ئەردۆغان: ڕاگەیێندراوی بارەگای بارزانی بێڕێزییە و دەبێت ڕاست بکرێتەوە

دوای ئەوەی بارەگای بارزانی بە توندی وەڵامی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپەی دایەوە لەبارەی سەردانەكەی بارزانی بۆ جزیرێ و ئەوی بە "ڕەگەزپەرستی و شۆڤینیەت" ناوی برد، ئەوەش كاردانەوەی فراوانی لە توركیا لێكەوتەوە و لە نوێترین لێدوانیدا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کاردانەوەی نیشان داوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، لە کۆبوونەوەی گرووپی پەرلەمانی پارتەكەی ڕەخنەی لەو ڕاگەیەندراوە گرت کە بارەگای بارزانی، سەبارەت بە وتەکانی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە بڵاوکرایەوە و وتی: "لێرەدا دەمەوێت ئەوە ڕابگەیەنم کە بە هیچ شێوەیەک ئەو لێدوانە بێڕێز و بێسنوورانەی دوێنێ پەسەند ناکەین و بە قبووڵنەکراوی دەزانین کە هاوپەیمانمان دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپەی کردبوە ئامانج".

ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشدا، هەم عومەر چەلیک، وتەبێژی پارتەکەیان و هەم وەزارەتی دەرەوە بە ئاشکرا ناڕەزایەتی خۆیان لەوبارەیەوە دەربڕیوە و هەنگاوی دیپلۆماسی پێویست نراوە و داوای ڕوونکردنەوە کراوە، هەروەها وتیشی: "پێویستە بە زووترین کات لەم هەڵە گەورەیە پاشگەز ببنەوە و راست بکرێتەوە".

پێشتر وەزارەتی دەرەوەی توركیا، له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا وه‌ڵامی به‌یاننامه‌كه‌ی وته‌بێژی باره‌گای بارزانی دایه‌وه‌ و ڕایگه‌یاند، "ئەو بەیاننامەیەی لەلایەن نوسینگەی وتەبێژی باره‌گای بارزانییەوە، دەوڵەت باخچەلی كردوەتە ئامانج لە ناوەڕۆک و هەم لە زمانەکەیدا جێگای قبوڵكردن نییە".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، داوا لە سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان كراوه‌ سەبارەت بەو به‌یاننامه‌یه‌ "بێ ڕێزی و ئیستفزازییە"، رونکردنەوە بدات و بەپەلە رێوشوێن بگرێتەبەر.

۲۹ی مانگی ڕابردوو، مه‌سعوود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی بۆ به‌شداریكردن له‌ دوەم رۆژی سیمپۆزیەمی مەلای جزێری گه‌یشته‌ جزیرێی باکوری کوردستان، دەركەوتنی پاسەوانەكانی بەپرسانی توركیای نیگەران كرد و لەوباریەوە ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی، سەرۆكی پارتی نەته‌وه‌پەرستی توركیا (مه‌هه‌په‌) وتی، "ئەو سیمپۆزیۆمەی مەسعود بارزانی بەشداری تیادا كرد شەرمەزارییە، سەربازی بیانی ببینین لە نیشتمانەكەمان بە چەكەوە بێن و بچن".

ڕۆژی سێشەممەش بارەگای بارزانی، بە توندی وەڵامی دەوڵەت باخچەلی دایەوە و بە "ڕەگەزپەرستی و شۆڤینیەت" ناوی برد و وتیشی، "وامان دەزانی کە خودا دەوڵەت باخچەلی هیدایەت کردوە و  وازی لە ڕەگەزپەرستی و شۆڤینیەت هێناوە، بەڵام دیارە کە هێشتا گورگە بۆرەکەی جارانە ئێستا لە پێستی مەڕدا".

News ID 226566

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha