تورکیا دەیەوێت تا قووڵایی ۴۰ کیلۆمەتر بێتە خاکی عێراقەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- پسپۆری بوارەکانی سەربازی و ئەمنی  باس لە ئەگەری هێرشی بەرفراوانی زەمینی و ئاسمانی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان و بەتایبەتیش بۆ سەر ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی و قەندیل دەکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فەریقی یەکەم «جەبار یاوەر» لە گفتوگۆ لەگەڵ ماڵپەڕی «هاوڵاتی» باس لە هۆکارەکانی بێدەنگبوونی حکوومەتی فیدراڵی عێراق لەبەرامبەر ئوپراسیۆنەکانی تورکیا و ئەگەری رێکەوتنێکی ژێربەژێری تورکیا و عێراق  سەبارەت بەهێرش و ئوپراسیۆنەکانی ئەو وڵاتەو ئەگەری گواستنەوەی جەنگ بۆ ناو قووڵایی خاکی تورکیا لەلایەن چەکدارانی پەکەکەوە دەکات.

جەبار یاوەر لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئایا تورکیا بەبێ‌گوێدانە یاسا و رێسا نێودەڵەتییەکان دەتوانێت هێرشێکی سەربازی بەرفراوانی وشکانی بکاتەسەر هەرێمی کوردستان و بەتایبەتیش ناوچەکانی سلێمانی و شنگال بەبیانووی لەناوبردنی پەکەکە، ڕایگەیاند: هەتا ئێستا تورکیا هیچ گوێی نەداوەتە یاسایەکی نێودەوڵەتی بۆ هێرشکردن بۆ ناو خاکی عێراق لە هەرێمی کوردستاندا، لەبەرئەوەی لە ۲۰۰۷ەوە تاکوو ئێستا بەبیانووی بوونی چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە دیوی سنووری عێراق یان لەسەرتاسەری سنوورەکانی عێراق و تورکیا هێرشی خۆی دەکات و بەردەوام پشت دەبەستێت بەیاسایەکی نێودەوڵتی کە گوایە رێدەدات بە دەوڵەتان پارێزگاری لە وڵاتی خۆیان بکەن و تەنیا پشت دەبەستێت بەو بڕیارەی کەساڵانە پەرلەمانی تورکیا مۆڵەت دەدات بەهێزە چەکدارەکانی تورکیا کە لەودیو سنوور بۆ پاراستنی ئەمنییەتی تورکیا کردەی سەربازی ئەنجام بدەن دژی ئەو دوژمنانەی کەئەوان خۆیان دەستنیشانی دەکەن، لەبەرئەوەیە تورکیا گوێی نەداوەتە ئەو شتانەو بەبەردەوامی هەروەک باسمکرد بەیاساکانی نێودەوڵەتی یان گوێی نەداوەتە ئەوەی کە رەزامەندی وڵاتانی چواردەور و ئەو وڵاتانەی کە پرۆسەی سەربازی تیایاندا ئەنجامدەدات وەربگرێت، بەبەردەوامیش پرۆسەی سەربازی هەم لە ئاسمانەوە و هەم لە ئەرزەوە، بەهۆی فرۆکەی جەنگی و فرۆکەی بێفڕۆکەوان و هێزی پیادەوە ئەنجامداوە، هەم لەناو خاکی سوریا هەم لەناو خاکی عێراق لە هەرێمی کوردستان.

ناوبراو وتیشی: ئێستاکەش تورکیا بەدرێژایی ۲۰۰ کیلۆمەتر و لە هەندێ ناوچەش بە قووڵایی ۱۰ کیلۆمەتر و لە هەندێ ناوچەی دیکەش بە قووڵایی نزیکەی ۴۰ کیلۆمەتر بنکە و سەربازگەی هەیە لەناو خاکی عێراق لە هەرێمی کوردستاندا کە بەخۆی بڵاویدەکاتەوە لەسەر نەخشەکانی وەزارەتی بەرگری تورکیا کە تائێستا نزیکەی ۸۷ بنکەی سەربازی لەناو خاکی عێراقدا لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، کەیەکێک لەو بنکانە نزیک باشیقە کە لەنێوان ۸۰ تا ۱۰۰ کیلۆمەتر لەسنووری تورکیاوە دوورەو فرۆکە جەنگییەکانی و فرۆکە بێفرۆکەوانی جار هەیە ۳۰۰ کیلۆمەتر دێنە ئاسمانی عێراق و ئامانجەکانی خۆیان دەپێکن، هەندێک جار لای پێنجوێن و هەندێک جار لای سلێمانی و هەندێک جار لای کەرکوک و هەندێک جاری تریش لەناوچەکانی کفری.

News Code 223215

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha