بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە حەوتەمین ساڵیادى ڕیفراندۆمدا پەیامێکى بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە، دەبوایە لە ڕیفراندۆمی ۲۵/۹/۲۰۱۷دا، بە ڕەچاوکردنی هاوسەنگی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی، بە خوێندنەوەی وردی هەلومەرجی وڵات و بە هەماهەنگی لەگەڵ دۆستانی گەلەکەمان کە ئامۆژگاری و پێشنیازی دۆستانەیان کردین لە دۆخێکی باشتری تەبایی و یەکڕیزی ناوخۆییدا، پەیڕەوی کرابا، بۆ ئەوەی لە دەرئەنجامە باش و خراپەکانیشدا هەمووان پێکەوە شانیان دابایە بەر بەرپرسیارێتی و ئەرکەکان.
ئەوەش خراوەتەڕوو، بە داخەوە دەرئەنجامەکانی ڕیفراندۆم وا نەکەوتەوە کە هیوای سەربەخۆیی کوردستان بەدیبهبێنێت، جا لەجیاتی ئەوەی سەرکردایەتی ئەوسای ڕیفراندۆم، بە تایبەتیش باڵی سەرکردایەتی خۆسەپێن و قۆرخکاری ناو پارتی، شان بداتە بەر ئەرکەکانی چارەسەرکردنی لێکەوتەکان و ساڕێژی برینەکانی دوای شکست، کەچی بە خیتابی ناڕەوا و نا بەرپرسانەی تەخوین و درز خستنە ڕیزەکانی گەلەوە، مامەڵەیان لەگەڵ دەرئەنجامە چاوەڕوانکراو و نەخوازراوەکانی پرۆسەی ڕیفراندۆمدا کرد.
مەکتەبی سیاسی یەکێتى لە پەیامەکەیدا ئاماژەى بەوەش کردووە، لە جێبەجێ کردنی بەڵێنی سەربەخۆیی پاشگەزبوونەوە و پرۆسەی ڕیفراندۆمیان کردە دەسکەلای موزایەدەی ناوخۆیی و بە کردەوەش خاکی کوردستانیان، لە ناوچە دابڕاوەکان، بۆ قەدەری کەینوبەینی ژێربەژێر و موساوەمەی نابەرپرسانە بەجێهێشت، بەتایبەت کە ئەوکات جومگە سەرەکییەکانی حکومڕانیان بە دەست بوو، بۆیە لە ئاستی دەرەوە دەستیاندا بە خۆچەماندنەوە و سڕکردنی ئاکامی ڕیفراندۆمەکە و پاڕانەوە و سازش لەسەر سازش، لە ئاستی ناوخۆشدا شانازی درۆزنانەی بە ڕیفراندۆمێکی بێ ئاکامیان ،کردە گوتارێکی سیاسیی هەرزان، بێ گوێدانە دەرئەنجامە خراپەکانی دواتر لە کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکان. هەر ئەو کاتەش یەکێتی و هێزی پێشمەرگەی یەکێتی ئازایانە لە مەیدانی نەبەردیدا شەهید و قوربانیان بەخشی و بۆ پاراستنی خەڵکەکەشمان بەدیدێکی دوورمەودای نەتەوەییانە ڕێی مانەوە و خۆڕاگری بەرپرسانەیان گرتەبەر، لە کاتێکدا لایەنی تر لە کۆڕی رووبەرووبونەوەدا هەڵهاتن و لە سەکۆی هاشوهوشی ئیعلامیشدا تۆزی شکستیان بە تەخوین و تۆمەتبارکردنی هێزە نیشتمانییەکان داپۆشی و نەیانهێشت هەلومەرجی هەڵسەنگاندنێکی دروست و بابەتی بۆ پرۆسەکە بێتە کایەوە تاوەکو کەمتەرخەم و لایەنی بەرپرس لە شکستەکەی ڕیفراندۆم و بەدواهاتووەکانی لە ئۆکتۆبەری هەمان ساڵدا، دەستنیشان بکرێت.
Your Comment