بەبێ کۆدەنگی لەگەڵ حکوومەتی عێراق بڕیار لەسەر مانەوەی هێزەکانمان لەو وڵاتە نادەین

بەشی جیهان- وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە داهاتووی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، جەختی کردەوە کە بڕیار لەو بابەتە بە کۆدەنگی لەگەڵ حکوومەتی عێراق دەدرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ساموێل وێربێرگ، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند واشنتن و بەغداد پەیوەندیی هاوبەشیان هەیە، جگە لەوەش عێراق دەوڵەتێکی خاوەن سەروەرییە و لێپرسراوە عێراقییەکان مافی تەواویان هەیە، قسە بە ناوی گەلی عێراقەوە بکەن، و بڕیارەکان بەکۆمەڵ دەدرێت، چوونکە بڕیار بە تەنیا لای ئەمریکا نییە، بەڵکوو پێویستە بڕیار لەلایەن حکوومەتی عێراق و ئەمریکاوە بدرێت.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە داهاتووی هێزەکانی ئەمریکاش لە عێراق، جەختی کردەوە کە بڕیار لەو بابەتە بە کۆدەنگی لەگەڵ حکوومەتی عێراق دەدرێت، هەر بڕیارێک بدرێت، ئەوان رێزی دەگرن.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا ساڵی ٢٠٠٣ نییە، هەروەک چۆن ئەمریکا خاوەن سەروەرییە، عێراقیش بەهەمان شێوە خاوەنی سەروەیی خۆیەتی، بۆیە دەبێت سوپاسی عێراق بکەن، بۆ میوانداری کردنی هێزەکانی ئەمریکا و هێزەکانی دیکەی هاوپەیمانان، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و تێکشکاندنی لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وتیشی: "ئەوان گفتوگۆ لەسەر گۆڕانکارییەکان و داهاتووی هێزەکانی هاوپەیمانان و هەوڵەکانیان لە عێراق دەکەن بۆ دژایەتی کردنی تیرۆر، بەم دواییانەش کۆبوونەوەی هاوبەش کراوە لە نێوان لێپرسراوە عێراقی و ئەمریکییەکان، بەردەوامیش دەبن لەو هەوڵانە و شوێنپەنجەی ئەمریکا بە دیاریکراوی لە عێراق و ژمارەی پێویست لە سەربازانی ئەمریکا دیاری دەکەن".

News Code 223800

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha