دیپلۆماسیی چالاک و هەژموونی سنوورداریی ئەورووپا

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات بە مەبەستی بەدەستهێنانی پشتگیریی سیاسی و بەدواداچوون بۆ پرۆسەی تێکەڵبوون لەگەڵ دەوڵەتی سووریا ڕووی لە ئەورووپا کرد، بەڵام کێشی ڕاستەقینەی ئەکتەرە ناوچەییەکان و ئەمریکا، هێشتا دەستی ئەورووپای بۆ کاریگەری دانان لەسەر گۆڕانکارییەکانی سووریا بە بەستراوەیی هێشتووەتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەفەری ئەم دواییەی مەزڵووم عەبدی (کۆبانی)، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (SDF)، بۆ فەرەنسا و ئیتاڵیا، ئەگەرچی جارێکی تر پشتگیریی سیاسیی هەندێک لە وڵاتانی ئەورووپی بۆ کوردانی سووریا نیشان دایەوە، بەڵام واقیعەکانی سەر زەوی دەری دەخەن کە ئەورووپا فاقیدی ئامرازە پێویستەکانە بۆ کاریگەری دانان لەسەر هاوکێشەکانی باکووری سووریا. لە دۆخێکدا کە ئەمریکا کۆتایی بە ئامادەیی سەربازیی خۆی هێناوە و تورکیا هەژموونێکی ئەمنی و سەربازیی بەربڵاوی لە ناوچەکەدا هەیە، ڕۆڵی ئەورووپا زیاتر لە هەر شتێک بۆ نێوەندگیریی سیاسی و پشتگیریی دیپلۆماتی کورت بووەتەوە.

سەردانی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (SDF)، بۆ چەند وڵاتێکی ئەورووپی لەوانە فەرەنسا و ئیتاڵیا، جارێکی تر سەرنجەکانی بۆ سەر داهاتووی کوردی سووریا و پرۆسەی تێکەڵبوونی پێکهاتەکانی خۆبەڕێوەبەری لەناو دەوڵەتی دیمەشقدا ڕاکێشایەوە. عەبدی لە پاریس لەگەڵ بەرپرسانی فەرەنسی سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی سووریا و پرۆسەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان SDF و دەوڵەتی ئەحمەد ئەلشەرع گفتوگۆی کرد.

ئەم سەفەرانە هاوکات کاردانەوەی میدیاکانی نزیک لە دەوڵەتی سووریای لێکەوتەوە. هەندێک لەم میدیایانە لە زاری سەرچاوە دیپلۆماتییەکانەوە بانگەشەی ئەوەیان کرد کە عەبدی بێ هەماهەنگی و مۆڵەتی دیمەشق ڕووی لە ئەورووپا کردووە و ئەم هەنگاوەیان بە پێچەوانەی ڕێککەوتنی تێکەڵبوون لەقەڵەم دا.

سەرەڕای ئەمەش، واقیعی یاسایی و سیاسیی هه‌نووکەیی نیشانی دەدات کە هێزەکانی سووریای دیموکرات هێشتا بە فەرمی هەڵنەوەشاونەتەوە و پرۆسەی تێکەڵبوونی ئەوان لە ناو پێکهاتەکانی دەوڵەتی سووریادا هێشتا لە قۆناغی ڕاگوزەردایە. دیمەشقییش تا ئێستا لە دانوستانە فەرمییەکاندا، مەزڵووم عەبدی هەر وەک فەرماندەی SDF بە فەرمی دەناسێت و دامەزراوە سەربازی و مەدەنییەکانی سەر بەم هێزانەش هێشتا بەردەوامن لە چالاکییەکانی خۆیان. لەم ڕوانگەیەوە، سەفەرە دەرەکییەکانی عەبدی ناتوانرێت وەک پێشێلکارییەکی ئاشکرای ڕێککەوتنی تێکەڵبوون دابنرێت.

سەرەڕای گرنگیی رەمزیی ئەم دیداریکردنانە، توانای ئەورووپا بۆ کاریگەری دانا لەسەر داهاتووی باکووری سووریا بە سنووردار دەنرخێنرێت. دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، فەرەنسا و وڵاتانی تری ئەورووپی فاقیدی هەر جۆرە ئامادەییەکی سەربازی یان چوارچێوەیەکی ئۆپەراسیۆنین لە ناوچەکەدا و ئیمکانی جێگیرکردنی هێز، دروستکردنی هێڵەکانی پشتیوانی یان بەربەست لەبەرامبەر فشارەکانی دیمەشق و تورکیایان نییە.

ئەم سنوورداربوونە بەهۆی کێشە ناوخۆییەکانی ئەورووپاشەوە توندتر بووەتەوە. فشارە ئابوورییەکان، قەیرانە سیاسییە ناوخۆییەکان و ململانێ لەسەر پرسی کۆچبەری بووەتە هۆی ئەوەی دەوڵەتە ئەورووپییەکان زیاتر لە ڕابردوو بەدوای تعامولکردندا بن لەگەڵ دیمەشق و مەیلی کەمتریان هەبێت بۆ چوونە ناو ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دەوڵەتی سووریا یان تورکیادا.

لە بەرامبەردا، تورکیا هێشتا وەک گرنگترین ئەکتەری دەرەکی لە باکووری سووریادا ئەژمار دەکرێت. هاوسێیەتیی جوگرافی، تۆڕی بەربڵاوی هەواڵگری، هەژموون لەناو گرووپە خۆجێییەکاندا، توانای ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی و بەکارهێنانی بەردەوامی درۆنەکان، کۆمەڵێک ئامرازی خستووەتە بەردەست ئەنقەرە کە هیچ وڵاتێکی ئەورووپی لێی بەهرەمەند نییە.

لەلایەکی ترەوە، دۆخی جوگرافیی ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی SDFیش شڵەژاو و ناسکە. بەشێکی زۆری شارە کوردنشینەکان لە نزیک سنووری تورکیادان و تەنیا حەسەکە تا ڕادەیەک لە سنوورەوە دوورە، بەڵام پێکهاتەی دانیشتووانەکەی بە شێوەیەکی سەرەکی عەرەبنشینە. هەر ئەم دۆخە، زامنداری (لاوازی)ی ئەم ناوچانەی لەبەرامبەر فشارە ئەمنی و هەواڵگرییەکاندا زیاد کردووە.

لە فەزایەکی لەو شێوەیەدا، بەدیهاتنی ئامانجەکانی تورکیا و دیمەشق مەرج نییە پێویستی بە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بەربڵاو هەبێت. ئۆپەراسیۆنی هەواڵگری، ڕاکێشانی هێزە خۆجێییەکان، دزەکردنە ناو تۆڕە ئەمنییەکان، تێکدەرایەتی، هێرشە ئامانجدارەکانی درۆنی و داخورانی تێپەڕبوونی کاتیی یەکگرتوویی ڕێکخراوەیی SDF دەتوانێت بێ چوونە ناو شەڕێکی ئاشکراوە، پێگەی ئەم هێزانە لاواز بکات. ڕاپۆرتەکانی ئەم دواییە سەبارەت بە ئاشکراکردنی شانە نەهێنییەکان لە دەوروبەری قامیشلۆ، وەک نیشانەیەک لەم زامندارییە ڕوو لە زیادبوونە هژمار دەکرێت.

لەم نێوەندەدا، ئیسرائیلیش بەپێچەوانەی هەندێک پێشبینی، ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی لە باکووری سووریادا نییە. هەژموونی تەلئەبیب زیاتر بۆ باشووری سووریا سنووردارە و لە باکووری وڵاتەکەدا، هاوسەنگیی هێز بە تەواوی لەژێر کاریگەریی تورکیادایە.

لەسەر ئەم بنەمایە، ئاستی کاریگەریی ئەورووپا پێدەچێت بۆ سەر بابەتگەلێکی وەک شێوازی بەشداریی نوێنەرانی کورد لە پێکهاتە نوێیەکانی سووریا، دۆخی هێزەکانی پێشووی SDF، دامەزراندنە کارگێڕییەکان، گەرەنتیی هەندێک مافی کولتووری و کاتبەندیی گواستنەوەی تێپەڕبوونی کاتیی دامەزراوە خۆجێییەکان سنووردار بمێنێتەوە.

سەرەڕای ئەمەش، داهاتووی ئەم پرۆسەیە تەنیا بەستراوە نییە بە ئەکتەرە دەرەکییەکانەوە. یەکگرتوویی ناوخۆیی SDF، کوالێتیی دانوستانەکان لەگەڵ دیمەشق، توانای بەڕێوەبردنی ناکۆکییە ناوخۆییەکان و سوودوەرگرتن لە درزەکانی نێوان ئەکتەرە ناوچەییەکان دەتوانێت کاریگەری لەسەر دەرەنجامی کۆتایی هەبێت. هەروەها ئەگەر دەوڵەتی دیمەشق لە داهاتوودا ڕووبەڕووی قەیرانی ئەمنی یان فشاری ناوچەیی نوێ ببێتەوە، لەوانە زیادبوونی گرژییەکان لەگەڵ حزبوڵڵا یان تەحەددییە ناوخۆییەکانی تر، لەوانەیە پرۆسەی چڕبوونەوەی دەسەڵات لە سووریادا خاو ببێتەوە و دەرفەتی زیاتر بۆ پاراستنی بەشێک لە دەسەڵاتە خۆجێییەکان لە ناوچە کوردنشینەکاندا بڕەخسێت.

بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا، زۆرێک لە شیکەرەوان لەو بڕوایەدان کە هەر جۆرە ڕۆڵێکی بەردەوامی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە داهاتووی سووریادا، لە کۆتاییدا پێویستی بە گەیشتن بە جۆرێک لە لێکتێگەیشتن دەبێت لەگەڵ تورکیادا؛ چونکە پشتگیریی سیاسیی ئەورووپا، بەبێ هەبوونی ئامرازی ئەمنی و سەربازی، بە تەنیایی ناتوانێت هاوسەنگیی هێز لە باکووری سووریادا بگۆڕێت.

 

نەشناڵ کۆنتێکست

News ID 227397

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha