کابینەی نۆیەم شکستیهێناوه‌ و بوونی هەرێم کەوتوه‌تە بەر پرسیاری جددی ناوخۆیی و دەرەکییەوە

یووسف گۆران، سەرۆکی سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیجی (CFS) رایگه‌یاند، لەڕووی سیاسیەوە هەرێم هیچ کات لە پاش یەکگرتنەوەی هەردوو ئیدارە لە ساڵی ۲۰۰۶ وەک ئێستا دابەش و جەمسەرگیر نەبووە، ئەو گیانە هاوکاری و هەماهەنگیەی لە دوای ۲۰۰۳ وە لەلایەن مام جەلال و کاک مەسعوود بارزانی هەبوو، ئێستا لەنزمترین ئاستدایە، کابینەی نۆیەم بەئاشکرا شکستی حکوومەتی لەئیدارەدانی کوردستان وەک یەک قەوارەی یەكگرتوو هەروەها مامەڵەی ناوچە جوگرافی و دانیشتوانەكەی بە شێوەیەكی یەكسان و دادپەروەرانە نیشاندا.

کوردپرێس
یووسف گۆران له‌ وتارێكدا باسی له‌وه‌كردوه‌: "هەرێمی کوردستان ۳۴ ساڵە وەک یەکەمین ئەزمونی حوکمڕانی کوردستانی سەربەخۆی دوای بڕانەوەی شەڕی سارد لەلایەن دو هێزی سەرەکی (یەکێتی و پارتی) دامەزرا، ئەم هەرێمە هەر لە سەرەتاوە لەژێر چەتری سیاسی- ئەمنی ڕۆژئاواو قوربانی گەلی کوردستان لە ناوچەکەدا پارێزراو بوە. بەڵام دوای تێپەڕبونی ۳۴ ساڵ بەسەر ئەم ئەزمونە و گۆڕانکاری گەورە لە ناوەوەو دەرەوەی هەرێم و عێراق و جیهان ڕویداوەو لە ئێستادا بونی هەرێمەکەمان بەم شێوەیەی ئێستا کەوتوه‌تە بەر پرسیاری جیددی ناوخۆیی و دەرەکی".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، لە کۆتاییەکانی سەدەی ڕابردو کاتێک هەرێمەکەمان دروست بو شەپۆلێکی جیهانی بۆ هاوکایکردنی میللەتانی ژێردەست بەرپاببو، هەستکردنی ڕۆژئاوا بە سەرکەوتن لە شەڕی سارددا مەیلی هاوکاریکردنی دیموکراسی لە سیاسەتی نێودەوڵەتی بەهێزکردبو، بەم شێوەیە پرۆسەی ئاشتی فەلەستین و هاوکاری تەیموری ڕۆژئاواو وڵاتانی یوغسلاڤیای پێشو سۆماڵیملاندو باشوری سودان کەوتنە بەر ئەو شەپۆلە جیهانیە، کوردستانیش سەرباری گوشارەی وڵاتانی ناوچەکە توانی سود لەم ژینگە جیهانیە نوێیە وەرگرێت و و دەسەڵاتی نیمچە سەربەخۆیی دروست بکات".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: "چەتری پاراستنی رۆژئاوا هەرێمی لە مەترسییەکانی عێراق و وڵاتانی ناوچەکە پاراست، تا ئاستێکی زۆریش لە دوای ڕوخانی سەددامیش ۲۰۰۳ بەردەوام بو و بە تایبەت کاتێک هەڕەشەی داعش بەردەرگای هەرێمەکەمانی گرت و رۆژئاواش هاوکاری هێزی پێشمەرگەی کرد لە بەرپەرچدانەوە و دورخستنەوەی ئەم مەترسیە راستەقینەیە".

د. یووسف گۆڕان ده‌ڵێت: "لەئێستادا وادەرنەکەوێت بە هۆکاری جیاواز رۆژئاوا نە حەزو نە توانای گێڕانی رۆڵی جارانی هەیە، لەلایەکەوە ئەوروپاییەکان کە پێشتر  هاوکارێکی سەرەکی هەرێم بون سەرقاڵی خۆڕێکخستنەوەن  بۆ ئەو مەترسیانە لە دوای شەڕی ئۆکرانیا لەسەر ئەوروپا دروست بوە، ئەمریکاش کە هاوکاری سەرەکی هەرێم بوە دۆکترنی (عقیدە) سیاسی و ستراتیجی گۆڕانی بەسەردا هاتوە و کەمتر چاوی لەسەر هەرێم و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، بەم پێیە کوردستان ئیتر وەکو جاران ناتوانی پشت بە هاوکاری هاوپەیمانە رۆژئاواییەکان ببەستێت و ڕەنگە زیاتر لە جاران پێویستی بە داڕشتنی سیاسی- ئەمنی نوێ بێت بۆ پاراستن و بەردەوامی هەرێمەکان".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "لە ۳۴ ساڵی تەمەنی هەرێمەکەماندا سەرباری بونی بەهێز وڵاتانی ئیقلیمی (بەتایبەت ئێران و تورکیا) لە هاوکێشە ناوخۆییەکانی هەرێم بەڵام هیچ کات - بەهۆی ئامادەیی بەهێزی ئەمریکا و هاوپەیمانان- ڕۆڵی یەکلاکەرەوەیان نەبوە، ئەم ڕاستیە بەتایبەتی لەدوای ڕوخانی سەددام بەدی کرا  کە گەلی کوردستان ئازادانە بەبێ بونی گوشاری ڕاستەقینە شێوەی پەیوەندی خۆی لەگەڵ عێراقی نوێدا دیاریکرد".

ڕوونیشیكردوه‌ته‌وه‌، لە دو دەیەی ڕابردودا، بەتایبەت دوای کشانەوەی فەرمی یەکەمی ئەمریکا ۲۰۱۰ هێزە ئیقلیمەکان ڕۆڵی بەرچاویان لە ناوچەکە گێڕاو ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ کاریگەریان لەسەر دۆخی جیۆپۆلەتیکی هەرێمەکەمان کرد، ئێران و تورکیا بەهۆی دەرکەوتنیان وەک هێزێکی ئیقلیمی توانادار ڕۆڵی گرنگیان لە عێراق و سوریا و لوبنان و زۆر وڵاتانی تر گێڕا، بێگومان کورستانیش کەوتە ژێر ئەم کاریگەرییە. 

په‌یوه‌ست به‌ ریفراندۆم، د. یووسف گۆڕان نووسیویه‌تی: "نەخوێندنەوەی دروستی گۆڕانکارییە ئیقلیمی و جیهانیەکان، هەرێمەکەمانی بەرەو هەڵەیەکی ستراتیجی وەک ریفراندۆم برد کە سەرەنجام پێگەی هەرێمی لە ناوچەکە لاوازکرد".

د. یووسف گۆڕان باس له‌ پێویستی گۆڕانكاری له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و ده‌ڵێت، "ناوچەکەمان لە گۆڕانکاری جیۆپولەتیکی بەرچاودایە، ئەم گۆڕانکارییە ناوخۆی وڵاتانی ناوچەکەشی وەک ئێران و تورکیا و سوریاو عێراق لوبنان و ئیسرائیلیش گرتوه‌تەوە، لەم دۆخەدا ئایا کوردستان وەک هەرێم ئەتوانێ وەکو جاران خۆی بەڕێوەببات وەک ئەوەی هیچ ڕووینەدابێت؟ ئایا ئەم دۆخە نوێیە هەڕەشەیە یان دەرفەتە بۆ هەرێمەکەمان؟ ئەگەر ئەو شێوە کلاسیکەی بەڕێوەبردنە بمێنێتەوە کوردستان و هەرێمەکەمان پارێزراو دەبن؟".

ڕوونیشكردوه‌ته‌وه‌: "لەڕوی سیاسیەوە هەرێم هیچ کات لە پاش یەکگرتنەوەی هەردو ئیدارە لە ساڵی ۲۰۰۶ وەک ئێستا دابەش و جەمسەرگیر نەبوە. ئەو گیانە هاوکاری و هەماهەنگیەی لە دوای ۲۰۰۳ وە لەلایەن سەرۆک مام جەلال و کاک مەسعود هەبو، ئێستا  لەنزمترین ئاستدایە، کابینەی نۆیەم بەئاشکرا شکستی حکومەتی لەئیدارەدانی کوردستان وەک یەک قەوارەی یەكگرتو هەروەها مامەڵەی ناوچە جوگرافی و دانیشتوانەكەی بە شێوەیەكی یەكسان و دادپەروەرانە نیشاندا".

ده‌شڵێت: "پەراوێزخستنی جوگرافی و سیاسی ئابوری درزی گەورەی خستە نێو دامودەزگاكانی حكومەت و بە شێوەیەكی پراكتیكی دابەش كرد. سەرەنجام هەرێمەكەمان لەبری ئەوەی لەم دۆخە ناسكەی ناوچەكەمان بەهێز و یەكگرتو بێت ئەوەندەی تر لاواز بووە تەنانەت بۆ یەكەمین جار قسە لەسەر ئایندەی خودی هەرێم لە دەرەوەی هەرێمەکان دەكرێت!! لە ڕاستیشدا بونی مەیلی هەژمونكردن و پاوانخوازی لەلایەك و هەوڵی خۆڕاپسكاندن و قبووڵنەكردنی دەسەڵاتی سەپێندراو لەلایەکی ترەوە هەرێمەكەی خستۆتە بەردەم ئایندەیەكی مەترسیدار".
په‌یوه‌ست به‌ قه‌یرانی ناوخۆیی هه‌رێمی كوردستان، نوسیویه‌تی، "بونی قەیرانی ناوخۆیی هەمەلایەن خەسڵەتێكی دیاری زۆربەی سیستمە سیاسی و حوكمڕانییەكانە، بەڵكو یەكێكە لە خەسڵەتە بەردەوامەكانی، ئەوەی لێرە جیاوازە ئەوەیە كە نەتەوەكان لە كاتی قەیراندا دانی پێدا دەنێن و هەوڵی چارەسەركردنی بنەڕەتی دەدەن. ئەوەی لە هەرێم هەیە تەنها قەیرانی حوكمڕانی یان كابینەیەك نیە بەڵكو قەیرانی شێوەی حوكمڕانی و دەسەڵاتی دامودەزگاكانی دەوڵەت و فۆڕمی پەیوەندی لەگەڵ خەڵكە. بۆیە چارەسەریش دەبێ بەو ئاڕاستەیە بێت".

ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕوو: "لەمێژودا چەند نمونەی سەرلەنوێ داڕشتنەوەی دەوڵەت و دەسەڵاتەكانی هەیە بەبێ ئەوەی ناچار ببن دەوڵەتەكە بخەنە ژێر مەترسییەوە. كۆماری پێنجەمی سەردەم دیگول، كۆماری ڤایماری ئەڵمانیا و كۆماری توركیا پاش هاتنی ئەردۆگان چەند نمونەیەكن لە گۆڕانكاری ناوخۆیی قووڵی دەوڵەت. هەرێمەكەمان بۆ رێگە گرتن لە مەترسی دوبەرەكی و جەمسەرگیری زیاتر پێویستی بەسەر لەنوێ دروستكردنەوەی هەیە وەك (هەرێمێكی نوێ – یان دوەم) كە سەرلەنوێ لە دایک ببێتە".

دەکرێت ئەم بنەمایانە ببنە خاڵی سەرەکی:

یه‌كه‌م: نزیک كردنەوەی دەسەڵات لە خەڵک بۆ زیاتر خزمەتكردنی، ئەویش لەڕیی بەهێزكردنی حكومەتە خۆجێییەكان و گواستنەوەی بەشی هەرە زۆری دەسەڵاتە خزمەتگوزاریەكان بۆ پارێزگاكان وئیدارە سەربەخۆكان قۆرخ نەكردنیان و نەهێشتنەوەیان لە پایتەخت.

دووه‌م: دانانی یەک بەرنامە و یەك دید و بۆ پەیوەندییە دەرەكییەكانمان چ لەگەڵ عێراق چ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و جیهان، لەسەر بنەمای بەرژەوەندی سەرجەم خەڵكی كوردستان و گەشەسەندنە ئابوری و سیاسیەکەی.

سێیه‌م: داڕشتنەوەی دۆكترنی سەربازی و ئەمنی لەسەر بنەمای دۆخی نوێمان بە رێکخستن و یەكخستنی هێزە ئەمنی و سەربازییەكان و دروستكردنی پەیوندی بەهێز لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی و سود وەرگرتن لە دەستوری عێراق و پێگەی كورد لە بەغداد و لە هاوپەیمانەكانمان چ لە عێراق و چ لە دەرەوە بۆ پاراستنی هەرێمەكەمان.

چواره‌م: داڕشتنی بەرنامەیەكی نیشتمانی بۆ گەشەسەندنی ئابووری – كلتوری هاوسەنگ و یەكگرتوو كە ئامانجی گەشەپێدانی هەمەلایەن و هەمەچەشنی ئابوری بێت، لەلایەكی تر كلتور و زمان و مێژو كوردستان ڕۆڵی سەرەكی ببینێ لە یەكخستنی گیان و ناسنامەی نەتەوەیمان و دژ بەو سیاسەتە كلتورییە مەترسیدارەی ئێستا كە هەڕەشە بە یەكگرتویی ناسنامەی نەتەوەییمان دەكات.

News ID 227424

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha