بۆچی سەرجەم موستەشارەکان بەشدارن لە تاوانی ژینۆسایدی ئەنفال؟!

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئاژانسی هەواڵی زێدپرێس لە ڕاپۆرتێکدا هۆکارەکانی بەشداریی سەرجەم موستەشارەکان لە تاوانی ژینۆسایدی ئەنفالدا تاوتوێ دەکات.

لە ڕێککەوتی ۲۰-۶-۱۹۸۷دا، بیرۆی باکووری پارتی بەعس، کۆبوونەوەیەک دەکات، لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیارێک دەدات تیایدا ژیانی گەلێک بە تەواوی دەگۆڕێت، ئەویش بڕیاری شوومی ژمارە ۴۰۰۸ بوو، ئەم بڕیارە بە مانفیستۆی جینۆسایدی گەلی کوردستان دێتە ژماردن، سەرەتایەکە بۆ دەستپێکی جینۆسایدکردنی خەڵکی کوردستان بەشێوەی سستەماتیک و نەخشە بۆ داڕێژراو. لەو کات و ڕۆژەوە  کوشت و بڕ و دەرکردن خرایە چوارچێوەی بڕیاری فەرمییەوە, بە پێی بڕیارەکە سەرجەم ئەو گوندانەی تاکو ڕێککەوتی ۲۲-۶-۱۹۸۷ دەستیان لێنەدرابوو دەبێت بڕوخێنرێن، هەموو ناوچەکانی دەرەوەی شارەکان بکرێنە ناوچەی قەدەغەکراو، گوندی قەدەغەکراو هەموو ئەو گوندانە دەگرێتەوە لە دەرەوەی دەسەڵاتی سەربازیدا بوو لەو کاتەدا، کە ڕژێم تەنیا سەنتەری شارەکان و بەشێک لە ڕێگاکانی بەدەستەوە مابوو، لە ڕووی ئاسایشەوە نابێت ئەو ناوچانە هیچ مرۆڤ و ئاژەڵێکی  تێدا بمێنێت و ژیانی تێدا یاساغ کرا، هاتوچۆ و کشتوکاڵی تێدا قەدەغە کرا، هێزی ئاسمانی چاودێری زەوییە کشتوکاڵییەکان و ڕێگاکانی بە چڕی دەکرد، ئەوەی بەربکەوتایە ژیانی لێ دەسەندەوە، سیاسەتی زەوی سوتاندن پەیڕەو کرا، هێزەکان دەستکراوە کران بۆ کوشتنی خەڵکی ئەو ناوچانە لە زەوی و ئاسمانەوە. بڕیارەکە هەوڵدانێک بوو بۆ ئەوەی زۆرترین ژمارەیان لێ بکوژرێت، بە تفەنگ یان تۆپ یان ڕۆکێت یاخود لە ئاسمانەوە بە جۆرەها کۆپتەر و فڕۆکەی جەنگی پیراتۆز، بە چەکی ئاسایی یان هیشوویی و کیمیاویی، یان لە کاتی دەستگیرکردندا لەسەر ڕێگاوبانەکان یان لە هێرشەکاندا بۆ ناوچەکانیان گولەباران بکرێن. ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان ۱۵ ساڵ بۆ ۷۰ ساڵ  بوو، بڕیاردرا لە سێدارە بدرێن لە دەرەوەی دادگا، دەستنیشان کران بۆ لەناوبردن، بێ ئەوەی یەک کەسیان لێ دادگایی بکرێت، بەمەش دۆسیەکانیان نەچووە خانەی یاسای تاوانەوە، ماف و توانای هیچ داکۆکیکردنێکی یاساییان لە خۆیان نەبوو.

لێرەوە  زۆربەی دەستکەوتەکان کە تاڵانی لادێنشینانی کوردستان بوو، کە بەدەست دەهێنران  لە سەروەت و سامان بۆ فەوجی جاشەکان و هێزەکانی حکوومەتی عێراقی  بوون بەپێی  بڕیارەکە. هێزەکانی عێراق بە تەواوی دەستکراوە کران بۆ فەرهوود و تاڵانی، بە تایبەت فەوجەکانی جاشەکان، کە ئەوان دواتر ناوی ئەنفالیان لێ نا، بەپێی بڕیاری ۴۰۰۸ تەقەکردن ئازاد بوو بۆ بەئەنقەست کوشتنی هاووڵاتییان، بە تایبەتیش خاڵی ۵ی بڕیاری ۴۰۰۸، گفتوگۆی زۆر لەسەر بوو، بەردەوام تەئکیدی لێکراوەتەوە، ئەو خاڵە بریتی بوو لە ئیعدامکردنی گشتی “هەموو ئەو کەسانەی  لەو گوندانە دەستگیر دەکرێن، دەبێت لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا  بکرێت لە لایەن دەزگا ئەمنیەکانەوە، ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان ۱۵ بۆ ۷۰ ساڵە پێویستە ئیعدام بکرێن پاش ئەوەی زانیاری بە کەڵکیان لێوەردەگرترێت و لە کاتی خۆیدا ئاگادار بکرێینەوە”.

هەرچی خاڵی حەوت لە بڕیاری ۴۰۰۸ بوو، جاشەکانی سەرپشک کرد لە تاڵانکردن “هەموو ئەو شتومەکانەی کەوا فەوجەکانی بەرگری نیشتمانی جەنگاوەرەکانیان دەستیان دەکەوێت بۆ خۆیان دەبێت تەنیا چەکە قورسەکان و چەکی ئەسناد و چەکی مامناوەندی نەبێت، چەکە سووکەکان بۆ خۆیان دەبێت، ئێمەی لێ ئاگاداربکەنەوە و تەنیا ژمارەکانیان تۆمار بکەن. پێویستە لەسەر فەرماندەی جحافلەکان چالاک بن و بۆ ئاگادارکردنەوەی هەموو موستەشارەکان و فەرماندەی سرییەکان و مەفرەزەکانیان، و بە وردی ئێمە ئاگادار بکرێینەوە لە چالاکییەکانی فەوجەکانی بەرگری نیشتمانی”.

لە ڕێککەوتی ۸-۹-۱۹۸۷ بە نووسراوی ژمارە ۵۷۳۱ی بیرۆی باکوور، بڕیار درا تەنیا ۵۰%ی پێکهاتەی فەوجە خەفیفەکان لە بارەگا جێگیرەکانیان و رەبایەکان بمێننەوە، ئەوی دی بەکار بهێنرێن بۆ پەلاماری گوندە قەدەغەکراوەکان، بۆ ئەوەی پەلاماری پێشمەرگە و دانیشتووانە سڤیلەکەی بدەن. لە هێرشەکاندا جاشەکان پێش سوپا کەوتن، بەشداریان کرد لە پەلاماردانی هاووڵاتییانی سڤیلی لادێنشین، خانووی هاووڵاتییانیان ڕووخاند، مزگەوت و قوتابخانە و نەخۆشخانەیان وێران کرد، لە تاڵانیش دەستیان نەپاراست. بڕیاری ۴۰۰۸یش لەوبارەوە ئازادی کردن لە تاڵانکردن، واتا بەردەوام چارەکی کۆی ژمارەی فەوجە خەفیفەکان  لە ماوەی ئەو ۳۶۴ ڕۆژەدا لە ئەرکدا بوون لە پانتایی جوگرافیای کوردستان، وێڕای چارەکێکی دیکە زیاتریان بەردەوام لە بارەگا و ڕەبایەکاندا پارێزگاری حکوومەتیان دەکرد و لەسەر ڕێگاکان بۆسەیان دادەنایەوە بۆ پێشمەرگە و هاووڵاتییان، دەیان و سەدان تاوانی جەرگبڕیان لەو بۆسانە ئەنجامدا “چونکە ئەوان  لە مانگدا ۱۵ ڕۆژ دەوامیان دەکرد”، بۆیە هەموویان لە تەواوی پڕۆسەی ئەنفالەکان و قۆڵەکانیەوە بەشدار بوونە. سەرەتا جاشەکان وەک چاوساغ و شارەزا چوونەتە گوندەکان و هەڵەت و شیو و دۆڵ و ناو ئەشکەوتەکان و سەر چیاکانیان کۆنتڕۆڵ کردووە، دواتر سوپا، بەمەش دەردەکەوێت تەواوی فەوجە جاشەکان لە پڕۆسەی ئەنفالدا لانیکەم چەندین جار بەشدارییان کردووە لە تاوانەکە و تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی جینۆساید، ناویان لە لیستی تۆمەتبارانی ئەنفال نووسرابێت یان نا، ئەوانەی نووسراون ئەوانەن یان مەدالیای ئازایەتیان وەرگرتووە، یاخود سکاڵایان لەسەر تۆمار کراوە، یاخود ناویان لەو تاک و تەرا بەڵگەنامانەدا هاتووە کە دەستیان بەسەردا گیراوە.

تەواوی شایەدحاڵەکانیش ئەوە دەردەخەن، کە زۆرینەی خەڵک یان لەلایەن جاشەکانەوە  ڕاستەوخۆ دەستگیر کراون لە کاتی خۆشاردنەوە، یاخود لە لایەن ئەوانەوە تەسلیم کراونەتەوە، یاخود پڕۆپاگەندەی درۆیان کردووە بۆ خۆبەدەستەوەدان، لە کاتێکدا لە هەموو قۆناغەکانی ئەنفال، ئەمنی پارێزگاکان پێشتر ئاگاداریان کردوونەتەوە کە لێبوردن  هاووڵاتییانی ناوچەی ناو پڕۆسەی ئەنفال ناگرێتەوە.

ئەگەر لەناو ئەو ۴۲۳ کەسەی وەک تۆمەتباری ئەنفال ناویان هاتووە، تەنیا ۲۵۸یان کورد بن، کە زیاترە، ئەوا لەوانەی ناویان تۆمارکراوە ۶۰,۹%ی کوردن.

سەیر کەن تەنیا لە پڕۆسەی ئەنفالی هەشت، بەپێی بەڵگەنامەیەک، لانیکەم ۱۶۳ فەوجی جاشی خەفیفە، بە ۶۵,۳۷۵ جاشەوە بەشداری ئۆپەراسیۆنەکەیان کردووە.

دادگاییکردنی تاوانبارانی ئەنفال

هێما بیرکارییەکان بۆ ژماردنی تاوانەکانی ئەنفال کڵۆڵن، هێندە تاوانەکان زەق و گەورە و زۆرن، یاساکانیش لە ئاستیاندا زەبوونن بۆ پێناسی یاساییان، بەڵگەنامە و فیلم و دیدنامەکان لاوازن، کۆمەڵکوژی، کوشتنی مەیدانی، دوورخستنەوەی بە زۆری دانیشتووان، زیندانیکردن و کوشتنی تەواوی ئەو خەڵکە سڤیلە پاش گرتنیان و گواستنەوەیان بۆ ناوەندی کۆکردنەوەی تۆپزاوە و شوێنەکانی دی، دواتر کوشتنیان لە گۆڕە بە کۆمەڵەکاندا. تەرمی بەشێکیان لە مووسڵ و سەماوە دۆزرانەوە و لە لایەن پسپۆڕی نێودەوڵەتی مایکل تربیل و ئەوانی دییەوە دەرهێنران، زۆرینەیان تا ئێستا گۆڕەکانیشیان نەدۆزراونەتەوە، بێبەریکردن لە پێداویستییەکانی ژیان، ئەشکەنجەدان، دەستدرێژی سێکسی و پەلاماردان و لاقەکردن، سزادانی بە گرووپ بە هۆی جیاوازی نەتەوەییەوە، پەلاماردانی ناوچەی سڤیل بە چەکی کۆکوژی کیمیایی و هیشوویی و چەکی کلاسیک، پەلاماردانی گوندەکان و بێهۆکار ڕووخاندنی نەخۆشخانە و قوتابخانە و مزگەوت، بەزۆر گواستنەوە و سەپاندنی نیشتەجێبوونی زۆرەملێ لە ئۆردوگاکان و بێبەریکردن لە هەلی کار و پێداویستی ژیان، توندوتیژ جوڵانەوە لەگەڵ هاووڵاتییانی سڤیل تا ئاستی کوشتنی بە ئەنقەستی بەکۆمەڵیان، بێڕێزیکردن بە تەرمی مردووەکانیان، مردن بەهۆی  برسێتی و تێنوێتی و  گەرما و بێ دەرمانی و پیسییەوە، نەبوونی بێبایەخترین کەرەستەی ژیان لەناو زیندانەکان، هێرش بۆ سەر هاووڵاتییانی سڤیل کە هیچ بەشدارییەکیان لە چالاکی سەربازی نەبووە، وێرانکردنی ماڵیان و تاڵانکردنیان، جیاکردنەوەی ژنان و پیاوان و ڕێگاگرتن لە بەیەک گەیشتنیان، بۆ ئەوەی منداڵیان نەبێت، توندوتیژی بە نەخشە، زیانی جەستەیی و عەقڵی، وێڕای مردن زۆرێک لە ئەنفالکراوان تووشی کەمئەندامی بوون لە زیندان، بێهۆکار پەلاماردانی خەڵکی سڤیل، کوشتنی بە دەستی ئەنقەست، کوشتنی نابەجێ، بێبەشکردنی توند لە هەموو پێداویستییەکی تەندروستی و ژیان، دەستگرتن بەسەر سەروەت و سامان لەناویاندا بەروبوومی هەڵگیراوی کشتوکاڵی، نەهێشتنی سەرەوەت و سامانی ئاژەڵداری، کوێرکردنەوەی کانیاو و پڕکردنەوەی بیرەکان، پەیڕەوکردنی سیاسەتی زەوی سوتاندن، بۆردمانکردنی گوند بە خەڵکەکەیەوە، لە زیندانەکان و شوێنەکانی کۆکردنەوە ئاوی خواردنەوەی پیس، کەمی خۆراک و برسیکردن، نەبوونی دەرمان و چارەسەری پزیشکی، سەپاندنی ژیان لە گەرمای بەتیندا، تەعریبکردن… ئەمانە نموونەی کەم بوون، تا شوێنپێی هەموو قوربانییەکان هەڵنەگرترێت ناتوانرێت هەمووی بنووسرێتەوە، بۆیە بەڵگەنامە و فیلم و دیدنامە و نووسراوەکان ناتوانن دەربڕی گەورەیی تاوانەکە بن، کاتێک ئامادەی هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان دەبیت دەزانیت چ تاوانێک ئەنجامدراوە، دەزانیت چ جەهەنەمێک لە ژێر بیابانەکان شاردراوەتەوە.

