بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سیروان بارزانی، سەرپەرشتیاری میحوەری شەشی پێشمەرگە (گوێڕ - مەخموور) بە تەلەفزیۆنی ڕووداوی ڕاگەیاند: "داعش لاواز بووە، بەڵام بەردەوام جموجووڵی هەیە و تاوەکوو ئێستاش لە چیای قەرەچووخ هەیە. ئەو ناوچەیە شاخاوی و سەختە؛ هاوکات، ناوچەکە بۆشایی ئەمنییە و هەربۆیە نەتوانراوە لە بوونی چەکدارانی داعش پاکبکرێتەوە. خەڵکیش هەیە لەو ناوچەیە هاوکاری داعش دەکات".
لەبارەی لیوا هاوبەشەکانیش، سیروان بارزانی گوتی، راهێنانیان تەواو کردووە و ئەگەری زۆرە یەکێک لە لیواکان لە میحوەری شەش جێگیر بکرێت.
سەرپەرشتیاری میحوەری شەشی پێشمەرگە گوتیشی، "لیوا هاوبەشەکان پێشتر چاوەڕوانی بوودجە بوون. ئێستا گرفتەکەیان نەماوە و راهێنانیان کردووە و ئامادەن بۆ ئەوەی ئەرکیان پێ بسپێردرێت. ئێستا لیژنەی هاوبەش لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق هەیە. ئەو لیژنەیە دەستی بە سەردان کردووە و هاتوونەتە لای ئێمەش. هەرچەندە دوو لیوا بۆ سنووری زیاتر لە هەزار کیلۆمەتر کەمە، بەڵام بڕیارە ئەو دوو لیوایە سەرەتا لەو ناوچانە دابمەزرێنرێن کە جموجووڵی داعش تێیاندا زیاترە".
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا داعش خەڵكی بیانی لەگەڵ ماوە، سیروان بارزانی گوتی، "زۆرینەیان خەڵکی ئەو سنوورەن و بە دەگمەن خەڵکی بیانیان تێدایە، جموجووڵیان لە ناوچەکانی بۆشایی ئەمنییە، واتە ئەو ناوچانەی نە هێزی پێشمەرگە و نە سوپای عێراقی تێدا نییە. چەکدارانی داعش سوودیان لەو بۆشاییە وەرگرتووە. چەکدارانی داعش بارەگایان نییە، بەڵام سوودیان لە ئەشکەوت و تونێلەکانی چیای قەرەچووخ وەرگرتووە و لەو شوێنانە دەمێننەوە".
سیروان بارزانی دەڵێت: "هاوپەیمانان وەک ڕاوێژکار لەگەڵ هێزی پێشمەرگە کاردەکەن. هاوپەیمانان زۆر هاوکاریمان دەکەن، بەتایبەت لە رێگەی ئەو زانیارییانەی پێمان دەدەن؛ هاوکات بەردەوامن لە پڕچەککردنی هێزەکانی پێشمەرگە و پێدانی بەشێک لە مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە، بەڵام گلەییان لە خاوی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەش هەیە".
سەبارەت بە هۆکاری خاویی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، سەرپەرشتیاری میحوەری شەشی پێشمەرگە گوتی، "خاوبوونەوەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە هەندێکجار پەیوەستە بە پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتییەوە، چونکە ئەو چاکسازییانە پەیوەستن بە هێزەکانی ۷۰ و ۸۰ـەوە. هەندێک لە فەرماندەکانی پێشمەرگەش رەنگە حەزیان بەو یەکخستنەوەیە نەبێت، چونکە رەنگە لەو یەکگرتنەوەیەدا پۆستەکانی ئەوان زیادە بێت. هەوڵ هەیە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان".
سیروان بارزانی، کە هاوکات ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کورستانە، لەبارەی گەڕانەوەی بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ کەرکووک دەڵێت، "هەوڵێکی جیدی هەیە دژی گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک. لە بابەتی گەڕاندنەوەی بارەگەکەی پارتییدا لە کەرکووک دەرکەوت چ گرفتێکی بۆ دروستکرا و شەهیدیشی لێکەوتەوە. دیارە لە گەڕانەوەی کورد و پارتی بۆ کەرکووک دەترسن".
Your Comment