٢ کانوونی دووەم ٢٠٢٥ - ٠٩:٠٤
چەند ناوەندێکی نزیک لە PKK لە سلێمانی داخران

هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی چەند ناوەندێکی نزیکی پارتی کرێکارانی کوردستانیان لە سلێمانی داخست.

کوردپرێس: بەپێی میدیای نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK)، ڕۆژی سێشەممە، ۳۱.۱۲.۲۰۲۴، هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی چەندین ناوەندی کولتووری، رێکخراو و میدیاییان داخستووە بەبێ ئەوەی هیچ بڕیارێکی دادگەیان پێبێت.

لەمبارەوە سەرچاوەیەک لە ئاسایشی سلێمانی بە ڕووداوی ڕاگەیاندووە: "لەژێر ڕۆشنایی بڕیاری ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق، چەند ناوەند و رێکخراوێکمان داخست کە وادەی مۆڵەتی کارکردنیان تاوەکوو کۆتایی ئەم ساڵ بووە و ئەمڕۆ مۆڵەتەکەیان تەواوبووە."

بەپێی زانیارییەکان، ناوەندەکانی بزووتنەوەی ژنانی ئازاد، کۆمپانیای نوگار و مارزیا، کۆمپانیای گزینگ کە بۆ ژن تیڤی کاردەکات، داخراون.

ڕۆژی ۶ـی ئابی ئەم ساڵیش، دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە تۆمەتی پەیوەندییان بە پارتی کرێکارانی کوردستانەوە، هەر سێ پارتی، پارتی ئازادی و دیموکراسیی ئێزدی، بەرەی تێکۆشانی دیموکراسی و پارتی ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان/ تەڤگەری ئازادی هەڵوەشاندەوە و بڕیاری دا بارەگاکانیان دابخرێن و دەست بەسەر داراییان دا بگیرێت.

ئەو سەرچاوەیەی ئاسایشی سلێمانی گوتیشی: "داخستنی ئەو ناوەندانە پێویستی بە رێگەپێدانێکی دیکەی دادوەر نەبووە، چوونکە ئێمە پێشتر بڕیارەکەمان لە ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق وەرگرتووە، داخستنیشیان تاوەکوو ئەوکاتە دەبێت کە مۆڵەتەکەیان لە بەغدا نوێ دەکەنەوە."

کۆمپانیای گزینگی بەربەیان کە بەرنامە بۆ ژن تیڤی بەرهەم دەهێنێت، ڕاگەیێندراویکی لەوبارەوە بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: "ڕۆژی ۳۱ـی کانوونی یەکەم، کە ڕۆژی کۆتایی ساڵە، لە چوارچێوەی بڕیارێکدا کە حکوومەتی ناوەندیی عێراق، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دەزگای ئاسایشی هەرێمی سلێمانی تێیدا بەشدارن، بەبێ بوون و پیشاندانی نووسراوێکی فەرمی و ئاگادارکردنەوە، بڕیاری داخستنی کۆمپانیای گزینگی بەربەیانی درا."

کۆمپانیاکە دەڵێ: "سەرەڕای ئەوەی ئەم بڕیارە لەلایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە دراوە، ئێمە بڕیاری راگرتنی کارەکانمان رەتدەکەینەوە و قبووڵی ناکەین. ئەم بڕیارە پێشێلکردنی ئازادیی رۆژنامەڤانییە لە هەرێمی کوردستان و نیشانەی بیرکردنەوەیە لە شکاندنی ئیرادەی ژن، ناسنامە و بوونی ژن."

ئەم بڕیارانە لەسەر بنەمای سکاڵای راوێژکاریێتی ئاسایشی نەتەوەیی عێراق بوو، بە تۆمەتی "پەیوەندییان لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستانی قەدەخەکراو و هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی عێراق."

لە بڕیارەکەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی عێراق دا هاتووە "بەگوێرەی مادەی ۲۵/ یەکەم و سێیەم لە یاسای پارتە سیاسییەکان ژمارە ۳۶ـی ساڵی ۲۰۱۵، نابێ پارتە سیاسییەکان پەیوەندیی ڕێکخراویی، یاخود داراییان لەگەڵ هیچ لایەنێکی ناعێراقیدا هەبێ، یان ئاراستەی چالاکی حیزبییان لەسەر بنەمای فەرمان، یاخود ئاراستەی هیچ دەوڵەتێک، یان لایەنێکی دەرەکی بێ، نابێ هاوکاری پارتێکی سیاسی بکات، کە دەوڵەت قەدەخەی کردووە، یاخود ئەو پارتە ئەجێندای وڵاتێکی دیکە جێبەجێ بکات، بۆ دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی عێراق."

News Code 224644

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha