بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: «لە حکوومەتی فیدراڵیمان داوا کردووە تا ئەوەی لە توانایدا هەیە، زەمینە بۆ جێگیرکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی لە هەرێمی کوردستان بڕەخسێنێت.»
بارزانی هەروەها ڕایگەیاند کە بەشێک لەو درۆنانەی لە ڕۆژانی ڕابردوودا هەولێریان کردبووە ئامانج، لە سنووری شارۆچکە و ناوچەکانی مووسڵەوە هەڵدراون و جەختی کردەوە کە حکوومەتی فیدراڵ بەرپرسە لە ڕێگری کردن لە سەرچاوەی ئەم هێرش و هەڕەشە ئەمنییانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێم لە درێژەدا وتی کە هەرێمی کوردستان هیچ کاتێک بەشێک نەبووە لە قەیرانەکانی ناوچەکە و هەمیشە پشتیوانی لە ڕێگەچارەی ئاشتییانە کردووە، گوتیشی هەولێر ئامادەیە هەر هەنگاوێک بنێت کە لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییانی هەرێمدا بێت.
بارزانی هەروەها پشتیوانیی حکوومەتەکەی بۆ بەرنامەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بواری چاکسازی، مبارزەکردن لەگەڵ گەندەڵی و باشترکردنی ئابووری دەربڕی و زیادی کرد کە هەماهەنگیی سیاسی و ئەمنی لە نێوان هەولێر و بەغدا لە ئاستێکی باشدا دایە و هیوای خواست ئەم پەیوەندییانە زیاتر لە پێشوو بەهێزتر ببن.
ناوبراو بە جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی دەستپێکردنەوەی چالاکییەکانی پەرلەمان و پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێم، داوای هاوکاری و تەباپێکهاتنی زیاتری لایەنە سیاسییەکانی کرد و گوتی پێکهێنانی حکوومەتێک کە ڕەنگدانەوەی ویستی خەڵکی کوردستان بێت، لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییاندایە.
بارزانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی گازی لەلایەن کۆمپانیای «دانا گاز»ەوە بۆ ڕەچاوکردنی لایەنی ئەمنی گەڕاندەوە و گوتی ئەم بابەتە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی دەسەڵاتی کارەبا، بەڵام هیوای خواست کێشەکانی کارەبا و گاز لە ڕۆژانی داهاتوودا چارەسەر ببن.
ئەو هەروەها بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنیی تا ڕادەیەک بۆ ئاڵۆزییە ناوچەیییەکان و بەرزبوونەوەی نرخی جیهانیی نەوت گەڕاندەوە و ڕایگەیاند کە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ڕاسپاردووە بۆ چاوخشاندنەوە بە نرخی بنزیندا.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێم لە کۆتاییدا بە ڕەخنەگرتن لە شێوازی تەرخانکردنی خەرجییەکانی دەرهێنانی نەوت لەلایەن بەغداوە، داوای ڕەچاوکردنی دادپەروەری کرد لە دابینکردنی ماف و پشکی هەرێمی کوردستان لە سەرچاوەکانی نەوت و پێداویستییە سووتەمەنییەکان.
Your Comment