کوردانی ناوچە جێناکۆکەکان لە ڕۆژانی سەرژمێری بگەڕێنەوە ناوچەکانیان

ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەری رایگەیاند، داوا لەو هاوڵاتییە کوردانە دەکەن کە لە بنەڕەتدا دانیشتووی ناوچە جێناکۆکەکان بوون و لە ئێستادا نیشتەجێی شارەکانی هەرێمن، لە رۆژانی سەرژمێریدا بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەری لە ڕاگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لە ئێستادا هاوڵاتیانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەبەردەم پڕۆسەی سەرژمێریی گشتیدان کە پڕۆسەیەکی گرنگ و چارەنووسسازە.

ئاماژە بەوەش کراوە، پڕۆسەکە گرنگی خۆی هەیە بۆ هاوڵاتیانی کورد لە سنووری مادەی ١٤٠ـی دەستوور و ناوچە جێناکۆکەکان. وتیشی، "داوا لەو هاوڵاتییە کوردانە دەکەین کە لە بنەڕەتدا دانیشتووی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بوون و لە ئێستادا نیشتەجێی شارەکانی هەرێمن، لە رۆژانی سەرژمێریدا بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان".

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە رۆژانی ٢٠ و ٢١ـی ١١ـی ٢٠٢٤، پڕۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان لە سەرتاسەری عێراق ئەنجام دەدرێت و لەو دوو رۆژەدا قەدەغەی هاتوچۆ دەبێت، تەنها کارمەندانی پۆلیس، ئاسایش، هاتووچۆ، بەرگریی شارستانی، تیمەکانی تەندروستی، کارمەندانی تەکنیکیی کۆمپانیاکانی بواری گەیاندن، کارمەندانی ئێشکگری کۆمپانیای بواری نەوت و وزە، دەرمانخانەکانی ئێشکگر، رۆژنامەنووسان، نانەواخانە و سوپەرمارکێتەکان قەدەغەی هاتوچۆ نایان گرێتەوە.

هاوکات، گەشتە ئاسمانییەکان لە سەرجەم فڕۆکەخانەکان بەردەوام دەبن و پێویستە گەشتیاران بلیتی فڕۆکەیان پێبێت تاوەکوو بتوانن بچنە دەرەوە لە ماڵەکانیان.

News Code 224398

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha