لە  ۲۰۱۹وە تورکیا ۱۵ جار هێرشی کردۆتە سەر هەرێمی کوردستان

بەشی تورکیا- دەنگی ئەمریکا لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای دەکات لە ساڵی ۲۰۱۹وە بەلایەنی کەم تورکیا ۱۵ جار هێرشی کردۆتە سەر شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لەم ڕاپۆرتەدا کە دەنگی ئەمریکا ئامادەی کردووە ئاماژە بە ئانانج و شوێنی هێرشەکانی تورکیا دەکات و دەنووسێت: ژمارەی هێرشەکانی تورکیا لە شار و شارۆچکە و شوێنە گشتیەکانی هەرێمی کوردستان لە زیادبوونە و لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا لە سێ هێرشی جیاوازدا لە ماوەت و دوکان و پێنجوێن وەک ڕاگەیەندراوە ۷ کەس کوژران.

وەزارەتی بەرگری تورکیا ڕۆژی هەینی، ۱۱ ی هەشتی ۲۰۲۳، لە ڕاگەیەندراوێکیدا ئاماژەی دا لە هێرشەکانی ئەم هەفتەیە ۷ ئەندامی پەکەکەیان پێکاوە.

دەزگای دژە تیرۆریش لەسەر هێرشەکەی پێنجوێن ڕایگەیاند: "ڕۆژی هەینی ۱۱ی ۸ی ۲۰۲۳، کاتژمێر ۱۵:۳۰، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا لە ڕێگەی ملەی نەڵمە لە نزیک ناحیەی ناڵپارێزی قەزای پێنجوێن لە پارێزگای سلێمانی ئۆتۆمبێلێکی چەکدارانی پەکەکەی کردە ئامانج، بەهۆیەوە بەرپرسێکی باڵای پەکەکە و چەکدارێکی دیکە و شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە کوژران”.

بە گوێرەی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار و بە پشتبەستن بە ڕاگەیەندراوە ئەمنی و فەرمیەکانی ڕابردوو، لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا بەلایەنی کەمەوە ۱۴ حاڵەتی جیای "تیرۆری سیاسی" پەیوەست بە تورکیا و دژ بە سەرکردە و کادیرانی پەکەکە و چالاکوانانی سیاسی کوردانی تورکیا و سوریا لە شار و شارۆچکە و شوێنە گشتییەکانی هەرێم تۆمار کراون.

هەروەها و زۆربەی حاڵەتەکانیش لە ناو شاری سلێمانی بوون.

عەقید سەلام عەبدولخالق، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەزگای ئاسایشی هەرێم، لەو بارەیەوە مانگی ڕابردوو بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "بەهۆی نەبوونی ئاماری دروست و ورد ناتوانین پشتڕاستی هەموو کردەی تیرۆرکردنەکان بکەینەوە”.

بەشێک لەو کەسانەی کە لەلایەن تورکیاوە تیرۆر کراون، دواتر وەک کادیر و سەرکردەی پارتی کرێکارانی کوردستان ناسێنراون. بەشێکیشیان چالاکی سیاسی بوون. بەشێک لەو تیرۆرانە لە ڕێگەی هێرشی ئاسمانی و درۆن و بەشێکیشیان بە تەقەی ڕاستەوخۆ بووە. ئەمە لە کاتێکدایە چەندین هێرشی ئاسمانی تر لە هەرێمی کوردستان لە لایەن تورکیاوە ئەنجامدراوە و قوربانیش هەبووە، بەڵام ناسنامەیان ئاشکرا نەکراوە.

 

ئەمانەی خوارەوە دیارترین ئەو کەیسەکانەن کە لە دوای ساڵێ ۲۰۱۹ وە تۆمارکراون: 

۱- هێرش بۆ سەر چیای گۆیژە

لە ۱۵/۱۰/۲۰۱۹ دەمهات عەگید ناسراو بە سەیدخان ئەیاز و "خەباتکاری تەندروستی" جەمیل ئەحمەد ناسراو بە ئیسەر ئیرماک لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی لە چیای گۆیژەی سلێمانی گیانیان لەدەستدا. ئەو کات کۆمیتەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی کەجەکە ڕایگەیاند"هەردوو هەڤاڵمان بە هۆی هێرشی فڕۆکەی دەوڵەتی تورک و بە هاوکاری هاوبەشە سیخورەکانیان شەهیدکراون”. بە پێی بەیاننامەکەی کەجەکە دەمهات عەگید بۆ بەڕێوەبردنی "خەباتی نەتەوەیی لە باشور" و ئیسەر ئیرماکیش بە مەبەستی چارەسەرکردنی تەندروستی سەردانی سلێمانیان کردبوو.

دەزگای ئاسایشی هەرێم ئەوکات لەسەر ڕووداوەکە ڕایگەیاند لێکۆڵینەوەکانیان دەریخستووە قوربانیەکان لەلایەن فڕۆکەی تورکیاوە کراونەتە ئامانج. دەزگاکە سەبارەت بە هێرشەکە وتویەتی، "ئەمە پێشێلکاری و پێشهاتێکی مەترسیدارە و بە هیچ جۆرێک خزمەت بە ئاسایشی هاوبەش ناکات”.

 

۲- هێرش بۆ سەر سەیرانگای کونەماسی

لە ۲۵/۶/ ۲۰۲۰ لە سەیرانگای کونە ماسی لە باکوری سلێمانی لە ئەنجامی هێرشی فڕۆکەی تورکیا، کادرێکی پژاک بە ناوی ڕێبوار قولیزادە ناسراو بە ئاریوان شۆڕشگێڕ گیانی لەدەست‌دا و و سێ کەسی تریش بریندار بوون کە ناسنامەیان نادیارە. ئەمە بەدەر لەوەی پێنج ئەندامی خێزانێکیش کە خەڵکی گوندەکە بوون لە فرۆشگاکەی خۆیاندا بەو هۆیەوە برینداربوون.

ئەوکات فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "داوا لە وەزارەتی دەرەوە و نوێنەرانی عێراق لە لە ئەنجومەنی ئاسایش دەکەین داوای کۆبوونەوەی نا ئاسایی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بکەن بۆ ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق”.

 

۳- تەقەکردن لە ناو شاری سلێمانی

لە ۱۶/۹/۲۰۲۱ فەرهاد بارش، کە کارمەندی کۆمپانیای جان دیاربەکر بووە بۆ گواستنەوە و گەیاندن لە ناو ئۆفیسی کۆمپانیاکە لە گەڕەکی شەکرەکەی شاری سلێمانی تەقەی لێکرا و بریندارکرا.

ئەوکات ماڵپەری رۆژ نیوز بڵاوی‌کردەوە کە ئەو کەسەی هەوڵی تیرۆرکردنەکەی ئەنجامداوە کڵاوی لەسەر کردووە و دەمامکی بەستووە و لە ناو ئۆفیسی کۆمپانیاکە و بە دەمانچە هیرشەکەی ئەنجامداوە. هەرچەندە فیشەکەکە بەر ملی فەرهاد بارش کەوتووە، بەڵام کوشندە نەبووە و لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شار چارەسەری بۆ کراوە.

میدیاکانی هەرێم ڕووداوەکەیان گرێدا بە تیرۆری سیاسی بەو پێیەی "فەرهاد ئەو کەسە ناناسێت و هیچ کێشەیەکی شەخسیشی لەگەڵ هیچ کەسێکدا نەبووە”.

 

۴- هێرشی گەڕەکی چوارچرا

دوای یەک ڕۆژ لە هەوڵی تیرۆرکردنی فەرهاد بارش، لە ۱۷/۹/ ۲۰۲۱ یاسیین بڵوت ناسراو بە شوکری سەرحەد، ئەندامی کۆمیتەی ماڵباتی شەهیدانی پەکەکە، لە گەڕەکی چوارچرا تەقەی لێکراو دەستبەجێ گیانی لەدەستدا.

دوای ڕووداوەکە دژە تیرۆری یەکێتی کوردستان ڕایگەیاند لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەکات و ەختدەکاتەوە، "شاری سلێمانی هەمیشە وەک لانکەی فرەدەنگی و ئارامی دەمێنێتەوە و هیچ پیلانگێڕییەک سلێمانی و دەزگا ئەمنییەکانی بەلاڕێدا نابات”.

دواتریش کۆمیتەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی پەکەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا وتی"هەڤاڵمان شوکری سەرحەد لە ڕێگەدا بووە بچێت بۆ نەخۆشخانە، بەڵام لە نزیک ماڵەکەیدا لە لایەن کۆنترایەکی تورکەوە لە پشتەوە تەقەی لێکراوەو شەهید کراوە”. هەروەها ڕاشیانگەیاند، "بکوژەکان چوارکەسن و هەڵاتوون بۆ هەولێر”.

 

۵- ‌هێرش لە چەمچەماڵ

لە ۹/۱۰/۲۰۲۱ بە هۆی هێرشی فڕۆکەی تورکیاوە لە سنوری چەمچەماڵ، کادرێکی پەکەکە گیانی لەدەستداو و دوانی تریش برینداربوون، کە ناسنامەیان نادیارە.

مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ڕاگەیێندراوێکیدا وتی، "ئیدانەی بۆردومانەکەی تورکیا دەکەین. هێرشەکە پێشێلکاری سەروەری باشوری کوردستان و عێراقە”.

 

۶- هێرش بۆ سەر ئاغجەلەر

لە ۲۱/۵/۲۰۲۲ فڕۆکەیەک کە دەوترێت هی تورکیا بوو ئۆتۆمبێلێکی لە گوندی تووتەقەڵی سەر بە شارەدێی ئاغجەلەر لە سنووری چەمچەماڵ کردە ئامانج و بەوهۆیەوە پێنج کەس گیانیان لەدەستدا. قوربانیان پێکهاتبوون لە ۳ کادری پەکەکە و دوو کەسی سڤیلیش کە خەڵکی گوندەکەبوون بە ناوەکانی ئارام کاکە خان و ئیسماعیل ئیبراهیم کە هەردووکیان خێزانداربوون.

 

۷- هێرش بۆ سەر خاوەنی ڕێستۆرانتی دەنیز

لە ۱۷ /۵/ ۲۰۲۲ زەکی چەلەبی خاوەنی ڕێستۆرانتی دەنیز لە شاری سلێمانی تەقەی لێکراو بە سەختی بریندار کرا. دوای ڕۆژێک لە بریندار بوونی لە نەخۆشخانەی شار گیانی لەدەستدا.

لە دوای گیانلەدەستدانی چەلەبی، خێزانەکەی ڕایگەیاند، "چەندین جار دەوڵەتی تورکیا هەڕەشەیان لە زەکی کردبوو، دواجاریش میتی تورک داوای کرد کە زەکی لەگەڵ ئەواندا کاربکات و سیخوڕیان بۆ بکات، بەڵام زەکی قبوڵی نەکرد بۆیە تیرۆریان کرد”. دواتریش ڕایانگەیاند"بکوژانی زەکی چەلەبی هەڵهاتوون بۆ هەولێر”.

 

۸- هێرش لە دهۆک

لە ۱۷/۵/۲۰۲۲ حسێن تورەلی خاوەنی ئەسیل بۆرەک لە دهۆک بریندارکرا، بەڵام لە هێرشەکەدا ڕزگاری بوو. ساڵێک دواتر و لە ۱۷/۴/۲۰۲۳ حسێن تورەلی کە هاوڵاتیەکی شاری باتمانە لە فامیلی مۆڵی دهۆک جارێکی تر تەقەی لێکرا و ئەمجارە گیانی لەدەستدا.

دوابەدوای ڕووداوەکە نوێنەرایەتی هەدەپە لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، "دڵنیاین هێرشە چيکداریەکەی میتی تورک بە بڕیاری ئاکەپە و مەهەپە ئەنجامدراوە. داواش دەکەین کەیسی تیرۆرکردنی ئەندامەکەمان بە لاڕێدا نەبرێت”. هەدەپە وتیشی، "ڕووڕەشیەکی گەورەیە کە هەرێمی کوردستان بووەتە ناوەندی کۆمەڵکوژیەکان”.

 

۹- هێرشی درۆن لە گەرمیان

لە ۱۷/۶/ ۲۰۲۲ بەهۆی هێرشێکی درۆنییەوە چوار هاوڵاتی خەڵکی "ڕۆژاڤا" لە شاری کەلار گیانیان لەدەستدا کە لە نێوانیاندا فەرهاد شبلی جێگری هاوسەرۆکی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هەبوو. دواتر دەزگای هەواڵگری میت به‌رپرسیارێتی هێرشه‌كه‌ی گرتە ئەستۆ و هێزەکانی قەسەدەش هەڕەشەی وەڵامدانەوەیان کرد.

 لە کاتی بەشداریکردن لە پرسەی قوربانیەکاندا، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، کاڕگێڕی مەکتەبی سیاسیی یه‌كێتی، ڕایگەیاند، "ناکرێت هەرچی داهات و دەستکەوت و سامانی سەرزەوی و ژێرزەویی هەیە بینێرن بۆ تورکیا و ئەویش بەکاریبهێنێتەوە بۆ کوشتنی خۆمان. وتیشی، "ئەگەر هاوکاریی ناوخۆیی نەبێت هێرشەکانی تورکیا ئەنجامیان نابێت”.

 

۱۰- هێرشی گەڕەکی بەختیاری سلێمانی

لە ۵/۱۰/۲۰۲۲ ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی و رۆژنامەنووس و نوسەر ناگیهان ئاکارسێل ناسراو بە زیلان لە گەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانی درایە بەر دەستڕێژی گولە و گیانی لەدەست‌دا.

 ئاسایش ڕایگەیاند کە بکوژەکە دەستگیرکراوە. دەنگی ئەمەریکا لە ڕاپۆرتێکی بنکۆڵکاریدا ناسنامە و ڤیدیۆی بکوژەکەی ئاشکرا کرد کە لە ئاسایشی سلێمانی دەستبەسەر بوو، بەڵام بە فەرمی تا ئێستا ئاسایشی سلێمانی لەبارەی ناسنامەی ئەو کەسەوە هیچی بڵاو نەکردۆتەوە.

 

۱۱- هێرش لە کفری

لە ۲۸/۸/ ۲۰۲۲ لێکۆڵەر و نووسەر و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری تەڤگەری ئازادی سوهەیل خورشید ناسراو بە مامۆستا شەماڵ کە فەرمانبەربوو لە بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی گەرمیان، لەنزیک ماڵەکەی خۆیدا لە شارۆچكەی كفری درایە بەر دەستڕێژی گولەو گیانی لەدەست‌دا.

 تەڤگەری ئازادی ڕایگەیاند"تورکیا هێرشەکەی ئەنجامداوەو هاوکات ئاسایشی گەرمیانیش ڕایگەیاند"کەسێکیان دەستگیرکردووە بەهۆی ڕووداوەکەوە”.

 

۱۲- هێرشێکی تر لە سلێمانی

لە ۹/۵/۲۰۲۳ حسێن ئاراسان کە خەڵکی ئیزمیر بوو هەروەها ئەندامی ڕێکخراوی کۆمەڵەی کرێکارانی میزۆپۆتامیا بوو لەبەردەم ڕێکخراوەکە لە شاری سلێمانی درایە بەر دەستڕێژی گولە دوای ڕۆژێک مانەوە لە نەخۆشخانەی شار گیانی لەدەست‌دا.

 دەزگای ئاسایشی هەرێم ئەوکات لەسەر ڕووداوەکە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "لێکۆڵێنەوە لە ڕووداوەکە دەکەین، بەڵام کەس دەستگیرنەکراوە”.

 دوای ڕووداوەکە کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکەرایگەیاند ئەو هاوڵاتییە "بەهەماهەنگیی پارتی و میت تیرۆرکراوە”. کەجەکە وتویەتی بکوژەکە هەڵاتووە بۆ هەولێر، "ئەوەش رۆڵی پارتی لەو هێرشانەدا نیشان دەدات”.

وتووشیەتی: "بەرەی تورکمانی لە کەرکوک ناوەندی دوەمە کە لە هێرش و کۆمەڵکوژییەکان بەکاردەهێندرێن. پێویستە عێراق ئەو کەسانە بە تاوانی سیخوڕی کردن بۆ وڵاتی بێگانە دەستگیر بکات".

News Code 221985

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha