بەپێی هەواڵی کوردپرێس، «ئیبراهیم شێخۆ» ئەندامی بەڕێوەبەرایەتیی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین، لە گوتارێکدا ئاماژەی بە کۆتاییهاتنی پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکانی عەفرین کرد و ڕایگەیاند: «ئێمە داواکارین کوردانی عەفرین خۆیان ناوچەکە بەڕێوەبەرن. هەروەها دەبێت گرووپە چەکدارەکان و خێزانەکانیان لە عەفرین بچنە دەرەوە.»
لە ڕاپۆرتێکدا ئاژانسی هەواڵی (مەزۆپۆتامیا)، بڵاوی کردەوە دوای هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر عەفرین لە ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠١٨دا، نزیکەی ٣٠٠ هەزار کەس ناچار بوون زێدی خۆیان جێبهێڵن. لە ماوەی هەشت ساڵی ڕابردوودا، هەزاران کەس لە ئەندامانی گروپە چەکدارە عەرەبەکان و خێزانەکانیان لە شارە جیاوازەکانی سووریاوە هێنران و لە عەفرین نیشتەجێ کران. لەکاتێکدا کە گۆڕانکاریی جدی لە دیموگرافیای ناوچەکەدا دروست ببوو، لە چوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنەی کە لە ٢٩ی کانوونی دووەم لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی کاتیی دەمشقدا واژۆ کرا، بڕیار لەسەر گەڕانەوەی ئاوارەکانیش درا.
لە چوارچێوەی ئەم ڕێککەوتنەدا، یەکەمین گرووپی ئاوارەکان کە لە ٤٠٠ خێزان پێکهاتبوون، لە ٩ی ئازاردا لە حەسەکە و دەوروبەری لە ناوچەی جەزیرە بەرەو عەفرین کەوتنەڕێ. کۆتا گرووپیش لە ١٠ی حوزەیراندا گەیشتەوە عەفرین.
ئیبراهیم شێخۆ، ئەندامی بەڕێوەبەریی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین، زانیاریی زیاتری دەربارەی دۆخی ئەو هاووڵاتییانە خستەڕوو کە گەڕاونەتەوە.
شێخۆ ڕایگەیاند کە گەڕانەوە پلانبۆداڕێژراوەکان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ٢٩ی کانوونی دووەمدا کۆتاییان هاتووە و وتی: بە هاتنی کۆتا شەپۆلی گەڕانەوە، نزیکەی ٧٥٪ بۆ ٨٠٪ی ئەو کەسانەی لە ساڵی ٢٠١٨دا لە عەفرین کۆچیان کردبوو، گەڕاونەتەوە ناوچەکە. شێخۆ زیادی کرد کە هەموو عەفرینییەکانی دانیشتووی قامیشلۆ، حەسەکە و کۆبانێ گەڕاونەتەوە عەفرین و تەنها هۆکاری نەگەڕانەوەی هەندێک خێزانی کەم کە بە پەرشوبڵاوی لە ناوچەکانی دیکە دەژین، پەیوەستە بە ویستی خۆیانەوە و لە دۆخی پەنابەرێتیدا نەماون.
شێخۆ ئاماژەی بەو کێشانە کرد کە بەهۆی ئامادەیی گروپە چەکدارە عەرەبەکان و خێزانەکانیانەوە دروست بوون، کە لە ساڵانی ڕابردوودا لە عەفرین نیشتەجێ کرابوون، و وتی: «لە کاتی گەڕانەوەکاندا، هەندێک لە هاووڵاتییان توانیویانە بگەڕێنەوە سەر گوند، زەوی و خانووەکانی خۆیان. بەڵام لە هەندێک حاڵەتدا، ئەو عەرەبانەی پێشتر هێنرابوونە ئەم ناوچانە، لە خانوو و زەوییەکانی ئەواندا نیشتەجێ بوون. ئەم کەسانە بۆ گەڕانەوەی خاوەن موڵکە ڕەسەنەکان کێشەی جۆراوجۆر دروست دەکەن. بۆ نموونە، هەندێکیان بۆ چۆڵکردنی ئەو خانووانەی داگیریان کردوون، داوای پارە دەکەن کە هەندێک جار دەگاتە ٥ هەزار دۆلار. هەندێکی دیکەشیان ڕایانگەیاندووە کە لەژێر هیچ بارودۆخێکدا خانووەکان چۆڵ ناکەن و نایانگەڕێننەوە بۆ خاوەنەکانیان. زۆربەی ئەم حاڵەتانە پەیوەندییان بە عەرەبەکانی ناوچەی (دێرە)وە هەیە. هەروەها ئەو عەرەبانەی کە لە باکووری حەلەبەوە هاتوون، تا ئێستاش لە عەفرین دەژین و ڕێژەیان دەگاتە نزیکەی ٢٠٪.».
هاوتەبێژی هاوبەشی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین ئاماژەی بەوە کرد کە گروپە چەکدارەکان دوای کۆنترۆڵکردنی عەفرین، ناوەندێکیان بە ناوی "لیژنەی ئابووری" پێکهێنابوو و لە ڕێگەی ئەو لیژنەیەوە دەستیان بەسەر ماڵومڵکی خەڵکدا دەگرت، بەڵام دوای ڕووخانی حکومەتی بەشار ئەسەد، ئەو لیژنەیە بە کرداری هەڵوەشایەوە.
ئەو لە درێژەدا وتی: «دوای گەڕانەوەی هاووڵاتییانی عەفرین، هەندێک کەس هێشتا بە ناوی ئەم لیژنەیەوە دەست بەسەر ماڵومڵکی خەڵکدا دەگرن. ئەم کێشەیە بەتایبەت لە شاری (ڕاجۆ) کە دەکەوێتە باکووری ڕۆژئاوای عەفرین و لە ڕێگەی هێڵی ئاسنەوە بە تورکیاوە بەستراوەتەوە، زیاتر دەبینرێت.»
ئیبراهیم شێخۆ بە ئاماژەدان بە گۆڕانی بارودۆخی عەفرین دوای ڕووخانی حکومەتی ئەسەد ڕایگەیاند: «لەگەڵ ئەوەشدا، بەهۆی ئامادەیی هەندێک گروپی چەکدار کە هێشتا لە عەفریندا ماونەتەوە، کێشە ئەمنییەکان بەردەوامن. ماوەیەک لەمەوبەر لە یەکێک لە گوندەکانی شارۆچکەی (شیە)، موختاری گوندەکە کوژرا. هەروەها دزیکردن لەلایەن گروپی ٣ بۆ ٤ کەسییەوە بە جلی سەربازییەوە ئەنجام دەدرێت. حکوومەت ڕایدەگەیەنێت کە ئەم کەسانە ئەندامی هێزەکانی سەر بە ئەوان نین و چاوپۆشییان لێ ناکەن. لێکۆڵینەوە لەم ڕووداوانە دەکرێت، بەڵام هیچ ئەنجامێکی نابێت. بەتایبەت ئەو گروپە چەکدارانەی کە لە پێکهاتەی بەڕێوەبردنی عەفریندا تێکەڵ کراون، ڕۆژانە بە جلی فەرمی حکومەتەوە کار دەکەن و شەوانەش دەست دەدەنە دزیکردن و کارە باندی و نایاساییەکان.»
شێخۆ بە بیرهێنانەوەی بەندێکی ڕێککەوتنی ٢٩ی کانوونی دووەم کە تێیدا هاتووە دەبێت بەڕێوەبردنی عەفرین لەدەستی خودی عەفرینییەکاندا بێت، وتی: «بەڵام لە ئێستادا سەرجەم ناوەندە ستراتیژی و کارگێڕییەکانی عەفرین لەدەست عەرەبەکاندان. ژمارەیەکی کەمیش لە کوردان ئامادەیییان هەیە، بەڵام ئەوان کوردی عەفرین نین، بەڵکو لە گوندەکانی (ئەلباب)ـەوە هاتوون. تەنها لە هەندێک پۆستی بچووکی وەک گوندەکان و بەرپرسیارێتییە خۆجێییەکاندا جێگە بە کوردانی عەفرین دەدرێت.»
ئیبراهیم شێخۆ لە کۆتاییدا ئاماژەی بە داواکارییەکانی خەڵکی عەفرین کرد و ڕایگەیاند: «ئێمە وەک خەڵکی عەفرین داواکاریی ڕوونمان هەیە. دەمانەوێت حکوومەتی دەمشق مافەکانی گەلی کورد بە فەمی بناسێت. داواکارین کە کوردانی عەفرین خۆیان بەڕێوەبردنی ناوچەکە بگرنە دەست. دەبێت گرووپە چەکدارەکان و خێزانەکانیان لە عەفرین دەرکەن، هەروەها پێویستە کەشێکی وەها بڕەخسێنرێت کە خەڵکی عەفرین بتوانن بە ئاسایش و دڵنیاییەوە بژین.»
ئەندامی بەڕێوبەرایەتیی ئەنجوومەنی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین، کۆتاییهاتنی پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکانی ئەو ناوچەیەی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد کە زۆربەی کۆچبەرانی ساڵی ٢٠١٨ گەڕاونەتەوە. ناوبراو داوای کرد کە بەڕێوەبردنی عەفرین ڕادەستی کوردانی ڕەسەنی ناوچەکە بکرێت و گرووپە چەکدارەکان و خێزانەکانیان لە عەفرین بچنە دەرەوە.
News ID 227422
Your Comment