بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە سەرەڕای پێشکەوتن لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی ڕاگوزەری سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (SDF)، هێشتا ناکۆکیی گرنگ لە نێوان هەردوولادا هەیە، ئەمەش کاریگەری لەسەر ئایندەی پرۆسەی تێکەڵکردنەوەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەناو پێکهاتەی دەوڵەتدا دەبێت.
کلۆدیۆ کۆردۆن، جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا، لە کۆبوونەوەی مانگانەی ئەنجومەنی ئاسایشدا ڕایگەیاند کە پرۆسەی ڕاگواستنی سیاسی لە سووریا چووەتە قۆناغێکی "هەستیار"ەوە، و هاوکات دەرفەت و مەترسییەکان پێکەوە هاتوونەتە پێشەوە.
بە گوتەی ئەو، تا ئێستا چوار تیپی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەناو پێکهاتە نیشتمانییەکاندا تێکەڵ کراون و مووچەکانیان لە حکومەتی ناوەندی وەردەگرن. هەروەها نزیکەی هەزار و ٣٠٠ کەس لەو دەستبەسەرکراوانەی سەر بەم هێزانە بوون، ئازاد کراون.
کۆردۆن ئاماژەی بە پێشکەوتن لە گەڕانەوەی خێزانە ئاوارە کوردەکان بۆ ناوچەکانی وەک عەفرین کرد، لەگەڵ چارەسەرکردنی پرسی دانپێدانان بەو بڕوانامە خوێندنییانەی کە لەلایەن بەڕێوبەرایەتیی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاوە دەرکراون؛ ئەم هەنگاوانەشی بە دەستکەوتی گرنگی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان هەردوولا دانا.
سەرەڕای ئەمانەش، ناوبراو جەختی کردەوە کە چەند دۆسیەیەکی سەرەکی هێشتا بەبێ چارەسەر ماونەتەوە؛ لەوانەش: تێکەڵکردنی هێزەکانی ئاسایش لەناو وەزارەتی ناوخۆی سووریادا، دیاریکردنی پێگەی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (YPJ)، چۆنیەتی تێکەڵکردنی دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی مەدەنیی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەناو پێکهاتەی دەوڵەتدا، و هەروەها چارەنووسی سیستمی پەروەردە و پرۆگرامەکانی خوێندنی ئەو ناوچانە.
نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بە ڕەوتی گشتیی ڕاگواستنی سیاسی لە سووریا کرد و نیگەرانیی خۆی لە دواکەوتنی پێکهێنانی ئەنجومەنی گەل (پەرلەمان) دەربڕی و گوتی، بەردەوامیی ئەم دۆخە دەبێتە هۆی لاوازبوونی متمانەی گشتی بە پرۆسەی سیاسی.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریی دا لە بەردەوامیی چالاکییەکانی شانەکانی داعش، خراپبوونی دۆخی ئابووری و بەردەوامیی قەیرانی مرۆیی لە سووریا. بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان، لە کانونی یەکەمی ٢٠٢٤ەوە تا ئێستا نزیکەی یەک ملیۆن و ٦٠٠ هەزار پەنابەر و نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارەی ناوخۆیی بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان گەڕاونەتەوە، بەڵام پێداویستییە مرۆییەکان هێشتا بەربڵاون و بەرنامەی هاوکارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان تەنها نزیکەی ٢٠٪ی ئەو سەرچاوە داراییانەی پێگەیشتووە کە پێویستن.
نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەنجومەنی ئاسایش ڕایگەیاند کە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی ڕاگوزەری سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە؛ لەوانەش تێکەڵکردنی چوار تیپی سەربازی، ئازادکردنی زیاتر لە هەزار و ٣٠٠ دەستبەسەرکراو و چارەسەرکردنی کێشەی بڕوانامە خوێندنییەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.
News ID 227425
Your Comment