بەرپرسێکی تەڤگەری ئازادی: رێگریکردن لە کارەکانمان بە سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری گەیاند

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەرپرسی دەستەی دیبلۆماسیی تەڤگەری ئازادیی کوردستان ڕایگەیاند، سەردانی سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی عێراقیان کردووە و باسیان لە بابەتی رێگری کارکردن لە پارتەکەیان لە دوو پارێزگای کوردستان کردووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەرپرسی دەستەی دیبلۆماسیی تەڤگەری ئازادی کوردستان بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاندووە: لەگەڵ فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری باسی ژمارەیەک پرسیان کرد، لەنێویاندا داوایان کرد بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و مامۆستایان چارەسەر بکرێت کە ماوەیەکی زۆرە خۆپێشاندان دەکەن و مووچەی فەرمانبەران لە ناکۆکییە سیاسییەکان دەربهێندرێت.

جومعە کەریم گوتی، "هەروەها لە باسکردنی رەوشی تەڤگەر پێمانگوت لە دوو پارێزگای هەرێمی کوردستان کە هەولێر و سلێمانییە کارکردنمان لێ قەدەخەکراوە، هەرچەندە ئێمە پارتێکی مۆڵتپێدراوین بەپێی یاساکانی عێراق، فایەق زێدان رێگریکردنی لەکارکردنی تەڤگەری ئازادیی بە نایاسایی زانی و نیگەران بوو".

بەرپرسی دەستەی دیبلۆماسیی تەڤگەری ئازادی کوردستان، گوتیشی کە باسیان لە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان کردووە و داوایان کردووە کۆتایی پێبهێندرێت و خەڵکی سڤیل نەکرێتە ئامانج.

تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان خۆی بە پارتێکی سیاسیی دەناسێنێت کە لە ساڵی ۲۰۱۴ـەوە دامەزراوە و لە هەرێمی کوردستان و عێراق بارەگای هەیە، لە کۆنگرەی سێیەمی لە ۱۵ـی تەمموزی ساڵی ۲۰۲۲، ئەو پارتەدا هەریەک لە تارا حوسێن و سەلام عەبدوڵڵا بە هاوسەرۆکی ئەو حیزبە هەڵبژێردران، بەڵام ئەو پارتە بە تۆمەتی نزیکایەتی لە پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە، چەندین جار بارەگاکانیان داخراوە و ژمارەیەک ئەندامیشیان لێ دەستگیر کراوە.

News Code 222847

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha