بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) لە بەیاننامەیەکدا ڕەخنەی توندی لە دۆناڵد ترەمپ گرت، دوای ئەوەی ناوبراو بانگەشەی کردبوو کە ئەمریکا چەکی داوەتە کورد بۆ ئەوەی بیگەیەننە نەیارانی ئێران، بەڵام کورد چەکەکانی بۆ خۆی هەڵگرتووە. کەنەکە ڕایگەیاند: کە ئەم لێدوانانە دەچێتە چوارچێوەی پیلانێکی دوژمنکارانە و زیان بە پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان کورد و ئەمریکا دەگەیەنێت.
کەنەکە جەختی کردەوە، کە کورد بەپێی ئیرادەی سیاسی و بەها مرۆییەکانی خۆی مامەڵە دەکات و تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕوون نییە بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو بانگەشانە.
هەروەها داوای لە ترەمپ کرد، کە واز لە گشتاندنی تۆمەتەکان بهێنێت و بە ڕوونی ئەو لایەن یان گرووپانە دەستنیشان بکات کە مەبەستییەتی.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا، کەنەکە داوای لەو لایەنە کوردستانییانە کرد کە تۆمەتەکان دەیانگرێتەوە، ڕوونکردنەوەی بەپەلە بۆ ڕای گشتی بدەن.
ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئەو حزب و ڕێکخراوانەی لەناو کەنەکەدا ئەندامن، بەشدارییان لە هیچ کارێکی لەو شێوەیەدا نەکردووە.
Your Comment