بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بڕیارە بۆ ساڵی ۲۰۲۴، خولی ۲۷ی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی گەلاوێژ، بە ئامادەبوونی نووسەر و ڕۆشنبیرانی ناوخۆ و دەرەوەی شاری سلێمانی، لە سەرەتاکانی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.
ئیبتیسام ئیسماعیل قادر، سەرۆکی بنکەی گەلاوێژ، سەبارەت بە ئامادەکارییەکانی فێستیڤاڵەکە، بە کەناڵ۸ی ڕاگەیاندووە: "ئامادەکارییەکان بەردەوامییان هەیە، ماوەی دوو هەفتەیە مەرجەکان ڕاگەیەندراون تاوەکوو نووسەر و ڕۆشنبیران، لە بوارەکانی شیعر، چیرۆک و توێژینەوە، لەماوەی دوو مانگدا لەڕێگەی ئیمەیڵەوە بنێرن".
ئیبتیسام ئاماژەی بەوەش داوە؛ ئێستا سەرقاڵی کۆکردنەوە و هەڵسەنگاندنی ئەو بابەتانەن کە لەلایەن نووسەرانەوە نێردراون، پاش تێپەڕینی دوو مانگ دەرگای وەرگرتنی بابەتەکان دادەخرێت و سەرەتای کانوونی یەکەم لە شاری سلێمانی فێستیڤاڵەکە بەڕێوەدەچێت.
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی گەلاوێژ، دیداری شیعر، چیرۆک و لێکۆڵینەوە لەخۆدەگرێت، چەندین تەوەری تایبەت بە پرسی رووناکبیریی و توێژینەوە، لەلایەن کەسانی ئەکادیمی و بەناوبانگی هەرچوار پارچەی کوردستان و وڵاتانی عەرەبی و دەرەوە پێشکەش دەکرێن.
Your Comment