بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئهمڕۆ ههینی له پهیامێكدا له ساڵیادی دەرچوونی بڕیاری ۶۸۸ی ئەنجومەنی ئاسایش، ڕایگهیاند، "۳۳ ساڵ بەسەر دەرچوونی بڕیاری ۶۸۸ی ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان تێدەپەڕێت کە لە ۵ی ۴ی ۱۹۹۱ لە ئەنجامی هێرش و پەلاماری دڕندانەی ڕژێمی پێشوی عێراق بۆ سەر کۆڕەوی ملیۆنی خەڵکی کوردستان بەرەو سنورەکان هاتە ئاراوە".
ئاماژهی بهوهشكردووه، ئهو بڕیاره گرنگ و مێژویەی ئەنجومەنی ئاسایش، بووە بنەمایەک بۆ دانانی ناوچەی دژە فڕین و لە ئەنجامدا سنورێکی بۆ هێرش و زوڵم و ستەمکارییەکانی رژێمی بەعس دانا و کوردستانی لە جینۆسایدێکی دیکە پاراست و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە هانای گەلی کوردستانەوە هات و دواتریش هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەنجام درا و حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێکهات.
مەسروور بارزانی دهڵێت، "بڕیاری ۶۸۸ وەرچەرخانێکی مێژوییە لە خەبات و تێکۆشانی گەلی کوردستان لە پێناو مافە ڕەواکانیدا، لەم یادەدا، ڕێز و پێزانینێکی زۆرمان بۆ هاوکاری و پشتیوانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی ئەمریکا و بەریتانیا و فەڕەنسا هەیە، بەتایبەتی پشتیوانی و پشتگیریی خوالێخۆشبوان سەرۆکی پێشوتری فەڕەنسا فرانسۆ میتران و هاوژینەکەی دۆستی دڵسۆزی گەلی کورد خاتو دانیێل میتران هەرگیز لە یاد ناکرێت".
له پهیامهكهیدا هاتووه، "پشتگیری سەرۆکی ئەمریکا جۆرج بووش و هەروەها بەرێزان جۆن مەیجەر سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی بەریتانیا و جەیمس بەیکەر وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئەمریکا مایەی ڕێز و پێزانینی خەڵکی کوردستانە، لە هەمانکاتدا سوپاسی هاوکاری و یارمەتییەکانی هەردوو وڵاتی ئێران و تورکیاش دەکەین کە سنوورەکانیان بەڕووی سەدان هەزار پەنابەری هەرێمی کوردستان کردەوە".
سەرۆکی حکوومەتی هەرێم دهڵێت، "هێشتا مەترسی و هەڕەشە لە سەر خەڵکی کوردستان و ماف و دەسکەوتەکانی هەیە و پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هەڵوێستی جیددی لە پاراستنی خەڵکی کوردستان و داکۆکیکردن لە مافە ڕەواکانیدا هەبێت و دڵنیایی بدات کە خەڵکی کوردستان پارێزراو دەبێت و جارێکی دیکە ڕووبەڕووی شاڵاوەکانی جینۆساید و پێشێلکردنی مافەکانی نابێتەوە".
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی له ساڵیادی دەرچوونی بڕیاری ۶۸۸ی ئەنجومەنی ئاسایش، بڵاو کردەوە.
News Code 223305
Your Comment