بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەحمەد ئەلدەرزی لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ماڵپەڕی فەرمیی ئەنجومەنی سووریای دیموکرات (MSD) جەختی لەوە کردەوە کە داهاتوو و سەقامگیریی سووریا بەندە بە توانای گەلی وڵاتەکە لەسەر داڕشتنی گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیی نوێ و دروستکردنی هاوبەشییەکی ڕاستەقینە لە نێوان سەرجەم لایەنە سیاسی و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکاندا.
ئەلدەرزی ئاماژەی بەوەش کرد کە ئاڵۆزی و تەحەددییەکانی ساڵانی ڕابردوو ئەوەیان سەلماندووە کە سووریا زیاتر لە هەر کاتێکی تر پێویستی بە پڕۆژەیەکی نیشتمانیی گشتگیر هەیە؛ پڕۆژەیەک کە بتوانێت تێپەڕین بەسەر ناکۆکی و دابەشبوونەکاندا بکات و چەمکی هاوڵاتیبوونی یەکسان بچەسپێنێت.
ناوبراو باسی لەوەش کرد کە بەردەوامیی چالاکییە سیاسییەکان و دیالۆگی نیشتمانی، دەرفەتێکی زێڕینە بۆ گەڵاڵەکردنی دیدگایەکی هاوبەش کە تێیدا فرەیی و جیاوازییەکانی کۆمەڵگەی سووریا لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی یەکگرتوودا دانی پێدا بنرێت و بەڕێوە ببرێت.
ئەم شرۆڤەکارە سیاسییە، ئەنجومەنی سووریای دیموکراتی وەک یەکێک لە ئەزموونە سیاسییە دیارەکانی سەردەمی قەیرانی سووریا پێناسە کرد و وتی: "ئەم ئەنجومەنە لەسەر بنەماکانی دیموکراسی، فرەخوازی و نامەرکەزییەت دامەزراوە و توانیویەتی دیدگای نوێ سەبارەت بە داهاتووی پێکهاتەی دەوڵەت و شێوازی بەڕێوەبردنی وڵات بخاتە ڕوو."
بە بڕوای ئەلدەرزی، گرنگیی ئەزموونی MSD لەوەدایە کە هەوڵ دەدات مۆدێلێکی سیاسی پێشکەش بکات کە رێگا خۆش دەکات بۆ دروستبوونی پەیمانێکی کۆمەڵایەتیی نوێ و بەهێزکردنی بەهاکانی پێکەوەژیان و هاوکاری لە نێوان هاوڵاتیاندا. هەروەها دەکرێت لە پرۆسەی سەرلەنوێ بونیادنانەوەی پێکهاتەی سیاسی و دەوڵەتیی سووریادا سوود لەم دەستکەوت و ئەزموونانەی ساڵانی ڕابردوو وەربگیرێت.
ئەلدەرزی داوای فراوانکردنی بازنەی گفتوگۆ و هاوکاریی نێوان هێزە سیاسی و نیشتمانییەکانی سووریای کرد و ڕایگەیاند کە دروستکردنی هاوپەیمانێتیی سیاسی دەتوانێت ڕۆڵێکی کاریگەر بگێڕێت لە گەیشتن بە ڕێککەوتنی نیشتمانی، پاراستنی یەکپارچەیی خاک و پاراستنی فرەیی کولتووری و کۆمەڵایەتی. ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی گوتارێکی نیشتمانیی وا کە لە سەرووی دابەشبوونی تەسکەوە بێت و زەمینە بۆ بەشداریی هەمووان لە دیاریکردنی داهاتووی وڵاتدا بڕەخسێنێت.
لە کۆتاییدا، ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە دەبێت دیالۆگی سووری-سووری لە پێشەنگی کارەکاندا بێت و ڕێککەوتنەکان لەسەر بنەمای هاوڵاتیبوون، دادپەروەری و بەشداریکردنی ڕاستەقینە بن. ئەو پێیوایە نامەرکەزییەتی کارگێڕیی بەربڵاو یەکێکە لە چارەسەرە هەرە کاریگەرەکان بۆ بەهێزکردنی سەقامگیری و بەڕێوەبردنی فرەیی کۆمەڵایەتی لە چوارچێوەی سووریایەکی یەکگرتوودا. داهاتووی سووریا بەندە بە توانای گەلەکەی بۆ تێپەڕاندنی دۆخی ئێستا و ڕێگا خۆشکردن بۆ سازانی نیشتمانی لە ڕێگەی بەردەوامیی گفتوگۆکانەوە.
Your Comment