ئەو تۆمەتانەی دەخرێنە پاڵ یەکێتی سیناریۆی چەوتن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەعدی پیرە دەڵێت، تۆمەتبارکردنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بە هەبوونی دەست لە ئاگرکردنەوە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان سیناریۆیەکی بێ‌بنەماییە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە هەولێر گوتی: "خۆمان ئامادە دەکەین بۆ هەڵبژاردن نەک بۆ دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆ، هەروەها ئەم حیکایەتانە کە ئاراستەی یەکێتییە زۆر بە تووندی ڕەتی دەکەینەوە و هیچ لایەنێک ناتوانێت دەستە چەورەکەی بەسەر ئێمەدا بسڕێت، چونکە پەیوەندیمان بە ئاگرەکانەوە نەبووە و ئەو قسانەی کە دەکرێن سیناریۆی چەوتن".

وتەبێژەکەی یەکێتی لەو بارەیەوە، ڕوونی کردەوە: "هەموو لایەکمان هەوڵمان دا لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بکەین، زانیمان بەدواداچوون کراوە و خەڵک دەستگیرکراوە، بەتایبەتی هەواڵگری عێراق ئاگاداری کردینەوە کە کەسێک گیراوە جوندییە لە دژەتیرۆر، دانپێدانانی کردووە کە ۸۰۰ دۆلاری وەرگرتووە بۆ ئەو کارە، ئەمە هەشت تا نۆ مانگ پێش ئێستا بوو، ئەوکات دژەتیرۆر هەموو ئیمتیازاتێکی ئەم جوندیەی بڕی و کەوتە هاوکاری دەزگای هەواڵگریی عێراق بۆ لێکۆڵینەوە لەو بابەتە، ئەمڕۆش ئەنجامەکانی ئاشکرا کرا و گوێمان لە گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق گرت کە باسی تاوانبارەکان دەکات و باسی لێکۆڵینەوە دەکات و بە گوتەی ئەوانە کە دەستگیرکراون ناوی حیزبێکی سیاسی دەهێنیت، بەڵام بە هیچ شێوەیەک ناوی دژەتیرۆر و یەکەی ۷۰ ناهێنێت".

بەڵام وەکوو خۆی دەڵێت: "کە قسەکان بووە کوردی و لەلایەن نوێنەری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمەوە قسەکان دەکرا، بانگەشەی هەڵبژاردن دەستیپێکرد لە دژی یەکێتی کە گوایە یەکێتی وای کردووە و دژەتیرۆر وای کردووە، ئێمە هێزێکی گەورەی سیاسین و پارتیش هێزێکی گەورەی سیاسییە و حزبی دیکەی گەورە هەن، دەکرێت هەندێک کەس خۆیان لەسەر ئێمە حساب بکەن، بەڵام نێردراوە، زۆرکەس خزاوەتە ناو کارێکی قێزەون و خۆی لەسەر ئێمە حساب دەکات، ئێستا پاش ئەو هەموو قڕە و بڕەیە خۆمان ئامادە دەکەین بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن نەک بۆ دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆ".

هاوکات. باس لەوە دەکات "ئەوەی ئەوان دەیکەن بابەتی شەڕی ناوخۆیە، چونکە ئەوەی کە گیراوە و تاوانبارە دەڵێت ۸۰۰ دۆلارم وەرگرتووە، بۆ لێی ناپرسن لەکێی وەرگرتووە؟ بە دڵنیاییەوە لە یەکێتی وەرنەگرتووە، یەکێتی ئەوکات ئیدانەی کردوە و ئێستاش ئیدانەی دەکات و هاوکاری هەموو لایەکی کردووە".

News Code 223734

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha