بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەیوان سەعید، ڕۆژنامەنووس و شرۆڤەکاری پرسەکانی کوردستان، لە وتارێکدا کە لە پێگەی هەواڵیی "ئامارجی"دا بڵاوکراوەتەوە، پەرژاوەتە سەر یەکێک لە گرنگترین بابەتەکانی ئەم ڕۆژانەی فەزای سیاسیی کورد؛ ئەوەی کە ئایا عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە پشتگیریکردنی لە پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا، لە ئارمانجە مێژووییەکانی بزووتنەوەی کورد دوورکەوتووەتەوە، یان خەریکی پێناسەکردنەوەی ستراتیژی خەباتی کوردە بەپێی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە. نووسەر بە پێداچوونەوە بە گەشەسەندنی هزریی ئۆجەلان و کاردانەوە هاودژ و هاودەنگەکان، هەوڵ دەدات وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە کە ئایا ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لەسەر ڕێڕەوی سازشکردن هەنگاوی ناوە یان هێشتا پرۆژەی ڕزگاریی کورد لە قاڵبێکی نوێدا پێش دەخات.
زیاتر لە ۲۷ ساڵ بەسەر زیندانیکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلاندا تێدەپەڕێت، بەڵام ئەو هێشتا وەک گرنگترین کەسایەتیی کاریگەر لە سیاسەتی کوردیدا ماوەتەوە. سەرەڕای ئەمەش، هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی پرۆسەی نوێی گفتوگۆ لە نێوان دەوڵەتی تورکیا و بزووتنەوەی کورددا، ڕەخنەگەلێک لە ناوخۆی کۆمەڵگەی کوردیشەوە ئاڕاستەی ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کراون؛ ئەو ڕەخنانەی کە تۆمەتباری دەکەن بە دوورکەوتنەوە لە ئامانجی سەربەخۆییخوازی و تەنانەت هاوتەریببوون لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتی تورکیادا.
نووسەری ئەم دەقە پێیوایە کە تێگەیشتنێکی لەو شێوەیە، زیاتر لەوەی بەهۆی گۆڕانی هەڵوێستەکانی ئۆجەلانەوە بێت، دەرەنجامی تێگەیشتنی ناتەواوە لە گەشەسەندنی فکریی ئەو و هەروەها چاوەڕوانییە کەڵەکەبووەکانی کۆمەڵگەی کوردە دوای چەندین دەیە لە شەڕ.
بە بڕوای نووسەر، ئۆجەلانی دەیەکانی ١٩٨٠ و ١٩٩٠، ڕێبەری بزووتنەوەیەکی کلاسیکی ڕزگاریخوازی نیشتمانی بوو کە خەباتی چەکداریی بە تاکە ڕێگەی ڕووبەڕووبوونەوەی نکۆڵیکردن لە ناسنامەی کورد دەزانی. بەڵام دوای دەستبەسەرکردنی لە ساڵی ١٩٩٩دا، ئەندێشەی ئەو وەرچەرخانی بەسەردا هات. ئەو بە تێپەڕبوونی کات لە بیرۆکەی پێکهێنانی دەوڵەت-نەتەوەی کوردی دوورکەوتەوە و تیۆری "کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک"ی خستە ڕوو؛ مۆدێلێک کە لەسەر دیموکراسیی خۆجێیی، بەشداریی جەماوەری، یەکسانیی جێندەری، پاراستنی ژینگە و پێکەوەژیانی نەتەوە جیاوازەکان دامەزراوە.
لایەنگرانی ئۆجەلان ئەم گۆڕانکارییە نەک بە پاشەکشە، بەڵکو بە پێناسەکردنەوەی ستراتیژی خەبات دەزانن. لە ڕوانگەی ئەوانەوە، ئەزموونی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نیشانی داوە کە مۆدێلی دەوڵەت-نەتەوە نەک هەر کێشەی کوردی چارەسەر نەکردووە، بەڵکو بووەتە هۆی بەرهەمهێنانەوەی توندوتیژی، و بەردەوامبوونی شەڕیش تەنیا تێچووی مرۆیی زیاتر بەسەر کورددا دەسەپێنێت.
سەرەڕای ئەمەش، ڕەخنەگران دەڵێن گۆشەگیریی درێژخایەنی ئۆجەلان لە زینداندا، تێگەیشتنی ئەو بۆ واقیعەکانی سەر زەوی کەم کردووەتەوە. ئەوان پێیان وایە لە کاتێکدا دەوڵەتی تورکیا فشارە ئەمنی و سەربازییەکانی خۆی پاراستووە، بزووتنەوەی کورد چەندین جار بۆ ئاشتی ئیمتیازی داوە، بێ ئەوەی دەستکەوتی سیاسیی بەردەوام یان گەرەنتیی دەستووری بەدەست بهێنێت.
شکستی پرۆسەی ئاشتیی ساڵانی ٢٠١٣ تا ٢٠١٥ و پێکدادانە خوێناوییەکانی دوای ئەویش، ئەم ڕەشبینییەیان توندتر کردووە. زۆربەی کوردان پێیان وایە ئەزموون نیشانی داوە دەوڵەتی تورکیا زیاتر لەوەی بەدوای ئاشتەوایی ڕاستەقینەوە بێت، لە هەوڵی پاراستنی کۆنترۆڵە ئەمنییەکەیدایە.
نووسەر لە بەردەوامیدا ئاماژە بە گۆڕانکاریی نەوەکان لە کۆمەڵگەی کوردیدا دەکات. نەوەی نوێ، بەتایبەتی لە تورکیا، سووریا، عێراق و لە نێوان کۆچبەرانی کورد لە ئەورووپادا، هەمان ڕوانگەی بۆ ئۆجەلان نییە. هەندێکیان مەیلی نەتەوەیی بەهێزتریان هەیە و هەندێکی تریشیان لەژێر کاریگەریی گۆڕانکارییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکاندا، تێگەیشتنێکی جیاوازیان بۆ داهاتووی پرسی کورد بۆ دروست بووە.
بە بڕوای نووسەر، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش ڕۆڵیان هەبووە لە قووڵکردنەوەی ئەم درزەدا. ئەو باس لە چالاکیی بەربڵاوی نەیارانی ئۆجەلان لە فەزای مەجازیدا دەکات بۆ تێکدانی وێنەی ئەو، و پێیوایە بەشێک لە ڕەخنەکانی ئەمڕۆ، بەرهەمی کەمپینە ڕێکخراوە میدیاییەکانن.
یەکێک لە گرنگترین تەوەرەکانی مەقالەکە، شیکاریی تێگەیشتنی جیاوازی ئۆجەلانە لە گۆڕانکارییەکانی دوای حەوتی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣. نووسەر دەڵێت بەشێک لە ڕەوتە نەتەوەییەکانی کورد وایان وێنا دەکرد کە ئیسرائیل و ئەمریکا لە کاروانی گۆڕینی پێکهاتەی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، سەرەتا ئێران و دواتر تورکیا دەخەنە ژێر فشارەوە و ئەمەش دەبێتە دەرفەتێکی مێژوویی بۆ کورد.
بەڵام بە بڕوای نووسەر، ئۆجەلان شیکارییەکی لەو شێوەیەی بە واقیعبینانە نەدەزانی. لە ڕوانگەی ئەوەوە، نابێت چارەنووسی بزووتنەوەی کورد لەسەر بنەمای هاوکێشە جیۆپۆلەتیکییە نادڵنیاکان یان بەڵێنی هێزە دەرەکییەکان بونیاد بنرێت. هەر بۆیەش پێشوازیی لە پرۆسەی نوێی گفتوگۆ لەگەڵ ئەنقەرە کرد و هەوڵی دا سوود لەو فەزایە وەربگرێت کە دروست بووە بۆ پێشخستنی داواکارییەکانی کورد لە ڕێگەی سیاسییەوە.
نووسەر هەمان ئەم ڕێبازە لە هەمبەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاشدا دەبینێت. ئەو پێیوایە ئۆجەلان نیگەران بووە لەوەی کە ئەگەر هێزە کوردییەکانی سووریا بچنە ناو ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ڕاستەوخۆ و بەربڵاوەوە، ناوچەکە ڕووبەڕووی کارەساتێکی هاوشێوەی غەززە ببێتەوە. لەم ڕوانگەیەوە، خۆڕاگرتن (خۆپارێزی)ی مەزڵوم کۆبانی و هێزەکانی سووریای دیموکرات نەک نیشانەی لاوازی، بەڵکو هەڵبژاردنێکی ستراتیژی بووە بۆ پاراستنی دەستکەوتە سیاسییەکانی کورد.
لە بەشی کۆتاییدا، نووسەر جەخت لەسەر ئەو خاڵە دەکاتەوە کە بەشێکی گرنگی لێکتێنەگەیشتنەکان دەگەڕێتەوە بۆ لاوازیی پەیوەندییەکان. سنووردارکردنی توندی زیندان بووەتە هۆی ئەوەی ڕوانگەکانی ئۆجەلان بە شێوەی ناڕاستەوخۆ و لە ڕێگەی پارێزەران، شاندە سیاسییەکان یان پەیامە سنووردارەکانەوە بڵاو ببنەوە؛ بابەتێک کە زەمینەی بۆ تەفسیرە جیاوازەکان و هەندێک جار دژ بەیەکەکان ڕەخساندووە.
بە بڕوای نووسەر، چیتر کێشە سەرەکییەکە ئەوە نییە کە ئایا ئۆجەلان "خاین"ە یان نا، بەڵکوو ئەوەیە کە بزووتنەوەی کورد تا چەند توانیویەتی بۆ کۆمەڵگەکەی ڕوون بکاتەوە کە قوربانییەکانی چەند دەیەی ڕابردوو چۆن بە ستراتیژی سیاسیی ئەمرۆوە گرێ دەدرێنەوە و مەنزڵگەی کۆتایی ئەم ڕێگایە کوێیە.
ئەم مەقالەیە هەوڵ دەدات وەڵامی ڕەخنەکانی ئەم دواییەی سەر ئەو بداتەوە. نووسەر بەڵگە دەهێنێتەوە کە گۆڕینی ستراتیژی ئۆجەلان نەک لەبەر خۆبەدەستەوەدان، بەڵکوو ئەنجامی وەرچەرخانی تیۆری و هەڵسەنگاندنی واقیعبینانەیە بۆ هاوسەنگیی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. لە بەرامبەردا، دانی پێدا دەنێت کە شکستخواردنی پرۆسەکانی ئاشتی، تێچووی قورسی شەڕ و نەبوونی دەستکەوتی بەرجەستەی سیاسی، بووەتە هۆی ئەوەی بەشێکی بەرچاوی کۆمەڵگەی کورد بەرامبەر بە داهاتووی ئەم ستراتیژییە تووشی گومان و نائومێدی بێت. لە کۆتاییدا، مەقالەکە بڕیاردان لەسەر سەرکەوتن یان شکستی ستراتیژیی ئێستای ئۆجەلان بۆ داهاتوو و چارەنووسی پرسی کورد لە تورکیا و ناوچەکەدا بەجێ دەهێڵێت.
نووسەر: د. سەیوان سەعید، دەرچووی زانکۆی ئێکسیتەری بەریتانیا.
Your Comment