نهێنیی تووڕەیی ترەمپ لە کورد؛ لە شکستی پڕۆژەوە تا دۆزینەوە تاوانبار

دووبارەکردنەوەی تۆمەتەکانی دۆناڵد ترامپ دژی کورد سەبارەت بە «دەستبەسەرداگرتنی چەکەکانی ئەمریکا»، ئەو گومانەی بەهێز کردووە کە کۆشکی سپی خەریکی گواستنەوەی باجە سیاسییەکانی شکستی پڕۆژە ئەمنییەکانی ئەم دواییەی خۆیەتی بۆ سەر ئەکتەرە کوردەکان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، چالاکوانانی سیاسی و میدیایی پێیان وایە هێرشە زارەکییەکانی ترامپ و تۆمەتبارکردنی کورد بە بردنی چەکەکان، تەنها ناکۆکییەکی تاکتیکی نییە. بەڵکوو ڕەنگدانەوەی شکستی پڕۆژەیەکی گەورەترە بۆ ناسەقامگیرکردنی ئێران؛ پڕۆژەیەک کە ئێستا لە واشنتۆن و تەلئەبیب تووشی قەیرانی «دۆزینەوەی تاوانبار» بووە.

ترامپ لە هەفتەکانی ڕابردوودا چەندین جار بانگەشەی ئەوەی کردووە کە ئەمریکا لە ڕێگەی نێوەندگیری کوردییەوە چەکی ناردووە، بەڵام کوردەکان ئەو بارە چەکانەیان بۆ خۆیان هێشتووەتەوە. ئەو لە نوێترین لێدوانیدا وتی: «کوردەکان تەنها دەبەن، دەبەن و دەبەن، من بەڕاستی لە کورد بێئومێد بووم".»

ماڵپەڕی «نەشناڵ کانتێکست» لە ڕاپۆرتێکدا بە ناونیشانی "ترامپ کورد دەکاتە قوربانی شکستی ستراتیژییەکەی"، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم تۆمەتانە دەبێت لە چوارچێوەی شکستی پڕۆژەی فشار بۆ سەر ئێراندا بخوێندرێنەوە؛ پڕۆژەیەک کە پشتی بە هێرشی ئاسمانی، ئۆپەراسیۆنی ورد و گوشاری ئابووری بەستبوو. ڕاپۆرتەکە جەخت دەکاتەوە کە کێشە ئەسڵییەکە «دزینی چەک» نییە، بەڵکوو شکستی ئەو پڕۆژەیەیە کە لەسەر بنەمای زانیاری و هەڵسەنگاندنی هەڵە داڕژرابوو.

لە لایەکی ترەوە، «ڤلادیمیر ڤان ویلگنبێرگ»، شارەزای هۆڵەندی، ئاشکرای کردووە کە هەرچەندە ترامپ هێرش دەکاتە سەر کورد، بەڵام لە ڕاستیدا خودی ترامپ بووە کە پڕۆژەی بەکارهێنانی کوردی «ڤیتۆ» کردووە، ئەوەش بەهۆی گوشارە دیپلۆماسییەکانی تورکیا و پەیوەندییە ڕاستەوخۆکانی ئەردۆغان لەگەڵیدا.

هەژماری شرۆڤەکاری «کوردستان ووچ» پێی وایە دووبارەبوونەوەی ئەم تۆمەتانە نیشانەی ئەوەیە کە ڕەنگە بەشێکی زانیارییەکان ڕاست بن و بڕێکی سنووردار چەک لە ڕێگەی هەولێرەوە گوازرابێتەوە. ئەمەش هۆکاری گۆڕانی کتوپڕی ڕەفتاری واشنتۆن بەرامبەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان ڕوون دەکاتەوە.

بەگوێرەی ئەم شرۆڤەیە، لە مانگەکانی ڕابردوودا چەندین دۆسیە دژی باڵی نزیک لە مەسروور بارزانی کراونەتەوە، لەوانە: زیندووکردنەوەی دۆسیەی گەندەڵی و سپیکردنەوەی پارە لە ئەمریکا؛ کەمکردنەوەی هاوکارییە سەربازییەکان بۆ هێزی پێشمەرگەی سەر بە پارتی؛ گوشار خستنە سەر سەرچاوە داراییەکانی نزیک لەو حزبە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە باڵی سەربازی نزیک لە قوباد تاڵەبانی و یەکێتیی نیشتمانی هێشتا لەژێر چەتری پشتگیرییە ئەمنییەکانی ئەمریکادان. تەنانەت ترامپ ڕۆژێک پێش هێرشەکەی بۆ سەر کورد، چاوپێکەوتنێکی قوباد تاڵەبانی بڵاوکردووەتەوە، ئەمەش دەریدەخات کە ئامانجی فشارەکان بە دیاریکراوی بازنەی دەسەڵاتی مەسروور بارزانییە.

لە ناوخۆی ئەمریکاشدا، بەشێک لە کۆمارییەکان دژی ئەم هەڵوێستەی ترامپن. لاپەڕەی «کۆمارییەکانی دژی ترامپ» نووسیویەتی: «دۆستە دیکتاتۆرەکەی لە تورکیا بێگومان بەم هێرشانەی سەر کورد دڵخۆشە.»

هەروەها «جۆ کێنت»، بەرپرسی پێشووی دژەتیرۆری ئەمریکا، پڕۆژەی پێدانی چەک بە کوردی وەک «خەیاڵپڵاوییەکی ناواقیعی» ناوبرد کە بەرپرسانی ئیسرائیل بە ترامپیان فرۆشتبوو، بەڵام جەختیشی کردەوە کە کوردەکان هێشتا گرنگترین هاوپەیمانی ئەمریکان لە شەڕی تێرۆردا.

بە کورتی، ئەوەی ئەمڕۆ وەک تووڕەیی ترامپ بەرامبەر بە «کورد» دەردەکەوێت، زیاتر لەوەی پەیوەندی بە ڕاستی و دروستیی گواستنەوەی چەکەوە هەبێت، ڕەنگدانەوەی شکستی ستراتیژییەتێکی ناوچەییە کە ئێستا واشنتۆن دەیەوێت باجە سیاسییەکەی بخاتە ئەستۆی لایەنە کوردەکان.

News ID 227132

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha