باوەڕێکی نەگۆڕمان بەوەیە کە دەبێت مافی هەموو پێکهاتەکان پارێزراو بێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، باوەڕێکی نەگۆڕیان بەوەیە کە دەبێت مافی هەموو پێکهاتەکان پارێزراو بێت و هیچ لایەنێک بە بچووک سەیر نەکرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەی یاسای باری کەسێتیی کریستیانەکان لە عێراق لەبارەی ڕەشنووسی یاسای باری کەسێتیی کریستیانەکانەوە ئاماژەی بەوە کرد، "زۆر گرنگە... یاسای باری کەسی بۆ ئایینەکان وا دەکات هەموو ئایینەکان مافیان پارێزراو بێت. پشتگیری لە داوا دەستوورییەکانی مەسیحییەکان و هەموو پێکهاتەکان دەکەین".

دەقی گوتاری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان:

ئامادەبووانی بەڕێز..

میوانانی خۆشەویست، ئێوارەتان باش.

زۆر خۆشحاڵم هەمووتان لێرە، لە هەولێر دەبینم. هەموومان پێکەوەین بۆ گفتوگۆکردن لەسەر مافی پێکهاتەیەکی رەسەنی ئایینی گەلەکەمان، کە مەسیحین.

بێگومانی، بە بوونی هەموومان لێرە بەیەکەوە دڵنیاییەکی زیاتر دەدەینە مەسیحییەکانی هەرێمی کوردستان و هەموو عێراق.

هەموومان پشتیوانیی لەم کۆنگرەیە دەکەین، چونکە بە مەبەستی دابینکردنی مافی رەوای مەسیحییانە، بە دیالۆگ و بە شێوەیەکی یاسایی و دەستووری لەسەر ئاستی هەموو عێراق.

دەستخۆشی لە بەڕێز مەتران بەشار وەردە، سەرۆکایەتیی زانکۆی کاتۆلیک لە هەولێر و سەرپەرشتیارانی دەکەم بۆ رێکخستنی ئەم کۆنگرەیە. لەسەر پرسێکی زۆر گرنگ و پێویست، کە دانانی رەشنووسی یاسای باری کەسیی مەسیحییانە لە عێراق.

بە گەرمی بەخێرهاتنی ئەو میوانە بەڕێزە مەسیحییانە دەکەم کە لە لوبنان، سووریا و ئوردنەوە تەشریفیان هێناوە. هیوادارم بە ئەزموونی خۆیان، بەشدارییەکی بەسوودیان هەبێت لە گفتوگۆکانی ئەم کۆنگرەیەدا و چەند رۆژێکی خۆش لە کوردستان بەسەر ببەن.

ئامادەبووانی بەڕێز..

ئێمە هەمیشە پشتیوانی لە داوا و مافی مەسیحییەکان و هەموو پێکهاتەکانی عێراق دەکەین، چونکە ئەو پشتیوانییەی ئێمە پەیوەستە بە مێژووی درێژی باوەڕ و کولتووری پێکەوەژیانی ئاشتییانە و یەکسان لە کوردستان. هەروەها ئەو پشتیوانییەی ئێمە پەیوەستە بە دەستووری عێراق، کە خەڵکی عێراق دەنگی لەسەر داوە و پەسندی کردووە. مادەی 41ـی دەستووری عێراق دەڵێت: "عێراقییەکان ئازادن لەوەی پابەندبن بە باری کەسی خۆیانەوە، بەپێی ئایین و مەزهەب باوەڕ و هەڵبژاردەیان"، ئەوەش لە دەستووری عێراق دەڵێت بە یاسا رێکدەخرێت. تاوەکو ئێستا کار بەو مادە دەستوورییە نەکراوە، کارکردن بەو مادەیە و هەبوونی یاسای باری کەسی بۆ ئایینەکان کە تایبەت بێت بە خۆیان، وادەکات مەسیحی، ئێزدی، سابیئەی مەندایی و هەموو ئایینەکان لە عێراق مافەکانیان پارێزراوبن.

ئەم کۆنگرەیە هەنگاوێکی کردەیی زۆر گرنگە، چونکە رێگە بۆ گفتوگۆ و چارەسەرێکی گونجاو بۆ داوا و مافی مەسیحییەکان دەکاتەوە. ئێمەش پشتگیریی لەو داوا دەستوورییانەی ئەوان و هەموو پێکهاتەکانی دیکەی عێراق دەکەین.

ئامادەبووانی بەڕێز..

نەبوونی یاسایەکی تایبەتی باری کەسی بۆ مەسیحییەکان وادەکات بەپێی یاسایەک مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت کە لەگەڵ ئایین و باوەڕیاندا نایەتەوە. ئەوە کاریگەرییەکی زۆر خراپی هەیە بۆسەر خێزانەکان و پێکهاتەی مەسیحی لە عێراق. ئێمە لە زۆر دۆسیە ئاگاداردەکرێینەوە کە زۆر مایەی نیگەرانی و دڵتەنگیمانن، چونکە ژیان و چارەنووسی زۆر منداڵ، کچ و ژن دەخەنە کێشە و ئاڵۆزییەوە، بەتایبەتیش لە بابەتەکانی میرات و تەڵاق و بەزۆر سەپاندنی ئاییندا. کاتێک باوک یان دایکێکی مەسیحی ئایینی خۆی دەگۆڕێت، بە بۆچوونی ئێمە ناکرێت ئایینی منداڵان بگۆڕدرێت، لەکاتێکدا هێشتا لەخوار تەمەنی 18 ساڵیدان و لەنێو کەشوهەوای ئایینێکی دیکەدا دەژین. بۆیە ئێمە پشتیوانیی لەو پێشنیازە دەکەین کە ئەگەر باوک و دایکی مەسیحی ئایینی خۆی گۆڕی، منداڵ و نەوجەوانەکانیان، کاتێک بوون بە 18 ساڵ، مافی ئەوەیان هەبێت بڕیار لە ئایینی خۆیان بدەن. بە هەمان شێوە سەبارەت بە میرات، دەبێ بەپێی یاسایەک مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت کە لەسەر بنەمای باوەڕ و ئایینی مەسیحی بێت.

ئامادەبووانی بەڕێز...

لە هەموو بابەتەکانی باری کەسیدا دەبێت چارەسەرێک هەبێت، بەپێی خواستی مەسیحییەکان و گونجاوبێت لەگەڵ بنەماکانی پێکەوەژیان و یەکسانی لە مافەکانیاندا بۆ هەموو پێکهاتەکانی عێراق. ناکرێت بە ناوی یاسا و لە رێگەی یاساوە کێشە و ئاڵۆزی لەنێو پێکهاتەی مەسیحیدا دروستبکرێت. ئێمە لەگەڵ ئەو نادادی و نایەکسانییەدا نین. ئەوە مافێکی دەستوورییە کە مەسیحییەکان لەسەر بنەمای ئایین و باوەڕیان ئازاد بن لە کاروباری کەسیی خۆیاندا.

بۆیە داوا لە لایەنە بەشداربووەکانی دانانی دەستووری عێراق دەکەم، هەروەها فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی عێراق، بە گرنگییەوە لەو پرس و کێشەیە بڕوانن و بە زوویی هەوڵی چارەسەرکردنی بدەن، بە رەچاوکردنی داوا و مافی مەسیحییەکان و ئایینەکانی دیکە. داوا لە دادوەرانی بەڕێز دەکەم، بە چاوێکی زۆر مرۆڤدۆستانە هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەو دۆسیەیەدا بکەن، چونکە بەهۆی ئەو کێشانەوە زۆر خێزان هەڵوەشاون، پەیوەندی نێوان دایک و باوک لەگەڵ زۆر منداڵ و کەسوکاریاندا بەتەواوەتی تێکچووە. هەروەها نەبوونی دڵنیایی و ئارامی خێزانی وای کردووە زۆر کەس و خێزانی مەسیحی کۆچ بکەن و عێراق جێبهێڵن. داوا لە یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان و هەموو زانایان و پیاوانی بەڕێزی ئایینی لە هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی دەکەم، هاوکار بن لە چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی بەهۆی نادروستی لێکدانەوە و جێبەجێکردنی یاساکان لە روانگەی ئایینی ئیسلامەوە رووبەڕووی مەسیحییەکان دەبنەوە. یەکێک لە بنەما دیارەکانی ئایینی ئیسلام ئەوەیە کە بە زۆر ئایین بەسەر کەسانی دیکە نەسەپێنرێت، دڵنیام ئێوە هاوکارێکی زۆر باش دەبن، چونکە ئێوەی پیاوانی بەڕێزی ئایینی ئیسلام، هاوکار و پارێزەری بەهێزن بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە هەرێمی کوردستان و عێراق.

لێرەدا دەمەوێ سوپاسی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بکەم کە لە هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی عێراق، لە هەرێمی کوردستان و لە پرسی میراتدا هاوکار بوون. هەروەها بەڕێزەوە، خوالێخۆشبوو، زانا و مامۆستای مەزن، دکتۆر مستەفا زەڵمی و هەموو ئەو کەسایەتی و بەرگریکارانەی مافی ئافرەتان بەبیر دەهێنمەوە، کە ئەوکات لەو هەوڵ و پرۆسەیەدا بەشدار بوون.

بەڕێزان! من خۆم پەروەردەی ناوچەیەکم کە پەرستگەی ئایینەکان بە تەنیشت یەکەوە بوون، باوەڕدارانی هەموو ئەو ئایینانەش بە خۆشەویستییەکی زۆرەوە پێکەوە دەژیان. تەنانەت چەند کەسێکی ئاشووری مەسیحی لەگەڵ بارزانییەکان لە ساڵی 1983 ئەنفالکراون، چەندین پێشمەرگەی مەسیحی بە قارەمانێتی خۆیان لە شۆڕشی کوردستاندا ناوبانگیان بە هەموو لایەک و ئەم وڵاتەدا بڵاوبووەوە.

ئێمە لە کوردستان هەمیشە ژیان و چارەنووسمان پێکەوە بووە. کوردستان لەنێو ئەوهەموو کۆمەڵکوژییانەی لە ناوچەکەدا کراون، هەمیشە وەکو شوێنی پێکەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی ماوەتەوە.

بزاڤی رزگاریخوازی کوردستان، بزووتنەوەی پاراستنی هەموو نەتەوەکانی کوردستان بووە، نەک تەنیا کورد. لەبەر ئەوە پاراستنی مافی هەموو پێکهاتەکانی کوردستان، ئەرک و باوەڕێکی نەگۆڕی ئێمەیە لە هەرێمی کوردستان. لە یەکەمین خولی پەرلەمانی کوردستان و لە یەکەمین کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا شوێنی مەسیحییەکان رەچاوکرا. ئێستاش هەموو هاووڵاتییەکی مەسیحی دڵنیا دەکەینەوە کە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی ژیانی خێزانی و کۆمەڵایەتییان لە هەرێمی کوردستان و عێراق.

لە هەموو بوارەکاندا هەوڵی باشترکردنی زیاتری بەشداریی و هاوبەشیی هەموو پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان دەدەین. ئێمە باوەڕمان بە پێکەوەژیانێکی راستەقینە و یەکسانە. من بە تەواوەتی باوەڕم بەوەیە، مافی یەکسان بۆ هەمووان واتای راستەقینەی پێکەوەژیان دەبەخشێت.

لێرەدا جارێکی دیکە دووپاتی دەکەینەوە، بە سوود وەرگرتن لە رابردووی عێراقی نوێ، تەنیا یەک رێگە بۆ سەرکەوتن و پێشکەوتن هەیە، ئەویش پێکەوەژیان و هاوبەشیی هەموو پێکهاتەکانە لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا.

پشتگوێخستن و ستەمکردن لە هەر پێکهاتەیەک، دۆخ و چارەنووسی وڵات تێکدەدات. نابێ هیچ پێکهاتەیەکیش لە عێراق بە بچووک یان بە کەم سەیر بکرێت.

لێرەوە دووبارە هیوای سەرکەوتن بۆ کۆنگرەکەتان دەخوازم، دڵنیابن هەموو پشتگیرییەکی ئێمەتان هەیە و کوردستان هەمیشە بۆ هەموو ئایین و نەتەوەکان بە وڵاتی فرەیی و پێکەوەژیان و یەکتر قبووڵکردنی ئاشتییانە و لێبووردەیی دەمێنێتەوە. زۆر سوپاستان دەکەم و بەخێربێن.

News Code 223581

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha