باندێکی سەربە پەکەکە سووتێنەری بازاڕ و ژێرخانە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستانن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وەزارەتی ناوخۆی عێراق و وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە هاوبەشی ڕایانگەیاند پەکەکە لە پشت سووتاندنی بازاڕەکانی هەولێر، کەرکووک و دهۆکە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سێ تۆمەتبار بە جلوبەرگى زەرد و بە چاو بەستراوى برانە بەردەم کامێراى کەناڵەکانى تەلەڤیزیۆن لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییە هاوبەشەى نێوان هەردوو وەزارەتى ناوخۆى عێراق و هەرێمى کوردستان لە بەغدا کرا، بۆ ئاشکراکردنى تۆڕێک کە تۆمەتبارکراون بە سووتاندنى چەند شوێنێک لە کەرکووک و هەرێمى کوردستان.

میقداد میرى، گوتەبێژى وەزارەتى ناوخۆى عێراق وتى "ئەو تۆمەتبارانەى ئێستا لەبەردەمتاندان، سەر بە تۆڕێکى قەدەخەکراون، کە پەکەکەیە".

رووداوەکانى ئاگرکەوتنەوە لە ساڵى ۲۰۲۳ و ئەمساڵ روویانداوە، کە زیانەکانى لەلایەن هەردوو وەزارەتەوە بە سەدان ملیۆن دۆلار مەزەندە کراوە.

میقداد میرى راشیگەیاند: لە کۆتایی ۲۰۲۳ و سەرەتاى ۲۰۲۴ ئاگر لە ۱۷ دووکان و ۱۴ کۆگەى کەرکووک کەوتەوە، دواى ماوەیەک ئاگرێکى دیکە لە بازاڕێکى میللیی دهۆک کەوتەوە، سووتانى ئەو بازاڕانە بەو شێوەیە، ئاماژەبوون بۆ ئەوەى تۆڕێکى مەترسیدار ئەو کارانە بەڕێوە دەبەن."

دواى ڕووداوەکان، لیژنەیەک لە ئاژانسى هەواڵگریى فیدراڵى سەر بە وەزارەتى ناوخۆى فیدراڵى پێکهێندراوە، بە هاوئاهەنگى لەگەڵ وەزارەتى ناوخۆى هەرێمى کوردستان لێکۆڵینەوەیان کردووە.

بەگوێرەى لێکۆڵینەوەکان، ئەندامانى ئەو تۆڕە دانیان بە چەندین کارى سووتاندندا ناوە لەگەڵ هەوڵى دیکەى سووتاندن کە سەریان نەگرتووە.

لە کەرکووک دووجار هەوڵى سووتاندنى مۆڵى ئۆف کەرکووک ـیان داوە لە ۱۰ـی تیشرینى یەکەمی ۲۰۲۳، هەروەها ۷ـی نیسانى ۲۰۲۴، لەگەڵ سووتاندنى باڵەخانەى ئیسماعیل دەروێش لە ۳ـی ئایارى ۲۰۲۴.

ئەو رووداوانەى ئاگرکەوتنەوە لە هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان کە ئەندامانى تۆڕەکەى پێ تۆمەتبار دەکرێن بریتین لە: سووتاندنى بازاڕى لەنگەى هەولێر لە ۲۷ـی شوبات، هەروەها جارێکی دیکەش لە ۸ـی نیسانى ۲۰۲۴، سووتاندنى کۆمپانیاک و کۆگایەک لە قەزاى قوشتەپە لە ۲۷ـی ئادارى ۲۰۲۴، سووتاندنى بازاڕى نیشتیمان لە ۲۳ـی نیسانى ۲۰۲۴ و، سووتاندنى بازاڕى قەیسەرى لە ۵ـی ئایارى ۲۰۲۴.

بەگوێرەى لێکۆڵینەوەکان، ئەو گرووپە لە یەکى نیسانى ۲۰۲۴ بازاڕى چەلێ، کە بازاڕێکی قەرەباڵخ و میلیی سەنتەری دهۆکە، سووتاندووە.

گوتەبێژى وەزارەتى ناوخۆى عێراق گوتى: "ئەو سووتاندنانە بەشێوەیەکى بەرنامە بۆ داڕێژراو و رێکخراو بوون، بەشێوەیەک کە ئەستەمە ئاشکرابکرێت."

بەگوێرەى لێکۆڵینەوەکانی هەردوو وەزارەتەکە؛ ئەو ئاگرانە لە رێگەى گیراوەیەکەوە کراونەتەوە، کە لەنێو پاکەتى جگەرە و شیرینى کراون و فڕێدراونەتەوە شوێنى ڕووداوەکان، کە لە دواى پێنج کاژێر ئاگر دەگرن.

میقداد میرى رایگەیاند: لە ۲۳ـی ئایارى یەکەم تۆمەتبارى نێو ئەو تۆڕە دەستگیرکراوە و لە ئۆتۆمبێلەکەیدا مادەى کیمیایی پێ گیراوە کە لە ئاگرخستنەوەکاندا بەکارهێندراون، گوتشى "ئاماج لەو کارانە، زیانگەیاندنە بە بەرژەوەندیی وڵاتێک کە گوایەى نەیارى ئەو گرووپەیە".

هێمن میرانى، بەڕێوەبەرى گشتیی دیوان لە وەزارەتى ناوخۆى هەرێمى کوردستان گوتى "سەرپەرشتیارى تۆڕەکە ناوى هونەر فەخرەدین ئەحمەدە و کارمەندى هێزەکانى حەفتایە، یەکێکى دیکەیان، ناوى محەممەد نەجات حەسەنە و ئەفسەرە لە دژەتیرۆرى سلێمانى، لەلایەن پەکەکەوە لە کفرى و سلێمانى و سەنگەسەر راهێندراون بۆ ئەوەى ئەو کارانە بکەن، بە وتەی میقداد میرى کەسی سێیەمى ئەو تۆڕەوە "سەر بە پەکەکە بووە".

 بەگوێرەى لێکۆڵینەوەکانى هەردوو وەزارەتى ناوخۆى عێراق و حکومەتى فیدراڵى، زیانى ئەو ئاگرکەوتنەوانە زیاتر لە ۳۰۰ ملیۆن دۆلار بووە.

بەڕێوەبەرى گشتیی دیوان لە وەزارەتى ناوخۆى هەرێمى کوردستان گوتى "داوا لە هاووڵاتیانى زەرەرمەند دەکەین، لە بنکەى پۆلیس یان لە دادگەکان سکاڵا تۆمار بکەن بۆ ئەوەى لە دواى لێکۆڵینەوە لە دادگەکانى بەغدا، لە دادگەکانى هەرێمى کوردستانیش باجى تاوانەکانیان و زیانگەیاندنەکانیان بدەن."

لێکۆڵینەوەى هەردوو وەزارەتەکە لەگەڵ تۆمەتبارەکان دەریخستووە 'بەنیاز بوون شوێنى دیکە بە هەمان شێوە بکەنە ئامانج و بیانسووتێنن، لەوانە سووتاندنى بازاڕە میللییەکان و کۆمپانیاکان و هێڵى گواستنەوەی نەوتى شارەکە بۆ بەندەرى جەیهانى تورکیا، هەروەها بەئامانجگرتنى بازاڕى بازرگانى لە بەغدا."

بەگوێرەى هەردوو وەزارەتى ناوخۆ، تۆڕەکە لە بەرنامەیاندا بووە لە هەولێر بازاڕى میللی، شوێنى بازرگانى، کێڵگەى کشتوکاڵى، پاڵاوگە، شوێنى گەشتیارى لە شەقلاوە، سیروان مۆڵ و هێڵى گواستنەوەى کارەبا بسووتێنن.

میقداد میرى گوتى "دواى لێکۆڵینەوە، دەرکەوتووە ئەو تۆڕە شوێنێکیان لە وڵاتێکى دراوسێ کردووەتە ئامانج و بەنیاز بوون هێرشێکى هاوشێوە لە وڵاتێکى دیکەى دراوسێش بکەن.

News Code 223731

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha