دەبێت پێگەی YPJ لە پێکهاتەی سەربازیی سووریا دیاری بکرێت

«میلیتان عەفرین»، یەکێک لە فەرماندەکانی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (YPJ)، ئاماژەی بە بەردەوامیی دانوستانەکانی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکوومەتی کاتیی دیمەشق کرد و ڕایگەیاند؛ ناڕوونی و ناکۆکی لەسەر پێگەی YPJ هێشتا یەکێکە لە تەوەرە سەرەکەییەکانی پرۆسەی تێکەڵکردنی هێزەکان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، زیاتر لە حەوت مانگ بەسەر واژۆکردنی ڕێککەوتنی ٢٩ی کانوونی دووەم لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (SDF) و حکوومەتی کاتیی سووریادا تێپەڕ دەبێت. سەرەڕای هەڵگرتنی هەندێک هەنگاو لە کایە ئەمنی، سەربازی و کارگێڕییەکان و گەڕانەوەی ئاوارەکاندا، بەڵام بەشگەلێک لەم ڕێککەوتنە هێشتا جێبەجێ نەکراون.

یەکێک لە بابەتە جێی ناکۆکییەکان، پێگەی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (YPJ)ـە لە پێکهاتەی سەربازیی داهاتووی سووریادا. حکوومەتی کاتیی سووریا تا ئێستا ڕەزامەندیی نیشان نەداوە لەسەر هێشتنەوەی ئەم هێزە وەک پێکهاتەیەکی سەربازیی سەربەخۆ لە ناو سوپای نوێدا. ئەم بابەتەش کاردانەوەی بەشێک لە ژنان، بەتایبەت ژنانی کوردی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لێکەوتووەتەوە.

لە دەق و چوارچێوەی ئەم ململانێیەدا، میلیتان عەفرین، یەکێک لە فەرماندەکانی YPJ، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی «هاوار» (ANHA) ڕوونکردنەوەی لەسەر پرۆسەی دانوستانەکان و ڕوانگەی ئەم هێزە بەرامبەر بە تێکەڵبوونی سەربازی دا.

میلیتان عەفرین ڕایگەیاند؛ دوای چەندین ساڵ لە شەڕ، گفتوگۆکان بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی بەردەوام و دروستکردنی پێکهاتەیەکی گشتگیر لە سووریادا دەستیان پێکردووە.

ئەو زیادی کرد: «ڕێککەوتن نابێت بە مانای تواندنەوەی لایەنێک بێت لە ناو پێکهاتەی لایەنەکەی دیکەدا، یان لەدەستدانی دەسەڵات و پێگەکەی. ڕێککەوتن کاتێک مانای ڕاستەقینە پەیدا دەکات کە ئیرادە، پێگە و زمانی گروپە جیاوازەکان بە شێوەیەکی فەرمی و دەستووری دانی پێدا بنرێت.»

ئەم فەرماندەیەی YPJ بە ئاماژەدان بە ڕۆڵی ئەکتەرە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان لە گۆڕانکارییەکانی سووریادا ڕایگەیاند؛ فرەیی و زۆریی لایەنە کاریگەرەکان، بەڕێوەچوونی پرۆسەی ڕێککەوتنەکەی دژوار کردووە.

ئەو گوتیشی: «ڕەوتی ئێستا تەنیا لەسەر بنەمای بڕیارە ناوخۆییەکانی سووریا بەڕێوە ناچێت و هێزە جیاوازەکان کاریگەریی لەسەر دادەنێن. ئەم دەستێوەردانانە، گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە بەرژەوەندیی سەرجەم گەلی سووریا لەبەرچاو بگرێت، ئاڵۆزتر کردووە.»

میلیتان عەفرین لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر ڕۆڵی YPJ لە شەڕی دژی داعشدا و ڕایگەیاند؛ چالاکییەکانی ئەم هێزە لەو قۆناغەدا، پێگەکەی لە ناوخۆ و دەرەوەی سووریادا بەرجەستە کردووە.

ئەو گوتی: «داعش هەڕەشەیەکی بەربڵاو و ڕێکخراو بوو. ئامادەیی و ئەزموونی هێزەکانی YPJ لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم گروپەدا نیشانی دا کە ژنان دەتوانن لە پێکهاتە بەرگری و ئەمنییەکاندا ڕۆڵی ڕاستەوخۆیان هەبێت. بەم هۆیەشەوە، YPJ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش ناسرا.»

ئەم فەرماندەیەی YPJ ڕوونی کردەوە کە ڕوانگەی حکوومەتی کاتیی سووریا بۆ تێکەڵکردنی هێزەکانی ژنان، بایەخی پێویست بە هێشتنەوەی پێکهاتەیەکی سەربەخۆ بۆ ئەوان نادات.

ئەو گوتی: «پێشنیاری خراوەڕوو ئەوەیە کە ژنان بە شێوەی تاکەکەسی لە ناو دامەزراوە جیاوازەکاندا تێکەڵ بکرێن. نیگەرانیی ئێمە ئەوەیە کە لە دۆخێکی وەهادا، ناسنامەی ڕێکخراوەیی و ئەو ئەزموونەی کە لە ماوەی ساڵاندا شێوەی گرتووە، لەناو بچێت. ئێمە خوازیاری پاراستنی پێگەی ژنانین لە پێکهاتەی سەربازیی داهاتوودا.»

هەروەها جەختی کردەوە کە لە ڕوانگەی YPJـەوە، وەلاو نانی ئەم پێکهاتەیە تەنیا گۆڕانکارییەکی کارگێڕی یان سەربازی نییە، بەڵکو دەکرێت کاریگەریی نەرێنی لەسەر ڕێژەی بەشداریی ژنان لە پێکهاتەکانی داهاتووی سووریادا دروست بکات.

میلیتان عەفرین بە ئاماژەدان بەو گردبوونەوە و خۆپێشاندانانەی کە بۆ پشتگیریکردن لە YPJ بەڕێوەچوون، ڕایگەیاند؛ بەشێک لە کۆمەڵگەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بەتایبەت ژنان، خوازیاری بەفەرمی ناسینی ئەم هێزەن.

ئەو گوتی: «بۆ زۆرێک لە خەڵکی ناوچەکە، YPJ بەشێک بووە لە ئەزموونی ساڵانی شەڕ و بەرگریکردن لە ناوچەکانیان. بەم هۆیەشەوە، داوا دەکەن کە پێگەی ئەم هێزە لە دانوستانەکانی داهاتوودا پشتگوێ نەخرێت.»

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند کە دژایەتیکردنی ناسینی فەرمیی YPJ دەکرێت کاریگەریی هەبێت لەسەر ئاستی قبووڵکردنی حکوومەتی کاتی لە نێوان بەشێک لە دانیشتووانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریادا.

ئەم فەرماندەیەی YPJ لە کۆتاییدا جەختی لەسەر پێویستیی فراوانکردنی هاوکاریی نێوان ژنانی پێکهاتە جیاوازەکانی سووریا کردەوە.

ئەو ئاماژەی بەوە دا کە ژنانی کورد، عەرەب، عەلەوی، درۆز و پێکهاتەکانی دیکەی سووریا دەتوانن هاوکاریی زیاتر بکەن بۆ پاراستنی ماف و بەشداریی خۆیان لە پێکهاتەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی داهاتووی وڵاتدا.

میلیتان عەفرین لە کۆتاییدا گوتی؛ ئامانجی ئەم هاوکارییە، بەرگریکردنە لەو مافانەی کە ژنان لە ساڵانی ڕابردوودا بەدەستیان هێناوە و دڵنیابوونەوەیە لە ئامادەیی و بووونی ئەوان لە پێکهاتەکانی داهاتووی سووریادا.

 

سەرچاوە: ئاژانسی هەواڵی هاوار

News ID 227590

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha