ئەدهەم بارزانی جووڵەیەکی سیاسیی لە بەغداوە دەست پێکرد

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەدهەم بارزانی ئه‌ندامى پێشووى سه‌ركردایه‌تى پارتى‌ و یەکێک لە سەرکردەکانی پێشووی ئەو حزبە کە ماوەی چەند ساڵێکە لە حزبەکە دوور کەوتوه‌تەوە لە بەغداوە سەرقاڵی دەست پێکردنی جووڵەیەکی سیاسی نوێیە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شارپرێس بڵاوی کردەوە ئەدهەم بارزانی ‌و ژمارەیەک لە چالاکان ‌و کەسایەتی دیاری هەرێمی کوردستان سەرقاڵی دروست کردنی هێزێکی نوێن‌ و لە ئێستاشدا ناوی هێزەکەیان بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کردووە و لە بەغدای پایتەختی عێراقیش مۆڵەتییان وەک ڕەوتێکی نوێی سیاسی وەرگرتووە و بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوودا کۆنگرەی هێزەکەش ببەسترێت.

بەگوێره‌ى ئەو زانیاریانەی لەسەرچاوەی تایبەت‌ و نزیکی ئەدهەم بارزانییەوە دەست کەوتوون، ناوبراو چاوی لەوەیە لەبادینان چڕیی هێزەکەی دەربکەوێت ‌و دەیەوێت خەڵکێکی زۆر لەدەوری هێزەکەی کۆ ببنەوە.

لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەدهەم بارزانی سەردانی بەغدای پایتەختی عێراقی کردووە و قسەی لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی باڵای عێراق لەسەر ئاستی حزب ‌و حکوومەت کردووە بۆ ئەوەی هەوڵ بدرێت ئەو ڕێگریانەی لەبەردەمیەتی بۆ گەڕانەوە بۆ بادینان لاببرێن‌ و لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا بتوانێت بچێتەوە ناوچەکەی خۆیی ‌و جووڵەی سیاسی‌ و کەمپەینی هەڵبژاردن ئەنجام بدات، ئەمەش لەکاتێکدا کە پارتی لەڕێگەی دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێرەوە، فەرمانی گرتنی بۆ ناوبراو دەرکردووە و ئێستا یەکێکە لە داواکراوەکانی دادگا و هێزە ئەمنیەکان فەرمانی گرتنی ناوبراویان پێیە.

سەرچاوەیەکی تایبەت ‌و نزیک لەئەدهەم بارزانی زانیاری ئەوەشیداوە کە لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا بڕیار بووە شێخ ئەدهەم بارزانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجام بدات ‌و هەندێک زانیاری هەستیار لەبارەی دۆخی هەرێم‌ و هەڵبژاردنەوە ئاشکرا بکات، بەڵام وەک سەرچاوەکە ئاشکرای کرد، بەشێک لە کەسایەتی ‌و حزبە سیاسیەکانی پەیوەندیدار بە ئەدهەم بارزانییەوە داوایان لێکردووە لەئێستادا هیچ نەڵێت ‌و قسە بۆ میدیاکان نەکات ‌و کاتی قسەکردنی ‌و ئاشکرا کردنی زانیاریەکانی بۆ کاتێکی گونجاوتر دوا بخات.

News Code 223805

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha