بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی توركیا، لەمیانی كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرنووسەری چەند دەزگایەکی ڕاگەیاندنی وڵاتەكەی ڕایگەیاند: ئەم پرۆسەیەى لە تورکیا دەگوزەرێت، لە ڕاستیدا پرۆسەی ئاشتی نێوان تورک و کورد نییە؛ بەڵکوو پرۆسەیەکە لە نزیکەوە لەلایەن پەرلەمانەوە چاودێری دەکرێت، بە ڕاگەیاندنی ئەو رێکخراوە "تیرۆریستییە" دەستیپێکردووە کە شەڕی دەوڵەت دەکات و نیازی خۆی بۆ دانانی چەکەکانی ڕاگەیاندووە، پرۆسەی دانوستان نییە.
ناوبراو وتيشى: هیچ دانوستانێک لە نێوان ئەو رێکخراوەو دەوڵەتدا نییە و هەرگیز نەبووە، ئێمە لە لێدوانە گشتییەکانەوە دەزانین کە رێکخراوەکە بەدوای بەدیهێنانی داواکاری توندڕە و ناگەڕێت، بۆ نمونە، دەزانین کە هەندێک داواکاری وەک دامەزراندنی فیدراڵی، یان پێدانی ئیمتیازاتی دیاریکراو، یان پیادەكردنی زمانێکی فەرمی دیکە لە پاڵ زمانی تورکیدا، نەخراونەتەڕوو.
نوعمان کورتوڵموش وتیشی: ئەگەر ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی بڕیاریدا پارتی کرێکارانی کوردستان رێکخراوێکی چەکداری نەماوە، ئەوە بنەمای یاسایی بۆ پرسە بەهێزتر دەکات.
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا جەختیشی كرد لەوەی، داڕشتنی یاسا ئاسانە؛ نوێنەری هەموو لایەنەکان ئامادە دەبن، خاڵی هاوبەش دەدۆزرێتەوە، و باوەڕم پێ بکەن، بەتایبەت دوای ئەوەی لایەنەکان گەیشتنە ڕێککەوتن، دەتوانن هەر یاسایەکتان بوێت لە پەرلەمان لە ماوەی سێ بۆ پێنج رۆژدا دەربکرێت، مەسەلەکە خودی داڕشتنی یاساکە نییە، بەڵکو دڵنیابوونە لەوەی پێشوەختە پرۆسەکە بە باشی بەڕێوەدەچێت و خەڵک ئامادەیە بۆ ئەو پرسە.
Your Comment