دادگای دۆسیەی ئەنفال لە دادگای باڵای تاوانەکان لە ڕۆژی دووشەم ڕێککەوتی  ۲۱-۸-۲۰۰۶  دەستی پێکرد، لە  ۶۱  دانیشتندا، کۆی گشتی ۱۱۹۳ سکاڵاکەر و دیدەر و پسپۆڕی ناوخۆیی و بیانی، سکاڵا و شایەدییان پێشکەش کرد، لەوانە  ۵۲ سکاڵاکەر، ۱۰ ڕزگاربووی گۆڕی بە کۆمەڵ، هەشت دیدەر، چوار پسپۆڕی بیانی؛ کلایکۆلون سنۆ ۱۹۲۸ ئۆکلاهۆما وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، زانای بواری زانستی بایۆلۆژی، پسپۆڕ لەسەر ئاستی جیهان، گۆڕی بە کۆمەڵی کرۆمی هەڵدابووەوە و  کاری لەسەر قوربانیانی کیمیابارانکردنی گوندی فرجینی کردبوو، کە چەکی کیمیایی تێدا بەکارهاتبوو، ئەسفەندیار ئەحمەد  شکری  توێژینەوەی لەسەر ئەو  ئاوارانەی دیاربەکر و ماردین کردبوو، کە کیمیایی لێیانی دابوو، مایکل کۆمفر ترەمبیل پسپۆڕ لە بواری پزیشکی ڕێوشوێنی دیاردە سزاییەکانی لە مووسڵ  و مووسەننا، گۆڕی بەکۆمەڵی ئەنفالکراوانی هەڵداوەتەوە، بە هاوکاری پسپۆڕانی ئەمریکی و کۆستاریکی و ئوسترالی و کەنەدی، دۆگلاس سکوتی- ئەمریکی پسپۆڕ لە بواری چەک و زانستی سزایی، ڕاستەوخۆ بەشدارییان لە دادگاییەکە کرد و گوتەیان پێشکەشکرد لە بەردەم دادوەرەکان، لە ڕێککەوتی ۲۴-۶-۲۰۰۷ بڕیاری دادگا دەرچوو، لە ڕێککەوتی ۴-۹-۲۰۰۷ بڕیاری کۆتایی درا، تاوانکاران بە ئەنجامدانی تاوانی جینۆساید و تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی سزا دران.

لە پڕۆسەی دادگاییەکە حەوت تۆمەتبار دادگاییکران و ژمارەیەک تۆمەتباریش لە هەنگاوی یەکەمدا دیاریکرابوون بۆ دادگاییکردن لێ ئامادە نەبوون وەک لە دوو نامەی دادگای باڵای تاوانەکاندا ناویان هاتووە “بەپێی نووسراوی ف۲  ۱۴۴۵ لە ڕێککەوتی ۱۸-۱۲-۲۰۰۵ی دادگای باڵای تاوانەکان، بڕیاری گرتن بۆ ۲۴ کەس دەرچوو، کە بریتی بوون  لە “نزار خەزرەجی، یونس ئەلدرب، ئەیاد خەلیل زەکی، ڕەمزی مەحموود، سەعید مەحموود باریکە، قاسم دڕەیی، معتەسەم بەرزنجی، یاسین ڕەئوف، تەحسین شاوەیس، قاسم ئاغای کۆیە، بایز عەبدولڕەحمان، عەلی ئەحمەد ڕەشید، نیعمە فارس، حەمید شەعبان، نەجم عەبدوڵا دوری، عیسمەت سابیر، عەدنان جەباری، جیهان موسا، ڕەفعەت گلی، عوسمان شێخ سەعید، شێرزاد ساڵح، تۆفیق جەبار قارەمان، حوسێن شێخ سەعید و حەسیب حەمە ئینجە”.

هەروەها لە ڕێککەوتی ۲۱-۱۲-۲۰۰۵، بەپێی نووسراوی دادگای باڵای تاوانەکان ژمارە ف۲  ۱۴۷۴، داوای ناوی سیانی و ناونیشانی ۱۸ تاوانبار دەکات  کە بریتین لە “سەعید مەحموود باریکە، عەدنان جەباری، شێخ ڕەئوف، شێخ جەعفەر، شێخ ڕەمەزان، قاسم دڕەیی، جیهان موسا، معتەسەم بەرزنجی، ڕەفعەت گلی، یاسین ڕەئوف، غەسان شێخ سەعید، تەحسین شاوەیس، شێرزاد ساڵح، قاسم ئاغای کۆیە، تۆفیق جەبار قارەمان، بایز عەبدولڕەحمان، حوسێن شێخ سەعید، عەلی ئەحمەد ڕەشید و حوسێن حەمە ئینجە.

حەوت کەسەکەی دادگایی کران، پێشتر زیندانیبوون، بریتی بوون لە: سەدام حوسێن ئەلمەجید ئەلحەسەن عەبدولغەفور عەبدولقادر ئەلناسری ئەلتکریتی سەرۆک کۆماری عێراق کە ڕۆژی شەممە ڕێککەوتی  ۳۰-۱۲-۲۰۰۶  لەسەر تاوانی دوجەیل لە سێدارە درا، بۆیە تۆمەتی ئەنفالی لەسەر هەڵگیرا، عەلی حەسەن ئەلمەجید ئەلحەسەن عەبدولغەفور عەبدولقادر ئەلناسری ئەلتکریتی بەرپرسی بیرۆی باکوری پارتی بەعس، لیوا ڕوکن سابیر عەبدولعەزیز حوسێن عەلی دوری بەڕێوەبەری هەواڵگری گشتی سەربازی، فەریق ڕوکن حوسێن ڕەشید محەمەد عەرەب ئەلتکریتی یاریدەدەری ئەرکانی سوپا بۆ کاروبارەکانی ئۆپەراسیۆنەکان، لیوا ڕوکن سوڵتان هاشم ئەحمەد محەمەد حەمەد  ئەلحەمەد ئەلتانی فەرماندەی فەیلەقی یەکەم، تاهیر تۆفیق ئەلحاج یوسف ئەلعانی سکرتێری لیژنەی کاروباری باکوور و پارێزگاری مووسڵ، عەقیدی ڕوکن فەرحان موتڵەگ ساڵح خەڵەف ئەلجبوری بەڕێوەبەری ڕێکخراوی هەواڵگری رۆژهەڵات.

تۆمەتباران  بەم شێوەیەی خوارەوە، پاش ساغبوونەوەی تاوان لەسەریان سزا دران: عەلی حەسەن ئەلمەجید پێنج سزای لە سێدارەدان، یەک  زیندانی بەند بوون تا پاشماوەی ژیانی، یەک سزای ۱۵ساڵ زیندانی، دوو سزای زیندانی ۱۰ ساڵی و دوو سزای زیندانی حەوت ساڵی.

لیوا ڕوکن سوڵتان هاشم چوار سزای لەسێدارەدان، دوو سزای زیندانی بەندبوون تا پاشماوەی ژیانی، یەک سزای زیندانی ۱۵ ساڵی، یەک سزای زیندانی ۱۰ ساڵی و دوو سزای زیندانی حەوت ساڵی.

فەریق ڕوکن حوسێن ڕەشید چوار سزای لەسێدارەدان و سزایەکی حەوت ساڵی زیندانی.

سابیر عەبدولعەزیز حوسێن سێ سزای زیندانی بەندبوون تا پاشماوەی ژیانی و سزایەکی زیندانی ۱۰ ساڵی.

عەقیدی ڕوکن فەرحان موتڵەگ دوو سزای زیندانی بەندبوون تا پاشماوەی ژیانی و سزایەکی زیندانی ۱۰ ساڵی.

تۆمەتبار تاهیر تۆفیق ئەلحاج یوسف ئەلعانی بڕیاری بێتاوانی لە تۆمەتی بەشداری لە تاوانی ئەنفال بۆ دەرچوو.

ناوبراوان  بە ئەنجامدانی تاوانی جینۆساید و تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لە پرۆسەی تاوانی ئەنفال تاوانبار کران.

تاوانباران عەقیدی ڕوکن فەرحان موتڵەگ لە ڕێککەوتی ۳۰-۳-۲۰۱۳  لە گرتووخانەی مووسڵ  و سوڵتان  هاشمیش لە نەخۆشخانەیەکی شاری ناسریە  لە ڕێککەوتی ۱۹-۷-۲۰۲۰  مردن و بڕیارەکانی  دادگای باڵای تاوانەکانیان لەسەر جێبەجێ نەکرا.

هەروەها لە ڕێککەوتی ۲۰-۵-۲۰۰۷ دادگای باڵای تاوانەکان بە فەرمی لیستێکی بە ۴۲۳ ناوەوە ڕاگەیاند وەک تۆمەتبارانی تاوانی جینۆسایدی ئەنفال، کە تاکو ئێستا بڕیاری گرتن و دادگاییکردنی ئەو تۆمەتبارانە جێبەجێ نەکراوە چ لە عێراق یاخود کوردستان، کە ۲۵۸ کەسیان هاووڵاتی هەرێمی کوردستانن، چ بە لیست و چ  بە کەسی  بڕیاری گرتنیان بۆ دەرچووە، تاکوو هەنووکە هیچ یەکێک لەو تۆمەتبارانە بانگ نەکراون بۆ لێکۆڵینەوە، دووجار ڕێکخراوی کوردستان بێجینۆساید لە ڕێگای داواکاری گشتییەوە لە شاری هەولێر سکاڵای لەسەریان تۆمارکردووە، وەلێ لە ژێر فشاری کەسانی دەستڕۆیشتووی دەسەڵاتدارەوە داواکاری گشتی بێئیرادە کراوە و لە سکاڵاکە نەپرسراوەتەوە.

بەهانە بۆ لێپرسینەوە  لە تۆمەتباران، لێبووردنە گشتییەکەی بەرەی کوردستانی ساڵی ۱۹۹ە، بەڵام لێبووردنەکەی بەرەی  کوردستانی  ساڵی ۱۹۹۱ بەپێی بڕگەی شەشی یاسای دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقی هیچ شەرعیەتێکی نییە، هەر لێبووردنێک پێش جێبەجێردنی ئەم یاسایە دەرچووبێت، بۆ تۆمەتبارانی دووتوێی تاوانەکانی بڕگەکانی ۱۱ و ۱۲ و ۱۳ و ۱۴ی دادگای باڵای تاوانەکان، کە بریتین لە تاوانەکانی جینۆساید و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ و تاوانی پێشێلکردنی یاسا عێراقییەکان، بەپێی بڕیارەکانی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقی لەسەر تاوانباران عەلی حەسەن مەجید و سوڵتان هاشم و …. تاوانی ئەنفال، تاوانی جینۆساید و تاوانی دژ بە جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییە، ئەم تاوانانەش بە تێپەڕبوونی کات کۆن  نابن و بەسەرناچن و بنەمای نێودەوڵەتییان هەیە، زمکان “زەمان و مەکان” تۆمەت لەسەر تۆمەتبار هەڵناگرن و تاوانی نێونەتەوەیشن، لەسەر ئەو بنەمایە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی دامەزراوە و ئەم جۆرە تاوانانە لە تایبەتمەندیەتی، تۆمەتبار بۆ کوێ هەڵبێت دەربازی نابێت لە سزا،  تەنانەت ناکرێت پەنابەریشی پێبدرێت، تۆمەتباری  ئەنفال مافی پەنابەری سیاسیان پێ نادرێت، بەپێی ڕێککەوتننامەی قەدەغەکردنی جینۆسایدی ساڵی ۱۹۴۸، چونکە بەشدارن لە تاوانی جینۆساید و سزا دەسەپێنرێت  بەسەر هەموو کەسێکی بەشدار لە پڕۆسەی پاکتاوی بە کۆمەڵ، نابێت ڕزگاریان بێت لێی، بەو پێیەی ئەمانیش کەسانێکن بەشداربوونە لە ئەنجامدانی تاوانەکە، بۆیە وەک بەشدارکەرێک لە پڕۆسەی کۆکوژی دەبێت دادگایی بکرێن و تاوانباران لە سزا دەربازیان نەبێت.

بۆیە ئەمانە لێبووردن نایانگرێتەوە، بەم هۆیەشەوە ئەو بڕیارەی بەرەی کوردستانی هیچ بنەمایەکی یاسایی و هێزێکی نییە، بەداخەوە جگە لە دەسەڵاتدارانی کوردستان لە عێراقیش بڕیارەکە جێبەجێنەکراوە، هاتووانی ناو لیستەکە لە بەغدا پۆستی سەربازی و تەشریعیان وەرگرتووە و چوونەتە پەرلەمانەوە و فەرماندەیی گرنگیان لە سوپا وەرگرتووە، یاسای بنەبڕکردنی پارتی بەعس ئەوانی لێ دەرکراوە و بڕیارەکانی نەیگرتوونەتەوە.

News Code 223377

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha