بڕیارەکەی ئەنجومەنی دادوەریی عێراق دەستی دەرەکیی لە پشتە

هاوسەرۆکی گشتیی تەڤگەری ئازادی لەبارەی بڕیارەکەی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی حزبەکەیان ڕایگەیاند، تانە لە بڕیارەکە دەدەین چونکە بڕیارێکی تەواو سیاسییە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، تارا حوسێن، هاوسەرۆکی گشتیی تەڤگەری ئازادی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەواڵێکمان بینی، کە ئەنجومەنی دادوەریی عێراق بڕیاری داوە بە قەدەغەکردنی سێ پارتی سیاسی، لە ناویشیاندا تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگای کوردستان، لە کاتێکدا لە ۱۷ـی ۱۰ـی ۲۰۱۴وە، تەڤگەری ئازادیی دامەزراوە و کار و خەباتی مەدەنییانەی بەڕێوەبردووە، هەروەها لە دامەزراوەی کاروباری سیاسی و کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق مۆڵەتی فەرمی وەرگرتووە، ئێمە بە بیستی ئەم بڕیارە شۆک بووین.

ناوبراو وتیشی: پێش دەرکردنی ئەم بڕیارە هیچ ئاگادارکردنەوە و هۆشدارییەکمان بۆ نەهاتووە، وەک دەستەی بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادی، کە دۆسییەیەکی سیاسیی لە دژمان کرابێتەوە و مافی بەرگری کردن لە خۆمان پێ درابێت، ئەم بڕیارە نیشانەی پرسیار دەخاتە سەر دادگاکانی عێراق، ناکرێت هێزێکی سیاسیی فەرمی، کە بەهیچ جۆرێک کاری نایاسایی نەکردووە و ئەندامانیشی لە هیچ پێشێلکارییەکی یاساییدا بەشدار نەبوون و بچووکترین لادانمان نەبووە، بڕیارێکی وای لە دژ دەربکرێت.

تارا حوسێن ئاماژەی بەوەش دا، ئێمە ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکەینەوە و پێمانوایە ئەم بڕیارە یاسایی نییە و بە پێشێلکاری گەورەی سیاسیی و یاسایی لە قەڵەمی دەدەین، بۆ ئەمانەش بەڵگەمان هەیە و هیچ بەڵگەیەک لە دژمان نییە.

ناوبراو وتیشی: تەڤگەری ئازادی، پارە و سەرچاوەی دارایی لە هیچ هێز و گرووپ و لایەنێک وەرنەگرتووە، جگە لە هاوکاریی گەل و ئابونەی ئەندامانی، کە ساڵانە یەک مانگ تەرخان دەکەین بۆ وەرگرتنی هاوکاری لە گەل، تەنانەت تاکە حزبین کە سەرچاوەی داهاتمان ئەوەندە شەفاف بێت، ئەو بڕیارە لە دژی پڕەنسیپ و بڕیارو مەبدەئی ئێمەیە، ئەوەی کە دەستی لە پەلکێشکردنی داگیرکەران بۆ ناو خاکی کوردستان هەیە، دەبێت ئەو دادگایی بکرێت، ڕوی دەممان دەکەینە سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی عێراق، کە بیسەلمێنن لە کوێدا تەڤگەری ئازادی، کارێکی نایاسایی کردبێت، لە ڕاستیدا ئێمە لە دژی هەر پێکهاتە و هێزێکین کە دەرەکی بێت و لە دژی پێکهاتەکانی عێراق بێت.

هاوسەرۆکی گشتیی تەڤگەری ئازادی جەختیشی کردەوە، ئێمە هێزێکی مەدەنی و دیموکراتی و خاوەن مۆڵەتین و ئامادەین لە بەرامبەر هەر تۆمەتێک کە ئاراستەمان دەکرێت ڕوبەڕوی ببینەوە بە یاسا لە ڕێی پارێزەرانمانەوە،

ناوبراو لە کۆتاییشدا داوای لە هەموو هێزە سیاسییەکان لە عێراق و هەرێم کرد کە ئەم پڕۆسەیە مەترسیدارە و بەرتەسک کردنەوەی ئازادیی کاری سیاسییە و داواکارین هەموان هەڵوێستیان هەبێت و بەدواداچونێکی وردی بۆ بکەن، چوونکە بڕیارێکی تەواو سیاسییە و لەسەر بنەمای زانیاری هەڵە دراوە و دەستی دەرەکی و خیانەتی لە پشتە.

شایانی باسە دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان لە ئەنجومەنی باڵای  دادوەریی عێراق بڕیاری دا بە هەڵوەشاندنەوەی هەریەک لە پارتەکانی (تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، پارتی ئازادیی دیموکراتی ئێزدی، بەرەی تێکۆشانی دیموکراتی)، تەڤگەریی ئازادی، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، لەوبارەیەوە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ئەنجامدا.

News Code 223910

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha