بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هۆشیار زێباری ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵاتیی X نووسیویەتی: "بڕیاری دەستەی دادوەری لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بۆ قەدەغەکردنی سێ حزبی کوردی سەر بە پەکەکەی تورکیا لە هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان، بڕیارێکی ڕاست و ژیرانەیە، چوونکە بوونەتە شانەیەکی شێرپەنجە لە جەستەی هەرێمی کوردستان و هەموو عێراق لەگەڵ ئەوەشدا فاکتەرێکی ناسەقامگیریی و ئاژاوەگێڕن".
شایانی باسە لە یەکی ئەم مانگەوە، دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی سەر بە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە عێراق، لەسەر داوای فەرمانگەی کاروباری حزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان، بڕیاریدا هەر یەکە لە حزبەکانی (ئازادی دیموکراتی ئێزدی، بەرەی تێکۆشانی دیموکراتی و تەڤگەری ئازادی) هەڵدەوەشێندرێنەوە و بارەگاکانیان دابخرێت و دەست بەسەر کەلوپەل و بارەگاکانیاندا بگیرێت.
سەرچاوەی بڕیارەکەش لەسەر بنەمای سکاڵایەکی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق بوو، کە ڕایگەیاندبوو، چالاکییەکانی ئەو حزبانە پەیوەندییان بە پەکەکەوە هەیە لە کاتێکدا پەکەکەش حزبێکی قەدەغەکراوە لە عێراق.
Your Comment