بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عەلی حوسێن بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە بە شەفەق نیوزی ڕاگەیاندووە: پارتی دیموکراتی کوردستان هەموو هەوڵێک دەدات لەپێناو دروستکردنی حکوومەتێکی نوێ کوردستان لە زووترین کاتدا.
دەیشڵێت: پارتی نایەوێت بگاتە قۆناغی دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن، بەڵام ئەگەر ناکۆییەکان بە چارەسەر نەکراوی بمێننەوە، ئەم بژاردەیە لەبەرچاودەگیرێت.
عەلی حوسێن ڕاشیگەیاندووە: ئەگەر ناکۆکییەکان بە چارەسەر نەکراوی بمێننەوە و نەگەینە ڕێککەوتن، جگە لە بیرکردنەوە لە هەڵبژاردنێکی پەرلەمانی نوێ لە کوردستان؛ هیچ بژاردەیەکمان لەبەردەمدا نامێنێت.
ناوبراو وتیشی: تۆمەتبارکردنی پارتی بە کڕینی کورسی لە پەرلەمانی کوردستان بنەمای نییە و پێچەوانەی واقعە.
بەرپرسەکەی پارتی دەشڵێت: پارتی لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە دەرگای بۆ هەموو لایەنەکان کردەوە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ، زۆرێک لەو هێزانە ئەوکات ئامادە نەبوون، بەڵام ئەمڕۆ هەلومەرج گۆڕاوە، ڕەنگە هەندێک لەو هێزانە خواستی خۆیان بۆ بەشداریکردن دەرببڕن.
ناوبراو وتیشی: ئەم گۆڕانکارییە پەیوەندی بە مامەڵە یاخود کڕینی کورسی نییە، بەڵکو پەیوەندی بە ئامادەیی هەندێک لایەنی سیاسی هەیە بۆ بەشداری لە حکوومەتی ئایندە.
ئاشکراشی کردووە: پارتی بواری بۆ یەکێتیی و هەموو لایەنەکانی تر کردوەتەوە و ئامادەیی تەواوی هەیە بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەم لە زوترین کاتدا.
ناوبراو دەشڵێت: پارتی هیواخوازە کەشوهەوای دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یارمەتیدەر بێت بۆ پەلەکردن لە لێکتێگەیشتنی نێوان هێزە کوردستانییەکان، چ لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی هەرێم یاخود دانوستانی تایبەت بە بەشداری لایەنە کوردستانییەکان لە حکوومەتی فیدراڵی عێراقدا.
عەلی حوسێن وتیشی: مامەڵەی نێوان لایەنەکان بەگوێرەی ئیستحقاقی هەڵبژاردن و پێگەی سیاسی هەر لایەک دەبێت.
Your Comment