ڕێبەری باڵای شۆڕش: لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئێراندا سەرۆک‌کۆمارێکی بە توانا هەڵبژێردرا

بەشی ئێران- ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران لە مەراسیمی دەست بەکاربوونی مەسعوود پزیشکیان سەرۆک کۆماری نوێدا رایگەیاند، هەڵبژاردنەکە بە ئارامی و سەلامەت و کێبڕکێ ئەخلاقی کاندیدەکان بەڕێوەچوو، ئەوە ئەزمونێکی گەورەبوو بۆ ئێران.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئایەتۆڵڵا خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه‌ لە مەراسیمی دەست بەکاربوونی مەسعوود پزیشکیان سەرۆک کۆماری نوێدا ڕایگەیاند: "سوپاس بۆ خودا بەسەرکەوتویی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئەنجام درا و ئەنجامێکی شیرینی بۆ گەلی ئێران هەبوو، ئەو ئەزموونە بە ئاسانی بە دەست نەهاتووە و لەبەرامبەر دۆخێکی سەخت و ئاڵۆز کە بەسەر وڵاتەکەدا هاتووە، هاتوەتەوە ئاراوە، ئیمامی گەورە لە یەکەم ڕۆژی سەرکەوتنی شۆڕشەوە ئەو دۆخەی هێناوەتە ئاراوە کە خەڵک بڕیار لە بەڕێوەبردنی وڵات بدەن".

ئاماژەی بەوەش کرد، پێش بڕیارەکەی ئیمامی گەورە، خەڵکی ئێران تەنها ئەزموونی "مەشرووتە"یان هەبوو بۆ بەشداری کردن لە بەڕێوەبردنی وڵات، بەڵام ئەو ئەزموونە سەرکەوتوو نەبوو، ڕووبەڕووبوونەوە ڕوویدا و خەڵکی ئێران شەهید بوون و بوونە قوربانی، چوونکە ڕێبەرێکی بەهێز لەو ڕۆژگارەدا نەبوو، لە سەرەتای ڕۆژەکانی شۆڕشی "مەشرووتە"وە دۆخی وڵات تێکچوو، بێگانەکان دەستێوەردانیان کرد، ئەو نائارامیە بەردەوام بو تا دوای 15 ساڵ ڕەزا شای دیکتاتۆر هات.

ئایەتۆڵڵا خامنەی باسی لەوەش کرد، ڕەزاشای پەهلەوی دیکتاتۆرێکی توندوتیژ و زاڵم بوو، لەلایەکی دیکە پابەندبوو بە بێگانەکانەوە، بەریتانییەکان هینایانە سەرکار و ئەویش هەمووکارێکی بۆ ئەوان کرد، لە بواری سیاسی و کلتوری و ئیداریەوە، نەوتی بەوان دا و لەگەڵ خەڵک و دینداریداراندا توندوتیژ بوو، دواتر بێگانەکان زانیان ڕەزاشا لایەنگری هیتلەرە و هەر ئەو بەریتانیایانەی کە هێنایانە سەر حوکم دووریان خستەوە و کوڕە ناشایستەکەیان لە شوێنی دانا.

ڕێبه‌ری باڵای ئێران وتیشی: "محەمەد ڕەزاشا هەمان کاریکرد، بە یارمەتی بێگانە لەگەڵ خەڵکی ئێران توندوتیژبوو، بێگانەکان دەستیان بەسەر سەرچاوە نیشتمانیەکانی وەکوو نەوتدا گرتبوو، خۆیان لە بیرەوەریەکانیادا دانیان بە هەموو ئەو شتانەدا نابوو، هەموو بڕیارەکانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە لایەن بێگانەوە بڕیاری لێدەدرا، کاری محەمه‌د ڕەزا گەیشتە شوێنێک کە دەستی بۆ لەنێوبردنی دەوڵەت برد و هانای بۆ بەریتانیان و ئەورووپا برد بۆ ئەوەی کوودەتا بکەن، ئەوەش گەورەترین خیانەتی نیشتیمانیە".

ڕێبەری ڕوونی کردەوە، "ئەوەی کە خەڵک بڕیار لە بەڕێوەبردنی وڵات بدەن، بەرهەمی شۆڕشی ئیسلامی و دیاری ئیمامە بۆ خەڵکەکەی دەبێت قەدری بگیرێت و بپارێزرێت، لەماوەی ئەو 40 ساڵەدا کە شۆڕشی ئیسلامی ئەنجامدراوە، چەندین هەڵبژاردن کراوە، لەوانە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و سەرۆک کۆمار و ئەنجومەنی شۆڕش و دەستوور و ڕێبەر، سەرجەمیان بەسەرکەوتوویی و سەلامەتی ئەنجام دراون، ئەوەی گرنگە خەڵک بە بیروباوڕەوە دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان".

ئایەتۆڵڵا خامنەیی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، "لە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەدا سەرۆک کۆمارێکی بە توانا هەڵبژێردرا، وته‌کانی ئەمڕۆی سەرۆک کۆمار قووڵ بون،  هیوادارین خوا یارمەتی بدات و هەموومان  لە جێگەی خۆمانەوە دەبێت یارمەتی دەری بین".

ڕێبه‌ری باڵای ئێران ڕاشیگەیاند: "یەکەمین وته‌ی ئێمە ئەوەیە وڵات و گەلی ئێمە گەورەن، خاوەنی بیرۆکە و داهێنان و ئەزموونن و کاتێک مرۆڤ دادەنیشێت گوێ دەگرێت لە گفتوگۆ و پێشنیارەکان و تەنانەت ناڕەزایەتیەکان، هەمووی مزگێنییە کە نیشانەی بیرۆکەی نوێ و ئەزموونی باشە بۆ کردنەوەی ڕێگاکانی داهاتوو، ئەوە سەروەتێکی گەورەی نیشتمانییە دەبێت سوودی لێببینرێت، حکوومەتی ئێران و سەرۆک کۆمار پێویستە سوود لە سەرمایەی سروشتی و مرۆیی ئێران وەربگرن، دەبێت بە جددی هەوڵ بدەن و کارەکان بەرەوە پێش ببەن".

ڕێبەری ئێران وتیشی: بە رۆحییەتی جیهادی زۆربەی ڕێگە و کۆسپەکان لابدەن، واتا بەردەوام بون لە کارکردن و ئامانج دەستنیشان بکرێت و هەڵبەت چوارچێوەی یاسایی و ئیداری هەیە.

ئامۆژگاری سێیەمی ئایەتۆڵڵا خامنه‌یی ئەوەبوو، لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا، دەبێت دەسەڵاتەکانی پەرلەمان و سەرۆک کۆمار و یاسادانان یارمەتیدەری یەکتر بن، کۆبوونەوەی سەرۆکی سێ دەسەڵاتەکە بەجددی و زۆربێت و هێزە چەکدارەکان هەرکات حکوومەت و خەڵک پێویستیان بوون دەبێت ڕۆڵ ببینن.

News Code 223855

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha