کاتی ڕاگەیاندنی ئەنجامی سەرتایی سەرژمێری ڕاگەیێندرا

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، سەرژمێری سەرکەوتوو بووە و چاوەڕێ دەکەن سبەی ئەنجامی سەرەتایی پرۆسەکە لە بەغداوە رابگەیێندرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەحموود عوسمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "چاوەڕوان دەکرێت سبەی ئەنجامی سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان و عێراق ڕابگەیێندرێت".

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، ئەنجامی یەکەمی سەرژمێری سەرەتایی دەبێت و لە ئاستی وڵات، هەرێم و پارێزگاکان دەبێت، لە داهاتوویشدا بە وردی رێژەی دانیشتووانی قەزا و ناحییەکان بڵاودەکرێتەوە.

مەحموود عوسمان ئەوەی خستەڕوو، دوێنێ هەرکەس پەیوەندیی بە تیمەکانەوە کردووە، راستەخۆ بژمێر نێردراوە بۆ بەردەم دەرگاکەی، بۆیە بە گوتەی ئەو "سەرژمێریی لە هەرێمی کوردستان نزیکە لە ۱۰۰%ـە".

لەبارەی قۆناخی داهاتووی سەرژمێری بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان گوتی، "سبەی یەکشەممە خولێک بۆ بژمێرەکان دەکەنەوە و دوای چەند رۆژێک سەردانی ماڵان دەکەن بۆ پڕکردنەوەی فۆرمی تۆماری خێزان."

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری لە رێگەی رووداوەوە داوای کرد، "هەرچی خێزانە، ئەگەر یەک کەسیش بێت، بۆ پڕکردنەوەی فۆرمی تۆماری خێزان لە ماڵەوە بن، چونکە زۆر زۆر گرنگە".

دوای ۳۷ ساڵ و لە ۲۰ بۆ ۲۲-۱۱-۲۰۲۴، لە عێراق و هەرێمی کوردستان سەرژمێریی گشتیی بەڕێوەچوو و تێیدا ناوی خێزانەکان تۆمار کرا و بڕیارە تاوەکو ۱۰ـی مانگی داهاتوو فۆڕمی تۆماری خێزان پڕبکرێتەوە، کە تێیدا زیاتر لە ۷۰ پرسیار لە هاونیشتمانی و هاووڵاتیان دەکرێت.

News Code 224411

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha