ڕاپۆرتی پشکنەری گشتیی ئەمریکا لەبارەی لاوازیی بەرگری و قەرزی ۳۳ میلیاریی هەرێمی کوردستان

ڕاپۆرتێکی نوێی پشکنەری گشتیی ئەمریکا زانیاریی لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگە لە سێ مانگی سەرەتای ساڵی ۲۰۲۶ـدا ئاشکرا دەکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە ڕاپۆرتەکەی پشکێنەری گشتیی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکادا هاتووە: "پێشمەرگە سیستمی بەرگریی ئاسمانیی پێویستی نییە بۆ پاراستنی تەواوی هەرێمی کوردستان، ئەمەش وایکردووە هێزەکانی پێشمەرگە و ژێرخانی وزە لەبەردەم هێرشەکاندا زۆر لاواز بن".

وەک لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمریکا و وەزارەتی پێشمەرگە لە ئەیلوولی ۲۰۲۶ کۆتایی دێت، ئەمەش داهاتووی مەشق و راهێنان و هاوکارییە سەربازییەکان دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

لە ڕووی ئابوورییەوە، راپۆرتەکە دەڵێت: حکوومەتی هەرێمی کوردستان هێشتا ناتوانێت بێ هاوکاریی ئەمریکا خەرجییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، بەتایبەت مووچە و ئامادەیی سەربازی دابین بکات؛ ئاماژە بەوەش کراوە کە هەرێمی کوردستان ۳۳ ملیار دۆلار قەرزی لەسەرە و بە چڕی پشتی بەو بوودجەیە بەستووە کە لە بەغداوە بۆی دێت.

ڕاپۆرتەکە باس لەوەش دەکات، هەرچەندە ئەمریکا بە تەواوی لە سووریا کشاوەتەوە و ژمارەی ئەندامانی هێزەکانیشی لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی فیدراڵیی عێراقیش کەمکردوونەتەوە، بەڵام بەشێکی بەرچاوی سەربازانی لە هەرێمی کوردستان ماونەتەوە، ئەگەرچی لەوێش ژمارەیان کەمکراوەتەوە.

News ID 227233

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha