ئەمە ئیتر تەنها «ڕووداوێک» نییە؛ ئەمە ئاکامی ڕاستەوخۆی ساڵانێک بێکرداری، بێبەرنامەیی بەڕێوەبەریی شارە؛ شارەوانیی سنە و شۆرای ئیسلامیی شار چەندین جار لەلایەن ڕاگەیاندنەکان، هاووڵاتییان و بنەماڵەکانەوە ئاگادارکرابوونەوە لە مەترسیی زۆربوونی سەگە بەرەڵاکانەوە. زۆر جار وێنەی پەلاماردانی منداڵان و هاووڵاتییان لەلایەن سەگەکانەوە بڵاوکرایەوە، زۆر جار بنەماڵەکان هاواریان کرد و زۆر جار ڕاگەیاندنەکان نووسییان؛ بەڵام ئاکامی هەموو ئەم ئاگادارکردنەوانە تەنها بێدەنگی بوو.
گوایا تا ئەمڕۆ گیانی هیچ منداڵێک ئەوەندە بەنرخ نەبووە کە بەڕێوەبەرانی شار لەپشت مێزەکانیان هەڵسن؛ ئەمڕۆ ڕای گشتی مافی خۆیەتی بپرسێت سەرۆکی شارەوانیی سنە ڕێک بەرامبەر بە کام ئەرک و بەرپرسیارەتی بەرپرسە؟ ئەگەر دابینکردنی ئاسایش سەرەتاییترین مافی هاووڵاتییان و منداڵان و ئەرکی بەڕێوەبەریی شار نییە، کەواتە ئەرکیان چییە؟
شۆرای شار کە دەبێت چاودێری کارەکانی شارەوانی بکات، لە ساڵانی ڕابردوودا چی کردووە؟ چەند کۆبوونەوەی ئاشکرای لەسەر ئەم قەیرانە کردووە؟ چەند جار داوای ڕوونکردنەوەی لە سەرۆکی شارەوانی کردووە؟ چەند بڕیاری کرداری پەسەند کردووە کە ئەنجامەکەی لە شەقامەکانی سنەدا ببێنرێت؟
وەڵامەکە ڕوونە؛ نزیکەی هیچ! خەمناکتر لەوەش ئەوەیە دوای هەر ڕووداوێک، هەمان زنجیرەی دووبارە دەست پێ دەکاتەوە؛ دەربڕینی داخ، بەڵێنی بەدواداچوون، سازکردنی کۆبوونەوە و دواتریش لەبیرچوونەوە. بەڵام بنەماڵەیەک کە ئەمڕۆ کۆرپە سێ ساڵانەکەی لەدەست داوە، ئیتر نه بەڵێنی دەوێت و نه کۆبوونەوە.
سنە ئەمڕۆ ماتەمگێڕی منداڵێکە کە دەکرا زیندوو بمێنێتەوە؛ ئەگەر بەرپرسانی شار، ئاگادارکردنەوەکانی ساڵانی ڕابردوویان بە هەند وەربگرتایە.
هیچ کەس دژی ڕەفتاری زانستی و مرۆڤانە لەگەڵ ئاژەڵان نییە؛ بەڵام هیچ بنەمایەکی ئەخلاقی و هیچ پێوەرێکی جیهانی، بێباکی بەرامبەر بە گیانی مرۆڤەکان، بەتایبەت منداڵان، مافدار ناکات. بەڕێوەبردنی ژمارەی سەگە بێخاوەنەکان دەبێت زانستی، بەردەوام و بەرپرسانە بێت؛ نەک هاووڵاتییان باجی ناکارامەییی بەڕێوەبەران بە گیانی خۆیان بپەڕێنن.
ئێستا ئیتر کاتی چاوپۆشی و شەرمنیی نییە؛ ئەمڕۆ پرسیاری خەڵکی سنە سادە و ڕاشکاوە:
دەبێت چەند منداڵی تر ببنە قوربانی تا سەرۆکی شارەوانی لە خەو هەڵستێت؟
ئەگەر وەڵامی ئەم پرسیارە هێشتا «هیچ بەرنامەیەک بوونی نییە» بێت، ئەوا گەورەترین قەیرانی بەڕێوەبەریی شاری سنە، ئیتر سەگە بەرەڵاکان نابن؛ بەڵکوو ئەو بەڕێوەبەرە دەبێت کە ساڵانێکە لە ئاست ئەم قەیرانەدا، تەنها تەماشاکەر بووە.
Your Comment