دابەشکردنی دەسەڵات لە بازنەیەکی بەتاڵ؛ پارتی و یەکێتی لە دووڕیانی دروشم و واقیعدا

پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە ٦٠٠ ڕۆژ بەسەر هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستانی عێراقدا، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی هێشتا باس لە «ئامادەیی» خۆیان بۆ پێکهێنانی حکوومەت دەکەن؛ بەڵام ناکۆکییەکانیان لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات، دانوستانەکانی لە بنبەستدا هێشتووەتەوە.

لە کاتێکدا هەرێمی کوردستانی عێراق گیرۆدەی بنبەستی سیاسی، قەیرانی ئابووری و ناکۆکیی قووڵی ناوخۆییە، سەرکردەکانی دوو پارتی سەرەکیی دەسەڵاتدار، واتە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هێشتا وەک هەمیشە دەستەواژەی دووبارەبووەوەی "ئامادەیی" بۆ ڕێککەوتن و هاوکاری بەکار دەهێنن؛ دەستەواژەیەک کە بە بڕوای زۆرێک لە چاودێران، زیاتر لەوەی نیشانەی ئیرادەی سیاسی بێت، ئامرازێکە بۆ خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی و شاردنەوەی ناکۆکییە ستراتیژییەکان.

کەشوهەوای سیاسیی هەرێم لە مانگەکانی ڕابردوودا زیاتر لە هەر کاتێکی تر تووشی سستی و چەقبەستوویی بووە. لەگەڵ ئەوەشدا، سەرکردەکانی دوو پارتی حاکم لە بەیاننامە و چاوپێکەوتنەکانیاندا بەردەوام جەخت دەکەنەوە کە "ئامادەن" بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و پێکهێنانی حکومەت. ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕەفتاری ڕاستەقینەی ئەوان نیشانی دەدات نەک هەر هیچ پێشکەوتنێک بەدەست نەهاتووە، بەڵکو هەردوولا بە تەواوی لەناو سەنگەرەکانی خۆیاندا جێگیر بوون.

نموونەیەکی ڕوونی ئەم دۆخە، قەیرانی درێژخایەنی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمە. هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤دا، دوای زیاتر لە دوو ساڵ دواکەوتن بەڕێوە چوو؛ دواکەوتنێک کە خۆی دەرئەنجامی ناکۆکی قووڵی نێوان هەردوو پارتەکە بوو لەسەر پرسە کارگێڕی و هەڵبژاردنەییەکان. بە تێپەڕبوونی زیاتر لە ٦٠٠ ڕۆژ بەسەر ئەو کاتەوە، دانوستانەکانی نێوان هەردوولا هێشتا بێ ئەنجام ماونەتەوە.

سەرباری ئەم بنبەستە، هەر دوو پارتەکە هێشتا خۆیان وەک "ئامادە بۆ ڕێککەوتن" دەردەخەن. پارتی دیموکراتی کوردستان لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٥دا ڕایگەیاندبوو کە مەسعوود بارزانی خۆی ڕاستەوخۆ بەدواداچوون بۆ پرۆسەی دانوستانەکان دەکات و بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن "ئامادەیە"، بەڵام لە هەمان کاتدا، یەکێتیی نیشتمانیی بە بەرپرسیاری شکستی گفتوگۆکان لەقەڵەم دا. چەند مانگێک دوای ئەوەش، قوباد تاڵەبانی لە یەکێتیی نیشتمانیی ڕایگەیاند: «ئێمە ئامادەین؛ من هەر بەیانیش ئامادەم.»

بەڵام واقیعی سیاسیی هەرێم نیشانی دەدات کێشە سەرەکییەکە کەمبوونی ئامادەیی نییە، بەڵکوو دژایەتیی بنەڕەتیی دیدگای هەردوو پارتەکەیە لەسەر پێکهاتەی دەسەڵات. پارتی دیموکراتی کوردستان کە لە هەڵبژاردنەکاندا دەستی باڵای هەیە، خوازیاری بەردەوامبوونی مۆدێلی حوکمرانیی ئێستا و پاراستنی باڵادەستیی سیاسیی خۆیەتی؛ مۆدێلێک کە بە بڕوای ئەم پارتە، بووەتە هۆی پێشکەوتن لە بوارەکانی ژێرخان، بانکی و کارەبادا. لە بەرامبەردا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە ساڵانێک بوو لەگەڵ لێکترازانی ناوخۆیی و کەمبوونەوەی هەژموونی سیاسی بەرەوڕوو بوو، ئێستا هەوڵ دەدات پێگەی خۆی ببوژێنێتەوە و هاوسەنگیی دەسەڵات بە قازانجی خۆی بگۆڕێت.

لە دۆخێکی ئاواهادا، گوتەی سەرکردەکانی هەردوو پارتەکە دەربارەی "قوربانیکردنی بەرژەوەندیی حزبی لەپێناو خەڵکدا" زیاتر لە دروشمی سیاسی دەچێت نەک بەرنامەیەکی ڕاستەقینە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە. ڕەخنەگران دەڵێن وشەی "ئامادەین" بە ئەنقەست ناڕوون هێڵدراوەتەوە؛ چونکە بەبێ پابەندبوونێکی دیاریکراو، ئەم دەرفەتە بۆ سیاسییەکان دەڕەخسێنێت کە لە ڕوواڵەتدا پاڵپشتی لە سازان بکەن، بەڵام لە کردەوەدا هیچ هەنگاوێک نەنێن.

ئەم نەریتی ڕەفتارکردنە تەنها بە ناکۆکیی ناوخۆیی هەرێمەوە سنووردار نییە و لە پەیوەندییە پڕ لە گرژییەکانی نێوان هەولێر و بەغداشدا بە ڕوونی دەبینرێت. یەکێک لە گرنگترین تەوەرەکانی ناکۆکیی نێوان هەردوولا، پرسی هەناردەکردنی نەوت و سیاسەتی سەربەخۆی نەوتی هەرێمە؛ بابەتێک کە ساڵانێکە لە نێوان حکومەتی ناوەندیی عێراق و هەرێمی کوردستاندا بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە.

لە درێژەی دەیەی ڕابردوودا، بەرپرسانی هەولێر چەندین جار ڕایانگەیاندووە کە بۆ ڕێککەوتنی نەوتی لەگەڵ بەغدا "ئامادەن". نێچیرڤان بارزانی لە ساڵی ٢٠١٥دا وتبووی هەولێر ئامادەیە بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی نوێی نەوتی لەگەڵ بەغدا. ئەو لە ساڵی ٢٠١٩شدا ڕایگەیاند کە هەرێم ئامادەیە ڕۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی حکومەتی عێراق بکات. چەند ساڵێک دواتریش جارێکی تر جەختی کردەوە کە هەرێم ئامادەیە بۆ چارەسەرکردنی هەموو ناکۆکییەکان لەسەر بنەمای دەستووری عێراق.

لە لایەکی ترەوە، بەرپرسانی بەغداش هەمان دەستەواژەیان بەکار هێناوە. دوای ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی هێڵی بۆریی جیهان لە ساڵی ٢٠٢٣دا، محەمەد شیاع سودانی ڕایگەیاند کە حکومەتی عێراق بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن "ئامادەیە"، بەڵام لە کردەوەدا ناکۆکییە یاسایی و داراییەکانی نێوان هەردوولا وەک خۆیان مانەوە.

ئەم دواییانەش مەسرور بارزانی لە سەردانەکەیدا بۆ بەغدا هەوڵی دا بە بەکارهێنانی هەمان زمان، وێنەیەکی هاوکاریکەر لە حکومەتی هەرێم نیشان بدات. ئەو بە ئاماژەدان بە پڕۆژەی "ڕووناکی" لە بواری کارەبادا وتی هەولێر ئامادەیە ئەزموونەکانی خۆی بخاتە بەردەست بەغدا تا حکومەتی عێراقیش بتوانێت سوودی لێ وەرگرێت.

لەگەڵ ئەوەشدا، ڕەخنەگران پێیان وایە ئاڕاستەی ئەم هەڵوێستانە زیاتر لەوەی نیشانەی هاوکاریی ڕاستەقینە بێت، هەوڵێکە بۆ بەڕێوەبردنی ڕای گشتی و خستنەئەستۆی بەرپرسیارێتی شکستەکان بۆ سەر لایەنی بەرامبەر. لە زۆر حاڵەتدا، ئەم لێدوانانە تێچوویەکی سیاسی ئەوتۆی بۆ خاوەنەکانیان نییە، چونکە تەنانەت لە کاتی شکستی دانوستانەکان یان جێبەجێ نەکردنی ڕێککەوتنەکانیشدا دەتوانن ئیدیعا بکەن کە ئەوان "ئامادەی هاوکاری" بوون.

بە بڕوای چاودێران، کێشەی سەرەکی ئەوەیە کە لێکترازانی سیاسی نێوان هەولێر و بەغدا، یان نێوان پارتی و یەکێتیی، لە زۆر حاڵەتدا ئەوەندە قووڵە کە گەیشتن بە ڕێککەوتن نزیک دەەکاتەوە لە مەحاڵ. بەڵام دانپێدانی ڕاستەوخۆ بەم واقیعە، تێچوویەکی سیاسی بەرزی هەیە؛ هەر بۆیە سەرکردە سیاسییەکان پێیان باشترە بە دووبارەکردنەوەی دەستەواژەی "ئامادەیی" و "خواستی ڕێککەوتن"، بنبەستی بەردەم بشارنەوە.

لە کۆتاییدا، ئەگەرچی ئامادەیی بۆ گفتوگۆ و سازان بەشێکی پێویستە لە هەر پرۆسەیەکی سیاسی، بەڵام لە هەرێمی کوردستاندا ئەم وشانە بەرەبەرە مانای ڕاستەقینەی خۆیان لەدەستداوە و بۆ زۆرێک لە هاووڵاتیان، زیاتر لە هەر شتێک یادخەرەوەی چەقبەستوویی، بێمتمانەیی و سیاسەتکردنی بێ ئەنجام و بێبەرھەمن.

 

نووسەر: وینسرۆپ ڕۆجەرز

News ID 227319

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha