ئۆجەلان: بەبێ بەشداریی من، پڕۆسەی ئاشتی دەکەوێتە بەر پەلاماری تێکدان

تەییب تەمەل جێگری هاوسەرۆکانی گشتیی دەم پارتی ڕایگەیاند پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک لە قۆناغێکی زۆر هەستیاردایە و یاسای چوارچێوەیی کە ماوەیەکی درێژە لە ڕۆژەڤدایە گەیشتووەتە ئاستی کۆتایی و چاوەڕوان دەکرێت ڕەشنووسەکەی لەم هەفتەیەدا لەلایەن ئاکپارتییەوە ڕادەستی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکرێت و دوای ئەوەش لە ڕۆژانی سێشەممە یان چوارشەممەدا بۆ کۆمیسیۆنی دادپەروەری ڕەوانە بکارێت و تا ڕۆژی پێنجشەممەش لە لێژنەی گشتیدا وەک یاسا پەسەند بکارێت و پاشان لەلایەن سەرۆککۆمارەوە بڕیاری لەسەر بدرێت و لە ڕۆژنامەی فەرمیدا بڵاو بکارێتەوە.

تەییب تەمەل ڕوونی کردەوە کە شاندی ئیمراڵی لە بیستی تەمووزدا لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆبوونەتەوە و بەڕێزیان دەربارەی یاسای چوارچێوەیی هەڵسەنگاندنی کردووە و گوتوویەتی ئەم یاسایە تێربەخش نییە و کەمە بەڵام دەکرێت ببێتە دەستپێکێکی گرنگ و دەبێت قۆناغ بە قۆناغ بەردەوام بێت و دەبێت ڕێگە لە بەردەم هەموو ئاستەنگییەکان بکاتەوە. تەمەل ئاماژەی بەوەش کرد کە وەک دەم پارتی لەو بڕوایەدان یاسایەک ڕێگە لە بەردەم بەڕێز ئۆجەلان نەکاتەوە تا بە ئازادی پڕۆسەکە بەڕێوە ببات کێشەی زۆر دەهێنێت چونکە خاڵی یەکەم دەبێت کردنەوەی ڕێگە بێت لە بەردەم بەڕێزیاندا نەک لە ڕێگەی شاند و کۆبوونەوەی تەسکەوە چونکە بەڕێز ئۆجەلان هەڵسەنگاندنی ئەوەی کردووە کە ئەگەر ئه‌و لە ناوەندەکەدا نەبێت زۆر هێز دەتوانن پڕۆسەکە تێکبده‌ن.

سەبارەت بە کۆبوونەوەیان لەگەڵ ئاکپارتی دوای گەڕانەوەیان لە ئیمراڵی تەییب تەمەل گوتی کە لەگەڵ بەرپرسانی ئاکپارتی دانیشتوون و هەستیارییەکانی گەل و بزووتنەوەی ئازادی و دەم پارتییان پێ گەیاندوون تا یاساکە گشتی بێت و ڕێگە لە بەردەم سیاسەتی دیموکراتیک بکاتەوە چونکە بەپێی ووتەی ئاکپارتی لە بەرامبەر ڕەشنووسەکەدا لایەنی لاواز هەیە و دەبێت زمانی یاساکە فرەوان بێت و هەروەها ووتەکەی دەوڵەت باخچەلیشیان بیر هێناونەتەوە دەربارەی سیاسەتکردنی ئۆجەلان لە پەرلەماندا چونکە دەبێت پێداویستییەکانی ئه‌و ووتەیە جێبەجێ بکرێن. تەمەل جەختی کردەوە کە ڕەشنووسی نووسراو نەدراوە بە دەستیان بەڵام داوایان کردووە بەر لە پەسەندکردن لەگەڵ موخاتەبەکاندا بەش بکارێت و بەتایبەت بزووتنەوەی ئازادی بەرچاو بگیڕێت چونکە دوای هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە هیچ ئاستەنگییەک لە جیهاندا نییە بۆ سیاسەتکردنی ئۆجەلان و نابێت گوێ لە نەتەوەپەرستەکان بگیرێت.

ئۆجەلان: بەبێ بەشداریی من، پڕۆسەی ئاشتی دەکەوێتە بەر پەلاماری تێکدان

تەییب تەمەل باسی لەوەش کرد کە لە ناو گفتوگۆکانی دەم پارتیدا ئازادیی بەڕێز ئۆجەلان خاڵی سەرەکییە چونکە بێ پێشەنگایەتیی ئەو پڕۆسەکە ناگاتە ئەنجام و سەبارەت بە گەڕانەوەی شەرڤانان و سەرکردەکانی بزووتنەوەی ئازادی و ئاوارە سیاسییەکان دەبێت هەموویان بەپێی بەرنامەیەکی زەمەنیی قۆناغ بە قۆناغ بگەڕێنەوە سەر خاکی خۆیان. هەروەها دەربارەی یاسای دژی تیرۆریش جەختی کردەوە کە دەبێت بگوڕدرێت چونکە کێشەی بۆ تەواوی کۆمەڵگە دروست کردووە و بە هۆییەوە کێشەی زمان و ناسنامەی کوردان لە چوارچێوەی یەکگرتنی دیموکراتیکدا چارەسەر دەبێت.

لە کۆتاییدا تەییب تەمەل گوتی ئامانج ئەوەیە لە مانگی ئابدا یاساکە دەربچێت و دوای تاوتوێکردنی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی و پەسەندکردنی لەلایەن ئەردۆغانەوە لە مانگی ئەیلوولدا بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و بۆ ئەمەش دەبێت پەرلەمان دەستەی بەدواداچوون دروست بکات و دەستەیەکیش بە بەشداریی بەڕێز ئۆجەلان ئامادەکاری بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بکات تا تێکەڵی ژیانی دیموکراتیک ببنەوە و جەختیشی کردەوە کە دەم پارتی و هێزە دیموکراتەکان تەنها بە تێکۆشان و ڕێکخستنبوون دەتوانن ئەم پڕۆسەیە بگەیەننە سەرکەوتن.

News ID 227632

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha