بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق، شەوی ڕابردوو لە چاوپێککەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا باسی لەوەکرد: "ڕوونە ئەوەی کراوە هێرشەکەی سەر کۆرمۆر کارێکی تیرۆریستییە و هێرشەکەش لەناوخۆدا کراوە، بۆ زانینی بکەرانیشی دەبێت چاوەڕێی ڕاپۆرتی لێکۆڵینەوە بکەین".
ناوبراو وتیشی: "لە ڕاپۆرتی هێرشەکانی پێشتردا کە ئێستا لای حکوومەتی عێراقە ناوی کەس و لایەنە هێرشکارەکە هەیە، بەڵام بەداخەوە حکوومەت ڕاپۆرتەکەی بڵاونەکردەوە، پێموایە ئەگەر ڕاپۆرتەکە بڵاوبكرایهتهوه و ڕێکار بگیرایەتەبەر، ئەم هێرشەی دوایی ڕووینەدەدا و دووبارە نەدەبووەوە".
سهبارهت بەو گرووپەش کە هێرشەکەی ئەمدواییەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆری ئەنجامداوە، وەزیری دەرەوەی عێراق ئەوەیخستەڕوو: "لایەنەکە ناسراوە و ئەو لایەنەی هێرشەکەی ئەنجامداوە گرووپێکە کە چەکی گرنگ و پێشکەوتوی هەیە".
شەوی چوارشەممەی ڕابردوو هێرشکرایەسەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ و لە ئەنجامدا ئاگرێکی گەورە لە کۆگایەکی غاز کەوتەوە، هێرشەکە هەرچەندە زیانی گیانی نەبوو، بەڵام بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستان بەڕێژەی ۸۰% کەمبوەوە.
Your Comment