هه‌رکه‌سێک نه‌چێت بۆ ده‌نگدان، ده‌نگێکی به‌ گه‌نده‌ڵکاران داوە

لاهور شێخ جەنگی، دەڵێت ئه‌م هه‌ڵبژاردنهی پەرلەمانی کوردستان‌ هه‌رکه‌سێک نه‌چێت بۆ ده‌نگدان وه‌کوو ئه‌وه‌ وایه‌ ده‌نگێکی دابێت به‌ گه‌نده‌ڵکاران و ده‌سه‌ڵات و نابێت گله‌یی بکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لاهوور شێخ جەنگی له‌میانی وتارێکدا له‌ رانیه‌ی ده‌روازه‌ی ڕاپه‌ڕین، ڕایگه‌یاند: "ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر له‌ ڕانیه‌ داوام لێکرا که‌ سه‌رۆکایه‌تی ڕاپه‌ڕینێکی دیکه‌ بکه‌م، به‌ڵام با بزانن ئه‌م ئه‌زموونه‌ هی پارتی و یه‌کێتی نییه‌ و ئێوه‌ ڕاپه‌ڕینتان کردووه‌ و نابێت ئه‌م ئه‌زموونه‌ تێکبشکێنین، ئه‌وکاتیش پێموتن با فرسه‌تیان بده‌ینێ ئه‌مانه‌ برای ئێمه‌ و با فرسه‌تیان پێبده‌ین ئه‌گه‌ر خۆیان چاک نه‌کرد وه‌عدبێت من بێم پێشڕه‌ویتان بکه‌م ئه‌م حوکمڕانییه‌ بگۆڕین، ئه‌مڕۆ هاتوم پێتان بڵێم ئه‌مانه‌ به‌ڵێنیانداوه‌ که‌ خۆیان نه‌گۆڕن".

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد: "ڕۆژی به ‌ڕۆژ بارودۆخی میلله‌ته‌که‌م خراپتر ده‌بێت و رۆژ به‌ڕۆژ دزی و گه‌نده‌ڵی زۆرتر ده‌بێت غروری ئه‌وان رۆژ به‌ڕۆژ زیاتر ده‌بێت، هاتوم پێتان بڵێم ئیتر به‌سه‌ و چیتر نابێت چاوه‌ڕوانی ئه‌مانه‌ بکه‌ین، ده‌ستیان تێکه‌ڵکردوه‌ له‌گه‌ڵ وڵاتان و ئه‌جێندای وڵاتان جێبه‌جێ ده‌کات، ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ هه‌رکه‌سێک نه‌چێت بۆ ده‌نگدان وه‌کو ئه‌وه‌ وایه‌ ده‌نگێکی دابێت به‌ گه‌نده‌ڵکاران و ده‌سه‌ڵات و نابێت گله‌یی بکات".

لاهوور شێخ جەنگی باسی له‌وه‌ش کرد: "ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ زۆر جیاوازه‌، من نه‌هاتوم بڵێم ده‌نگ به‌ به‌ره‌ی گه‌ل بده‌ن، به‌ڵکو گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و مافه‌ په‌یڕه‌وی بکه‌ین، چونکه‌ ده‌نگنه‌دانت بۆ ئه‌وه‌یه‌ که‌ گه‌نده‌ڵی و نایه‌کسانی و ناعه‌داله‌تی به‌رده‌وام بێت و گه‌نجه‌کان به‌رده‌وام بیر له‌ کۆچکردن بکه‌نه‌وه‌ و خۆشه‌ویستیان نه‌مێنێت بۆ ئه‌و خاک و نیشتیمانه‌، هاتوم پێشتان بکه‌م ئه‌گه‌ر سه‌ری خۆشم له‌سه‌ر دانابێت".

سەرۆکی بەرەی گەل ئه‌وه‌شی وت: "سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌مو فشاره‌ی لێکمکراوه‌ له‌لایه‌ن دو وڵاتی ئیقلیمی و دو حزبی ده‌سه‌ڵاتدار به‌ حکومڕانییه‌که‌شیانه‌وه‌ هه‌وڵیاندا ده‌رمپه‌ڕێنن له‌م وڵاته‌، من لێر ماومه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بڵێم چقڵی چاوتانم و لێتان ناترسین چونکه‌ خه‌ڵک ئه‌وانیان هێناوه‌ته‌ سه‌ر حوکم".

له‌وه‌می یه‌کێک له‌و ئاماده‌بووانه‌ی که‌ قسه‌ی بۆ ده‌کرد، لاهور شێخ جه‌نگی وتی، "ئاماده‌نیم بچمه‌وه‌ ناو ئه‌و یه‌کێتییه‌، یه‌کێتی ده‌هێنمه‌وه‌ ناو به‌ره‌ی گه‌ل، چوونکه‌ له‌ به‌ره‌ی گه‌ل لایداوه‌".

News Code 224004

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha