بە ئامانجگرتنی بارەگای تەڤگەری ئازادی  لە کەلار، کوژراوێکی لێکەوتەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- لە کەلار بە درۆن هێرشکرایە سەر خانوویێک و کەسێک کوژرا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شەهاب ئەحمەد، قایمقامی کەلار لەبارەی هێرشە درۆنییەکەی شاری کەلار بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی رایگەیاندووە: ''سەردانی شوێنەکەمان کرد، بە درۆن هێرشی کراوەتە سەر و مووشەکێکی لێدراوە".

شەهاب ئەحمەد گوتی، خانووەکە لە نێو گەڕەکی ئاوارەکاندایە و هیچ تابلۆی بارەگا و حیزبی پێوە نییە، ''بەڵام ئەوەی کە کوژراوە، کەسێکی نەناسراوە و دەڵێن سەر بە تەڤگەری ئازادییە".

وەک قایمقامی کەلار باسیکرد، ''تەنیا کەسی کوژراو لە نێو بارەگاکەدا بووە و کاتی ڕووداوەکە لە سەربان سەرقاڵی پڕکردنی تانکی ئاو بووە، بە مووشەک لێیدراوە".

شەهاب ئەحمەد ئەوەشی خستەڕوو، درۆنەکە تەنیا مووشەکێکی لە کەسی کوژراو و سەقفی نهۆمی دووەمی خانووەکە داوە و خانووەکانی دەوروبەر هیچ زیانێکیان بەرنەکەوتووە.

تائێستا ناسنامەی کوژراوەکە دیار نییە و تەرمەکەی گواستراوەتەوە بۆ دادپزیشکی. قایمقامی کەلار گوتیشی، بەهۆی بۆردوومانەکە تەرمی کوژراوەکە بە تەواوی شێواوە و ئاسایش لێکۆڵینەوە لە ناسنامەکەی دەکات.

جومعە کەریم، گوتەبێژی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان دەڵێت ئەو شوێنەی کراوەتە ئامانج بارەگای ئەوانە لە کەلار، بەڵام بە فەرمی بەکاری ناهێنن و تەنیا بۆ کۆبوونەوە بەکاریانهێناوە.

شەهاب ئەحمەد جەختی لەوە کردەوە، تەڤگەری ئازادی بە شێوەی فەرمی لە کەلار هیچ بنکە و بارەگایەکی نییە و جگە لەو کوژراوەش هیچ کەسێک لە خانووەکەدا نەبووە.

تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان ساڵی 2014 دامەزراوە و مۆڵەتی فەرمیی لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق وەرگرتووە.

News Code 223137

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha