شەش دەیە هەوڵی بێ ئاکامی کوردەکانی عێراق بۆ بەدەست هێنانی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی

ڕاپۆرتێکی گۆڤاری فوربس ئاشکرای دەکات کە داواکاریی سەرکردە کوردەکان بۆ بەدەستهێنانی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی لە دەیەی ۱۹۶۰ەوە تا ئێستا چەندین جار دووبارە بووەتەوە، بەڵام هەرێمی کوردستان بەهۆی پێگە یاساییەکەیەوە، هەرگیز نەیتوانیوە دەستی بگاتە سامانە کاریگەرەکانی بەرگریی ئاسمانی.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، گۆڤاری «فوربس» لە ڕاپۆرتێکی شیکاریدا دەنووسێت: لاوازیی هەرێمی کوردستانی عێراق لەبەرامبەر هەڕەشە ئاسمانییەکاندا، بابەتێک نییە تەنیا پەیوەندی بە جەنگەکانی ئەم دواییەوە هەبێت، بەڵکوو ڕەگ و ڕیشەی بۆ زیاتر لە ۶۰ ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. لە یەکەم شەڕەکانی پێشمەرگە لەگەڵ دەوڵەتی عێراق لە دەیەی ۱۹۶۰ەوە تا دەگاتە هێرشە درۆنییەکانی ئەمڕۆ، کورد هەمیشە لە هەوڵی بەدەستهێنانی سیستمی بەرگریی ئاسمانیدا بووە، بەڵام لەبەر ئەوەی دەوڵەتێکی سەربەخۆ نییە، نزیکەی هیچ کات نەیتوانیوە دەستی بە ئامێری لەو شێوەیە بگات.

بەگوێرەی فوربس، کوژرانی سەربازێکی ئەمریکی لە کاتی هەڵوەشاندنەوە و پووچەڵکردنەوەی پاشماوەی درۆنێکی خۆکوژ لە هەرێمی کوردستان، نوێترین نموونەی ئەو هەڕەشانەیە کە ئێستا بوونەتە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەی ناوچەکە. ئەم ڕووداوە تەنیا ڕۆژێک دوای کوژرانی دوو سەربازی دیکەی ئەمریکی لە هێرشێکدا لە ئوردن ڕوویدا و دەریخست کە هەڕەشەی درۆنەکان لە سنووری وڵاتێکدا قەتیس نامێنێتەوە.

نووسەری ڕاپۆرتەکە پێیوایە خاڵی وەرچەرخانی ئەم پرۆسەیە دەگەڕێتەوە بۆ ۲ی ئۆکتۆبەری ۲۰۱۶؛ ئەو کاتەی داعش بۆ یەکەم جار بە بەکارهێنانی درۆنێکی هەڵگری مادەی تەقەمەنی، سەنگەرەکانی پێشمەرگەی کردە ئامانج. لەو هێرشەدا دوو هێزی پێشمەرگە شەهید بوون و دوو سەربازی فەرەنسیش بریندار بوون. بە بڕوای فوربس، ئەم ڕووداوە دەستپێکی قۆناغێک بوو کە درۆنەکان بوونە یەکێک لە ئامرازە سەرەکییەکانی جەنگ دژی هەرێمی کوردستان. پێش ئەوە، مەترسیدارترین چەکی داعش ئۆتۆمبێلە زرێپۆشە بۆمبڕێژکراوەکان بوون کە بە مووشەکی دژەزرێپۆشی «میلان»ی ئەڵمانی لەناو دەبردران.

فوربس ڕوونی دەکاتەوە کە دوای شکستی داعش، هەڕەشەکان نەک هەر کۆتایییان نەهات، بەڵکو شێوازێکی ئاڵۆزتریان بەخۆوە گرت. لە ساڵی ۲۰۲۰ەوە گرووپە چەکدارەکانی عێراق هێرشی ڕۆکێتییان بۆ سەر پایگای هاوپەیمانان لە فرۆکەخانەی هەولێر دەستپێکرد و زۆر بەخێرایی ئەم هێرشانە گوڕدران بۆ بەکارهێنانی بەربڵاوی درۆنی خۆکوژ.

ئەم مجەلە ئەمریکییە ئاماژەی بە هێرشە درۆنییەکانی ساڵی ڕابردووش بۆ سەر هەرێمی کوردستان کردووە و نووسیویەتی: بەپێی ئامارەکان، لە نێوان ۲۸ی شوبات تا ۱۷ی تەممووزی ئەمساڵدا، لانی کەم ۹۰۴ درۆن و مووشەک ئاڕاستەی هەرێم کراون کە بوونەتە هۆی کوژرانی ۲۹ کەس و برینداربوونی ۱۳۸ کەسی دیکە. سەرڕای کارکردنی سیستمی بەرگریی هاوپەیمانان لە پاراستنی فرۆکەخانەی هەولێردا، هێرشەکان بۆ سەر ناوچەکە بەردەوام بوون.

داواکارییەک کە لە دەیەی ۱۹۶۰ەوە دەستی پێکرد

فوربس بە پێداچوونەوە بە مێژووی بزووتنەوەی کوردانی عێراقدا بیر دەهێنێتەوە کە داواکاری بۆ وەرگرتنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی هەر لە ساڵی ۱۹۶۳ەوە ئاراستە کرابوو. ئیبراهیم ئەحمەد، یەکێک لە سەرکردەکانی ئەو کاتی بزووتنەوەی کوردانی عێراق پێی وابوو کە هەبوونی چەکی دژەزرێپۆش و دژەفڕۆکە دەتوانێت هاوسەنگی جەنگ بگوڕێت و زەمینەی بەڕێوەبردنی ناوچە ئۆتۆنۆمەکان (خۆبەڕێوەبەری) ڕەخسێنێت.

تاقە سەرکەوتنی تۆمارکراو دژی هێزی ئاسمانی عێراق

لە نێوان ڕێککەوتنی ئۆتۆنۆمی ساڵی ۱۹۷۰ تا دەستپێکی جەنگی ۱۹۷۴، پێشمەرگەکان بە پشتیوانی نهێنیی ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل بە مووشەکی شانپێگیراوی «SA-۷» پڕچەک کران. لە هەمان قۆناغدا توانییان جەنگاوەرێکی «میگ-۱۹»ی عێراق بخەنە خوارەوە و فڕۆکەوانەکەی بەدیل بگرن. فوربس جەخت دەکاتەوە کە سەرڕای ئەم سەرکەوتنە، بڕینی لەناکاوی پشتیوانیی ئێران دوای ڕێککەوتننامەی جەزائیر، شۆڕشی کوردانی عێراقی تووشی شکست کرد و دەستکەوتە سەربازییەکانیانی پووچەڵ کردەوە.

دواتر ڕاپۆرتەکە دەپەرژێتە سەر دەیەی ۱۹۸۰ و بە ئاماژەدان بە جێنۆسایدی بارزانییەکان، ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەرکی پێشمەرگە ئیتر تەنیا جەنگان دژ بە سوپای عێراق نەبوو، بەڵکو پاراستنی مەدەنییانی کورد بوو لە بەرامبەر سیاستە سەرکوتکەرەکانی بەغدادا.

ڕۆژئاوا هرگیز مووشەکی «ستینگەر»ی نەدا بە کورد

دوای ڕاپەڕینی ساڵی ۱۹۹۱، سەرکردەکانی کورد لە وڵاتانی ڕۆژئاواییان داوا کرد کە مووشەکی «ستینگەر» و «تاو»یان پێبدەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی هۆلیکۆپتەر و هێزە زرێپۆشەکانی سەددام. ئەم داوایە ڕەتکرایەوە، بەڵام دروستکردنی ناوچەی دژەفڕین لەلایەن هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتییەوە ئامرازی بەردەوامیی قەوارەی هەرێمی کوردستانی ڕەخساند.

بەڵێنە جێبەجێنەکراوەکانی ئەمریکا

فوربس هەروەها ئاماژە بە بەڵێنە جێبەجێنەکراوەکانی واشنتۆن دەکات. پێش هێرشی ساڵی ۲۰۰۳ بۆ سەر عێراق، ئەمریکا باسی لە ئەگەری ڕادەستکردنی مووشەکی دژەزرێپۆشی «جاڤلین» بە پێشمەرگە کردبوو، بەڵام ئەم بەڵێنە هەرگیز نەهاتە دی. دواتریش مەسعوود بارزانی لە ساڵی ۲۰۱۲دا نیگەرانیی خۆی دەربڕی بەرامبەر ڕادەستکردنی فڕۆکەی جەنگیی «F-۱۶» بە دەوڵەتی عێراق، ئەگەرچی ئەم فڕۆکانە تا ئێستا دژی هەرێم بەکارنەهێنراون.

داهاتوویەکی نادیار

نووسەر لە کۆتاییدا هۆشداری دەدات کە بە دەرچوونی پلاندانراوی هێزەکانی هاوپەیمانان بە ڕێبەرایەتی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان لە دوو مانگی داهاتوودا، هەرێمی کوردستان زیاتر لە ڕابردوو پێویستی بە سیستمی بەرگریی ئاسمانی دەبێت. ئەگەرچی دەوڵەتی عێراق لەم دواییانەدا بەڵێنی داوە بۆ پاراستنی دامەزراوە نەوتی و گازییەکانی هەرێم سیستمی بەرگری دابنێت، بەڵام فوربس بە ئاماژەدان بە مێژووی درێژی بەڵێنە جێبەجێنەکراوەکان، هاتنەدیی ئەم بەرنامەیە بە مسۆگەر نازانێت و دەڵێت کە کوردستانی عێراق بەردەوام لە بەرامبەر هەڕەشە ئاسمانییە نوێیەکاندا، بەتایبەت درۆنەکان، بە لاوازی دەمێنێتەوە.

News ID 227599

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha