بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەم ڕاپۆرتە کە لەم دواییانەدا لەلایەن "پەیمانگای ئاشتیی کوردی"یەوە بڵاوکراوەتەوە، لێکۆڵینەوە لە دەرئەنجامەکانی تێکەڵبوونی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەناو پێکهاتەی حکوومەتی ڕاگوزەری ئەو وڵاتەدا دەکات؛ هەروەها تیشک دەخاتە سەر کاریگەرییەکانی ئەم پرۆسەیە لەسەر سیستمی حوکمرانیی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، مافی کەمینەکان و بەشداریی ژنان. نووسەرانی ڕاپۆرتەکە هۆشداری دەدەن کە دەستکەوتەکانی دەیەی ڕابردوو لە بواری بەشداریی سیاسیی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییە جیاوازەکان، یەکسانیی ڕەگەزی و پاراستنی هەمەجۆریی ڕۆشنبیری، لە ڕەوتی ئێستای تێکەڵبووندا لەوانەیە ڕووبەڕووی ئاستەنگی جدی ببنەوە.
ئەم ڕاپۆرتە لەلایەن «مێگان بۆدێت» بەڕێوەبەری توێژینەوە لە پەیمانگای ئاشتیی کوردی، «نادین ماینزا» ئەندامی دەستەی ڕاوێژکاریی پەیمانگاکە و چالاکی ناسراوی بواری ئازادییە ئایینییەکان، و «غەسسان بازۆ» ڕۆژنامەنووس و توێژەری نیشتەجێی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئامادەکراوە. نووسەران بە پشتبەستن بە چاوپێکەوتنی مەیدانی لەگەڵ بەرپرسانی بەڕێوەبەریی خۆسەر، چالاکانی مەدەنی و نوێنەرانی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییە جیاوازەکان، دۆخی ئێستای ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پێشووی بەڕێوەبەریی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایان هەڵسەنگاندووە و هۆشدارییان داوە لە کەمبوونەوەی ڕۆڵی ژنان، مەسیحییەکان، ئێزدییەکان و کەمینەکانی دیکە لە پێکهاتەی نوێی حوکمرانیدا.
هاوکات لەگەڵ پێشڕەویی ڕەوتی تێکەڵبوونی ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا لەناو پێکهاتەی حکوومەتی ڕاگوزەری ئەو وڵاتەدا، گرنگیدان بە ئەزموونی حوکمرانیی بەڕێوەبەریی خۆسەر کە لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا توانیبووی پێکەوەژیانی نێوان نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان لە بارودۆخی شەڕ، ئاوارەیی، قەیرانی ئابووری و هەڕەشە ئەمنییەکاندا بپارێزێت، زیاتر لە جاران بایەخی پەیدا کردووە.
لە کاتێکدا لە ساڵانی ڕابردوودا بەشێکی زۆری سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر گۆڕانکارییە سەربازییەکان و شەڕی دژی داعش چڕ ببووەوە، کەمتر پەرژاوەتە سەر پێکهاتەکانی حوکمرانیی خۆسەری لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی "بەڕێوەبەریی خۆسەری دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا"؛ ئەو پێکهاتانەی کە بە گوتەی لایەنگرانی، زەمینەی بەشداریی بەرفراوانی ژنان، کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان و پاراستنی ئازادییە ئایینییەکانیان فەراهەم کردبوو.
نووسەرانی ئەم ڕاپۆرتە پێیان وایە شێوازی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی تێکەڵبوون و چارەنووسی دامەزراوە خۆسەریەکانی ئێستا، نەک تەنها کاریگەری لەسەر سەقامگیریی داهاتووی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا دەبێت، بەڵکوو دەبێتە پێوەرێکی گرنگ بۆ پێوانەکردنی توانای سووریا لە پێشڕەویکردن بەرەو ئاشتییەکی بەردەوام، گشتگیر و سەقامگیر.
پێکهاتەی حوکمرانیی لەسەر بنەمای بەشداریی نەتەوە و ئایینەکان
ئەم ڕاپۆرتە زیاتر سەرنج دەخاتە سەر ناوچەی جزیرە؛ ناوچەیەک کە بەشێکی گەورەی پارێزگای حەسەکە دەگرێتەوە و یەکێکە لە هەمەجۆرترین ناوچەکانی سووریا لە ڕووی نەتەوەیی و ئایینییەوە. ئەم ناوچەیە دوای ڕێککەوتنی تێکەڵبوونی ٢٩ی کانوونی دووەم، هێشتا لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات (SDF)دا ماوەتەوە و بەو هۆیەوە زۆربەی دامەزراوە کارگێڕییەکانی هێشتا بەردەوامن لە چالاکییەکانیان.
لە چوارچێوەی بەڕێوەبەریی خۆسەردا، سیستمی ئەنجومەنەکان بە جۆرێک داڕژابوو کە دەسەڵات لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی نەتەوەیی، ئایینی و سیاسی دابەش بکرێت. ئەنجومەنی گەلی ناوچەی جزیرە پێکهاتبوو لە ٥٧ کورد، ٢٤ عەرەب، ١٧ ئاشووری-سریانی، یەک ئەرمەنی، یەک چاچانی و یەک ئێزدی.
یەکێک لە تایبەتمەندییە دیارەکانی ئەم پێکهاتەیە، سیستمی "سەرۆکایەتیی هاوبەش" یان "هاوسەرۆکی" بوو کە بەپێی ئەو سیستمە، سەرجەم پۆستە بەڕێوەبەرییەکان لەلایەن ژنێک و پیاوێکەوە بەڕێوە دەبران. ئەم میکانیزمە جیا لە دەستەبەرکردنی بەشداریی ژنان، یارمەتیدەر بوو بۆ زیادکردنی ئامادەیی نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان لە ئاستە بەڕێوەبەرییەکاندا؛ چونکە هاوسەرۆکەکان زۆرجار لە پێکهاتەی جیاواز هەڵدەبژێردران.
لە ناوچەی جزیرە، ئەنجومەنی جێبەجێکردن لەلایەن هاوسەرۆکێکی کورد و هاوسەرۆکێکی سریانییەوە بەڕێوە دەبرا و دوو جێگری عەرەب و کوردیش تێیدا ئامادە بوون. ئەم ئەنجومەنە لە سەرۆکی ١٣ دامەزراوەی جێبەجێکردن پێکهاتبوو و بە گشتی ١٢٢ هاوسەرۆک، کە پێکهاتبوون لە ٦١ ژن و ٦١ پیاو، تێیدا چالاک بوون.
سەرباری ئەمەش، بەڕێوەبەریی خۆسەری کۆتایەکی لانی کەم ٤٠٪ی بۆ ئامادەیی ژنان لە دامەزراوە جیاوازەکاندا دیاری کردبوو. لە زۆر حاڵەتدا، ڕێژەی بەشداریی ژنان لەم ئاستەش تێپەڕی؛ بە جۆرێک کە ژنان ٤٤٪ی ئەندامانی ئەنجومەنی گەلی قامیشلۆ و ٥٠٪ی ئەندامانی ئەنجومەنی گەلی ناوچەی جزیرەیان پێکدەهێنا.
یاساکانی پشتگیری لە ژنان و کەمینەکان
بە گوتەی بەرپرسانی بەڕێوەبەریی خۆسەر لە ناوچەکانی جزیرە و کۆبانێ، "هەوێنی کۆمەڵایەتی" (قرارداد اجتماعی)ی بەڕێوەبەریی خۆسەری، بنەمای سەرەکیی پاراستنی مافی ژنان، کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان و ئازادییە ئایینییەکان بوو.
یەکێک لە بەڕێوەبەرە کوردەکان لە کۆبانێ دەڵێت: ئەو یاسایانەی لە کۆبانێ و جزیرە جێبەجێ دەکران، لەسەر بنەمای پرەنسیپەکانی هەوێنی کۆمەڵایەتیی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕێکخرابوون؛ چوارچێوەیەک کە لەسەر ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی مافی ژنان، پێکەوەژیانی نێوان نەتەوە و ئایینەکان و یەکسانیی یاسایی هەموو هاووڵاتیان دامەزرابوو.
خاڵی گرنگ ئەوە بوو کە کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان و ههروەها ژنان، ڕۆڵی ڕاستەوخۆیان لە داڕشتنی ئەم یاسایانەدا هەبوو. ژنێکی ئێزدی کە سەرۆکایەتیی هاوبەشی یەکێک لە دامەزراوەکانی بەڕێوەبەریی خۆسەری لەئەستۆ بوو، دەڵێت: ژنان لە داڕشتنی یاساکانی خێزان، یاساکانی تایبەت بە ژنان و تەنانەت ڕێکخستنی هەوێنی کۆمەڵایەتیدا بەشداریی ڕاستەوخۆیان هەبووە و تەنها ڕۆڵێکی ڕواڵەتی و هێماییان نەبووە.
بەپێی گوتەی ژنێکی مەسیحیی ئاشووری-سریانی کە پێشتر لە پێکهاتەی بەڕێوەبەریی خۆسەردا چالاک بوو، مۆدێلی حوکمرانیی ئێستا دوای مشتومڕ و دەنگدان لە نێوان نوێنەرانی پێکهاتە جیاوازەکاندا هەڵبژێردرا، چونکە زۆربەیان پێیان وابوو ئەم شێوازە دەرفەتی نوێنەرایەتیکردنی هاوسەنگتری کەمینەکان فەراهەم دەکات.
نیگەرانییەکان سەبارەت بە پڕزسەی تێکەڵبوون
سەرڕای بەشداریی هەندێک کەسایەتیی بەڕێوەبەریی خۆسەر لە پێکهاتە نوێیەکەدا، ڕاپۆرتەکە باسی کەمبوونەوەی ڕۆڵی ژنان و کەمینە ئایینییەکان لە ڕەوتی تێکەڵبووندا دەکات.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ کام لەو بەربژێرانەی لەلایەن بەڕێوەبەریی کۆبانێوە بۆ پۆستەکانی بەڕێوەبەری ناوچەیی یان سەرۆکی ئاسایشی ناوچەیی پێشنیاز کرابوون، پەسەند نەکراون.
هەروەها دوو لە گرنگترین پۆستەکان کە تا ئێستا بە کەسایەتییەکانی نزیک لە هێزەکانی سووریای دیموکرات و بەڕێوەبەریی خۆسەری سپێردراون ــ پارێزگاری حەسەکە و جێگری وەزارەتی بەرگری ــ بە دوو پیاوی کوردی سوننە بەخشراون. ئەمە لە کاتێکدایە کە دانوستانکارانی بەڕێوەبەریی خۆسەر لە سەرەتادا بەربژێری ژنیان بۆ ئەم پۆستانە پێشنیاز کردبوو.
لە ئێستادا تەنها ژنێک کە لە پڕۆسەی تێکەڵبووندا پۆستێکی فەرمی وەرگرتبێت، «ئەڵماز ڕۆمی»یە کە وەک سەرۆکی شارەوانیی کۆبانێ دەستنیشان کراوە.
ڕاپۆرتەکە جەختیش دەکاتەوە کە تا ئێستا هیچ ئێزدییەک یان مەسیحییەک بۆ پۆستە بەڕێوەبەرییەکان لە چوارچێوەی ڕەوتی تێکەڵبووندا دەستنیشان نەکراوە و زۆربەی دەستنیشانکردنەکان بێ ڕاوێژ لەگەڵ دامەزراوە خۆسەریەکان ئەنجام دراون. سەرڕای ئەمەش، ژمارەیەک لە کەسە دەستنیشانکراوەکان لەو پێکهاتانە نین کە ئێستا حوکمیان بەسەردا دەکەن.
لەلایەکی دیکەوە، حکوومەتی ڕاگوزەر سووریا سیستمی سەرۆکایەتیی هاوبەش بە فەرمی ناناسێت؛ بابەتێک کە بە بڕوای ڕەخنەگران یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی دەستەبەرکردنی بەشداریی ژنان و کەمینەکانی لەناو بردووە.
هەندێک لە بەرپرسانی بەڕێوەبەریی خۆسەر دەڵێن خەریکی لێکۆڵینەوەی ڕێگاچارەی ناڕەسمین هاوشێوەی مۆدێلی پارتە لایەنگرەکانی کورد لە تورکیا؛ بەو واتایەی کە پیاوێک بە فەرمی وەک سەرۆک و ژنێک وەک جێگر بناسێنرێت، بەڵام لە کرداردا هەردووکیان بە شێوەیەکی یەکسان بەرپرسیارێتییەکان لەئەستۆ بگرن.
سڕینەوەی بەرەبەرەی زمانە خۆجێییەکان
یەکێکی دیکە لە نیگەرانییەکان کە لەم ڕاپۆرتەدا خراوەتەڕوو، کەمبوونەوەی پێگەی زمانەکانی کوردی و سریانییە لە کایەی گشتیدا.
لە کاتێکدا لە پێکهاتەی بەڕێوەبەریی خۆسەریدا، زمانەکانی عەرەبی، کوردی و سریانی هەموویان وەک زمانی فەرمی ئەژمار دەکران، حکوومەتی ڕاگوزەر سووریا تەنها زمانی عەرەبی وەک زمانی فەرمی دەناسێنێت.
کۆمەڵگەی مەسیحی ڕایگەیاندووە کە لە حەسەکە، زمانی سریانی لە هەندێک لە تابلۆ گشتییەکان سڕدراوەتەوە و ئەم زمانە لە پێکهاتە نوێیەکەدا هیچ پێگەیەکی فەرمی نییە.
ئەگەرچی بەپێی فەرمانی ژمارە ١٣ی سەرۆکایەتی کۆماری سووریا، زمانی کوردی وەک "زمانی نیشتمانی" ناسێنراوە، بەڵام ڕەخنەگران دەڵێن ئەم ناونیشانە فاقدی پێناسەیەکی یاسایی ڕوونە و هیچ گرنتییەک بۆ بەکارهێنانی لە خوێندن، فەرمانگە حکوومییەکان یان ژیانی گشتیدا دروست ناکات.
هەروەها ئەم فەرمانە، خوێندنی زمانی کوردی تەنها بۆ دوو وانەی ئارەزوومەندانە لە هەفتەیەکدا سنووردار کردووە؛ لە کاتێکدا زۆربەی کوردەکان داوای بەردەوامیی سیستمی خوێندنی دووزمانی یان فرەزمانی دەکەن.
لە هەفتەکانی ڕابردووشدا لە حەسەکە و قامیشلۆ، خۆپیشاندان لە کاردانەوە بۆ گۆڕینی تابلۆ دووزمانییەکانی (کوردی-عەرەبی) بۆ تابلۆی تەنها عەرەبی بەڕێوەچووە.
نیگەرانیی ئێزدییەکان لە گەڕانەوەی نایەکسانی
کۆمەڵگەی ئێزدیی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریاش نیگەرانیی خۆیان سەبارەت بە داهاتووی نیشانداوە.
پێش دروستبوونی بەڕێوەبەریی خۆسەری، ئێزدییەکان لە سووریا لەگەڵ سنووردارکردنی بەرفراواندا ڕووبەڕوو بوون. ئەوان نەیاندهێشت ئایینەکەیان لە بەڵگەنامە فەرمییەکاندا تۆمار بکەن، لە سازدانی ئازادانەی هەندێک ڕێوڕەسمی ئایینی بێبەش بوون و لە بابەتە یاساییەکانی وەک هاوسەرگیری، تەڵاق و میراتدا پەیڕەوی دادگاکانی شەریعەتی ئیسلامی دەکران.
ئێستا زۆرێک لە ئێزدییەکان نیگەرانن کە بەهۆی تێکەڵبوون لەناو پێکهاتە نوێیەکەدا، ئەو پاڵپشتییە یاسایی و ناسنامەییانەی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەدەستیان هێنابوو لەناو بچن؛ بەتایبەت کە حکوومەتی ڕاگوزەر سووریا هێشتا ئایینی ئێزدی وەک ئایینێکی سەربەخۆ بە فەرمی نەناسیوە.
مەسیحییەکان و دڵەڕاوکێی کۆچکردن
مەسیحییە ئاشووری-سریانییەکانیش کە لە سەرەتای دامەزراندنی بەڕێوەبەریی خۆسەریەوە لە دامەزراوە مەدەنی و ئەمنییەکاندا بەشدارییان هەبووە، سەبارەت بە داهاتووی ئامادەیی خۆیان لە سووریا نیگەرانی دەردەبڕن.
ئەم کۆمەڵگەیە لە ساڵانی ڕابردوودا هێزە ئەمنییە تایبەتەکانی خۆی پێکهێناوە و لە پاراستنی کەنیسەکان، گوندەکان و گەڕەکە مەسیحییەکان و ههروەها لە شەڕی دژی داعشدا ڕۆڵی گێڕاوە.
زۆرێک لە سەرکردە مەسیحییەکان پێیان وایە بەشداریی ڕاستەوخۆ لە پێکهاتە ئەمنی و کارگێڕییە خۆسەریەکاندا، هۆکارێکی گرنگ بووە لە پاراستنی هەستی ئاسایش لە نێوان مەسیحییەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریادا.
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەوان هۆشداری دەدەن کە لە حاڵەتی کەمبوونەوەی ڕۆڵی مەسیحییەکان لە پێکهاتەکانی حوکمرانی و ئەمنیدا، ڕەوتی کۆچکردنی ئەم کۆمەڵگەیە چڕتر دەبێتەوە. بە گوتەی ژنێکی مەسیحیی ناوچەی جزیرە، کۆمەڵگەی مەسیحی لە دەیەی ١٩٨٠وە تا ئێستا زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی خۆی لەدەستداوە و ڕوودانی قەیرانێکی نوێ دەتوانێت مانەوەی ئەم کۆمەڵگە مێژووییە لەگەڵ مەترسی جدی ڕووبەڕوو بکات.
پێشنیازەکان بۆ حکوومەتی ڕاگوزەری سووریا
نووسەرانی ڕاپۆرتەکە داوایان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە کە حکوومەتی ڕاگوزەری سووریا هان بدەن بۆ ڕەچاوکردنی چەند پرەنسیپێکی سەرەکی، لەوانە:
پاراستنی هەمەجۆریی نەتەوەیی، ئایینی و جێندەری لە دامەزراوەکانی حوکمرانیی خۆسەری و ناوچەییدا.
کۆتاییهێنان بە دەستنیشانکردنی یەکلایەنە و ئەنجامدانی دەستنیشانکردنەکان بە ڕاوێژ لەگەڵ دامەزراوە خۆسەریەکان.
سپاردنی بەرپرسیارێتییەکان بەو کەسانەی کە لە کۆمەڵگە خۆسەریەکانن و لەبەردەم ئەواندا وەڵامدەرەوە دەبن.
پاراستنی زمانەکانی کوردی و سریانی لە خوێندن، فەرمانگە حکوومییەکان و کایەی گشتیدا.
بەشداریی مانادار و ڕاستەقینەی کوردان، مەسیحییەکان، ئێزدییەکان و گرووپە نەتەوەیی و ئایینییەکانی دیکە لە دامەزراوە نیشتمانییەکانی سووریادا.
دەستەبەرکردنی ئامادەیی نوێنەرانی ڕاستەقینەی کۆمەڵگەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ڕەوتی داڕشتنی دەستووری داهاتووی وڵاتەکەدا.
ئەم ڕاپۆرتە لە کۆتاییدا دەگاتە ئەو دەرئەنجامەی کە شێوازی بەڕێوەبردنی ڕەوتی تێکەڵبوونی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا لەناو پێکهاتەی حکوومەتی نوێدا، تاقیکردنەوەیەکی گرنگ دەبێت بۆ داهاتووی سووریا و نیشانی دەدات ئایا ئەم وڵاتە دەتوانێت مۆدێلێکی لەسەر بەشداریی هەموو گرووپە نەتەوەیی، ئایینی و جێندەرییەکان دروست بکات، یان جارێکی دیکە بەرەو چڕکردنەوەی دەسەڵات و سڕینەوەی پەراوێزخراوەکان هەنگاو دەنێت.
Your Comment