد، هەروەها لە ڕابردووشدا ئەوەی نەکرد، ئەو دەستیپێکرد، بەڵام پێموت، "تکایە ئەوە مەکە و ئەویش نەیکرد".
سەرۆکی ئەمریکا ئەوەشی خستەڕوو، "ئەگەر سەیری ئەوە بکەیت کە لە سووریا ڕوویدا، ڕووسیا بێ هێز کرا، هەروەها ئەردۆغانیش کەسێکی زۆر زیرەکە و دەزانێت، ئەو خەڵکی بە شێوە و ناوی جیاواز ڕەوانەی سووریا کرد، ئەوانیش چوونە ناوەوە و دەستیان بەسەردا گرت و شتەکە بەوشێوەیە بوو".
Your Comment