پەکەکە ڕەتی دەکاتەوە دەستیان لە سووتاندنی هیچ شوێنێکدا هەبێت

بەشی تورکیا- کۆما جڤاکێن کوردستانێ لە ڕاگەیێنراوێکدا ڕەخنەی تووند لە وەزارەتی نێوخۆی عێراق دەگرێت و ڕەتی دەکاتەوە ئەندامانی پەکەکە دەستیان لە سووتاندنی هیچ شوێنێکدا هەبێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دوای ئەوەی ڕۆژی دووشەممە وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، چەند بازاڕێکی هەرێمی کوردستان  لەلایەن پەکەکەوە سووتێندراون، کەجەکە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیێنراوەکەی کەجەکەدا هاتووە: "لە میدیاکانەوە زانیمان کە وەزارەتی نێوخۆی عێراق بانگەشەی ئەوە دەکات، گوایە سووتانی چەند شوێنێکی شارەکانی هەولێر، کەرکووک و دهۆک لەلایەن گرووپێکی پەکەکەوە بووە. ئەو هەوڵانە ڕەت دەکەینەوە کە کۆمەڵگە دەزانێت. ئەو بانگەشانە هیچ پەیوەندییەکیان بە ڕاستییەوە نییە و هەوڵێکن لە دژی بزووتنەوەکەمان".

کەجەکە هەروەها بانگهێشتی وەزارەتی نێوخۆی عێراقی کردووە و داوا دەکات بەگوێرەی رێنوێنییەکانی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت) هەنگاو نەنێت و دەڵێت: "بانگهێشتان دەکەین ئەو کەسانەی دەستیان لە سووتاندنی ئەو ناوچانەدا هەبووە، ئاشکرا بکرێن و بزووتنەوەکەمان تۆمەتبار نەکرێت. هەروەها بانگهێشتی خەڵکی دیموکراسیخواز و تێکۆشەری عێراق دەکەین، هەڵوێستیان بەرامبەر ئەو جۆرە درۆیانە هەبێت".

کەجەکە لە ڕاگەیێندراوەکەدا پەکەکەی بە هێزێکی خاوەن پرەنسیپ و تێکۆشەر ناوبردووە و دەڵێت؛ پەکەکە لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ جێی متمانەی خەڵکی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە و ئەمڕۆ لە دژی داگیرکاریی تورکیا شەڕ دەکات.

دەشڵێت: "سەربازانی سوپای داگیرکاری تورکیا لە زاخۆ، دهۆک و هەولێر بێڕێزی بە خەڵکی ئێمە دەکەن. هەروەها بە ئاشکرا درێژە بەو داگیرکارییە دەدەن کە بە نهێنی دەستیانپێکرد. سوپای داگیرکاری تورکیا لە خاکی عێراق بە ڕۆژی ڕۆشن رێگە دەگرن، پشکنین دەکەن، ناسنامە وەردەگرن، خەڵک دەگرن، گەڕان دەکەن، بە تۆپبارانەکانیان خەڵک شەهید دەکەن و ناچار بە کۆچیان دەکەن".

شایانی باسە ڕۆژی دووشەممە، ۰۱-۰۷-۲۰۲۴ هەردوو وەزارەتی ناوخۆی عێراق و وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە هاوبەشی رایانگەیاند: "پەکەکە لە پشت سووتاندنی بازاڕەکانی هەولێر، کەرکووک و دهۆکە، پلانیان هەبووە تاوانی دیکەش لەدژی بەرژەوەندیی خەڵک بکەن."

لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا سێ تۆمەتبار نیشاندران، میقداد میرى، گوتەبێژى وەزارەتى ناوخۆى عێراق گوتى: "ئەو تۆمەتبارانەى ئێستا لەبەردەمتاندان، سەر بە تۆڕێکى قەدەخەکراون، کە پەکەکەیە".

بەگوێرەى لێکۆڵینەوەکان، ئەندامانى ئەو تۆڕە دانیان بە چەندین کارى سووتاندندا ناوە لەگەڵ هەوڵى دیکەى سووتاندن کە سەریان نەگرتووە.

لە کەرکووک دووجار هەوڵى سووتاندنى مۆڵى ئۆف کەرکووک ـیان داوە لە ۱۰ـی تیشرینى یەکەمی ۲۰۲۳، هەروەها ۷ـی نیسانى ۲۰۲۴، لەگەڵ سووتاندنى باڵەخانەى ئیسماعیل دەروێش لە ۳ـی ئایارى ۲۰۲۴.

ئەو ڕووداوانەى ئاگرکەوتنەوە لە هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان کە ئەندامانى تۆڕەکەى پێ تۆمەتبار دەکرێن بریتین لە: سووتاندنى بازاڕى لەنگەى هەولێر لە ۲۷ـی شوبات، هەروەها جارێکی دیکەش لە ۸ـی نیسانى ۲۰۲۴، سووتاندنى کۆمپانیایەک و کۆگایەک لە قەزاى قوشتەپە لە ۲۷ـی ئادارى ۲۰۲۴، سووتاندنى بازاڕى نیشتیمان لە ۲۳ـی نیسانى ۲۰۲۴ و، سووتاندنى بازاڕى قەیسەرى لە ۵ـی ئایارى ۲۰۲۴.

بەگوێرەى لێکۆڵینەوەکان، ئەو گرووپە لە یەکى نیسانى ۲۰۲۴ بازاڕى چەلێ، کە بازاڕێکی قەرەباڵخ و میللیی سەنتەری دهۆکە، سووتاندووە.

هەر بەگوێرەى لێکۆڵینەوەکانى هەردوو وەزارەتى ناوخۆى عێراق و حکوومەتى فیدراڵى، زیانى ئەو ئاگرکەوتنەوانە زیاتر لە ۳۰۰ ملیۆن دۆلار بووە.

News Code 223732

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha