ئەم سەرژمێرییە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان هەستیار و پڕ بایەخە

لێپرسراوی مەكتەبی ڕاگەیاندن و هوشیاری یەكێتی ڕاگەیاند: "سەرژمێری بەشی ئێمە لە بوودجە و پێگەمان لە چوارچێوەی عێراقدا و لە ناو دامودەزگاکاندا دیاری دەکات، بۆیە پێویستە بە هەموو توانامانەوە بەشداریی تیادا بکەین".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عیماد ئەحمەد، لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەم سەرژمێرییە بۆ عیراق و کوردستان هەستیار و پڕ بایەخە، بۆ ئێمە لە کوردستان کاتی سازکردنی نەگونجاو بو، چونکە هێشتا قۆناغی ئاسایی کردنەوە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەپێی ماددەی ۱۴۰ی جێبەجێ نەکراوە، واتە هێشتا بارودۆخەکە ئاسایی نەکراوەتەوە و هەق نەگەڕێنراوەتەوە بۆ خاوەنەکەی.

ئاماژەی بەوەش كرد، "هەروەک لەم کاتەدا ئێمە لە کوردستان ئێستا خەریکی پێکهێنانی کابینەی ۱۰ی حکوومەتی هەرێمین، بەو جۆرەی بتوانێت وەڵامدەرەوەی خواستی خەڵک و پێداویستییەکانی قۆناغەکە بێت".

عیماد ئەحمەد باسی لەوەش كرد، سازکردنی سەرژمێری لەم کاتە هەستیاردا پێویستی بە پلان و ئامادەکاریی زیاتر هەیە، بۆ خەڵکی کوردستانیش پێویستی بە هیمەتی زیاتری هەمو خەڵکە، پێویستی بە هیمەتی هەمو چین و توێژەکانی خەڵکی بە شەرەفی کوردستانە کە بەشداری لە سەرژمێرییەکەدا بکەن،  بە بەشداری و هەوڵدانمان دەتوانین ئامادەبونمان زیاتر بکەین و لایەنە خراپ و لێکەوتەکانی کەمتر بکەینەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، "هێزی ئێمە وەک هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عیراقدا دەستنیشان دەکات، هەروەک بەشی ئێمە لە بودجە و پێگەمان لە چوارچێوەی عیراقدا، لە ناو دامودەزگاکانی عیراقدا دیاری دەکات، بۆیە پێویستە بە هەمو توانامانەوە بەشداریی تیادا بکەین و ئامادەییمان هەبێت لە پڕۆسەکەدا، چوونکە سبەی کە ئەنجامی سەرژمێرییەکە دەردەچێت، دۆخەکە دەگۆڕێت".

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، "پێشتر ئێمە بەردەوام پشتمان بە سەرژمێریی ۱۹۵۷ بەستوە کە سەرژمێرییەکی پاک و پوخت بوە، لە سەردەمی رژێم و دوای رژێمیش هەوڵدراوە پڕۆسەی سەرژمێری ساز بکرێت کە زۆرجار بارودۆخ لەبارنەبوە و لایەنەکان قبوڵیان نەدەکرد، بەڵام ئەمجارە وا سازدەکرێت و ئێمەی کورد ئەگەر یەکگرتو نەبین و هەمومان بەشداری نەکەین زەرەرێکی گەورە ئەکەین.

ئەوەشی باس كرد، "بۆ ئەوەی ئەو زەرەرە نەکەین، دەبێت قۆڵی لێ هەڵماڵین و بچین بەشداری بکەین بە تایبەتی لە ناوچە دابڕێنراوەکان، بە تایبەت تر لەو ناوچانەی خەڵکێکی زۆر بە ناهەقی و شایستەیی تیایدا دەژین، بۆیە دەبێت ئێمە بە بەشداریکردنمان لە سەرژمێری پێگە و هێزی خۆمان زیاد بکەین، تکا و هیوامان وایە هەمومان بە رۆحێکی کوردستانی و کوردایەتییەوە بەشداری لەو پڕۆسەیەدا بکەین".

News Code 224401

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha