بە درێژایی ۲۶ فێستیڤاڵی پێشوو، حزب دەستوەردانی لە فێستیڤاڵی گەلاوێژدا نەکردووە

مەلا بەختیار دەڵێت بیناکانیان داگیرکردوین، بۆیان نییە چالاکیەکانمان داگیربکەن، ئەوەی فێستیڤاڵی گەلاوێژی ڕاستەقینەی دەوێت، ئەوە ئێمە بەردەوام دەبین.

به‌پێی هەواڵی کوردپرێس، لیژنەی باڵای ۲۷مین فێستیڤاڵی گەلاوێژ بە سەرپەرشتیی مەلا بەختیار، سەرپەرشتیاری گشتی فێستیڤاڵی گەلاوێژ، كۆ بووه‌ته‌وه‌ بۆ باسكردن له‌ ئامادەکاریەکانی فێستیڤاڵ و رایگه‌یاند: "کاتێک دەستمان بە ئەنجامدانی یەکەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژ کرد، کوردستان خوێنی شەڕی ناوخۆی لێدەتکا، بەڵام ئێمە بەم فێستیڤاڵە ئومێدمان لای نووسەران و ڕووناکبیران دروست کرد، ئەوکاتیش هیچ جیاوازیەکمان لەنێوان نووسەرانی سەرانسەری کوردستاندا نەکردووە".

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌، "بە درێژایی ۲۶ فێستیڤاڵی پێشوودا، بە هیچ شیوەیەک حزب دەستوەردانی لە بەرنامە و ستراتیژی فێستیڤاڵی گەلاوێژدا نەکردووە و بەوپەڕی سەربەخۆیی، کارەکان ئەنجام دراون".

مه‌لا به‌ختیار له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باسی له‌وه‌ كردوه‌: "کێشەی داگیرکردنی ناوەندی ڕۆشنگەریی چاودێر، کێشەی بنکەی گەلاوێژ نییە بە تەنها، بەڵکوو کیشەی تەواوی سەنتەرەکانی ناو ناوەندەکەیە لەوانە: پلاتفۆڕمی دابران،  فێمێنیزمی رۆشنگەری، ڕادیۆی مەدەنیەت، چوار سایت، هۆڵی شەهید ئازاد هەورامی، هۆڵی دیالۆگ، بەڕێوەبردنی سیمیناری هەفتانە و دەرکردنی گۆڤار و پەیجەکان، بۆیە هاتنە سەر ناوەندی ڕۆشنگەریی چاودێر، قفڵدانی کۆی ئەو سەنتەر و بەش و چالاکیانەیە نەک بە تەنیا بنکەی گەلاوێژ. لەگەڵ ئەوەشدا کە بیناکانیان داگیر کردووە، بەڵام بۆیان نییە چالاکیەکانیشمان داگیر بکەن".

سەرپەرشتیاری گشتیی فێستیڤاڵی گەلاوێژ ئه‌وه‌شی وت: "ئێمە لە ئەنجامدانی فێستیڤاڵی گەلاوێژ بەردەوام دەبین و هەموو ئەو ڕووناکبیر و نووسەرانەی لە بیست و شەش ساڵی ڕابردوودا خەمی ئەدەب و مەعریفە و ڕۆشنگەری کۆی کردووینەتەوە، بە پاڵپشتی خۆمانیان دەزانین، بۆیە ئەوەی فێستیڤاڵی ڕاستەقینەی دەوێت، ئێمە بەردەوام دەبین، ئەوەشی خەڵکی دیکەی دەوێت ئەویش ئازادە، مێژوش دەریدەخات کێ خاوەندارێتی ڕاستەقینەی فێستیڤاڵی گەلاوێژ دەکات".

مەلا بەختیار ده‌شڵێت: "خۆم سەرپەرشتیاری گشتیی فێستیڤاڵم و  پەیوەندی  و متمانەیەیەکی بەهێز لە نێوان من و نووسەرانی عەرەب و نووسەرانی تەواوی کوردستان دروست بووە، بۆیە بە پشتیوانی خەمخۆران و دۆستانی رۆشنبیری، بەردەوام دەبین، ناهێڵین کاروانی ڕۆشنگەری و مەعریفە و ئازادیی ئەقڵ، بە ڕووداوێکی نەخوازراو، پەکبخرێت".

News Code 224057

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha